موسه‌نا ئه‌مین: كازمى هه‌وڵ بۆ مانه‌وه‌ى خۆى ده‌دات راپۆرت و شیکاری

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

موسه‌نا ئه‌مین په‌رله‌مانتارى كورد له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مسته‌فا كازمى هه‌وڵ بۆ مانه‌وه‌ى خۆى له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌دات و ته‌نانه‌ت ده‌شڵێ، "به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت گوایه‌ ئاسانكارى بۆ خۆپیشانده‌ران كردووه‌".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25/ ئه‌یلوول/2022 موسه‌نا ئه‌مین له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌ هه‌وڵه‌كانى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كرد، کە بۆ مانه‌وه‌ى خۆى له‌ خولێكى ترى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تدا دەیدات.

موسه‌نا ئه‌مین گوتى، "کازمی کە ماوەی بەسەرچووە و دەیەوێت تازە ببێتەوە، بێگومان سه‌ردانه‌كه‌ى نیویۆرك و ئەو جۆره‌ سەردانانە بەکاردێنێت بۆ خۆناساندن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیدارەی بایدن. هەوڵ دەدات لەم رێگەیەوە دەرفەتێکی نوێ بۆ خۆی ببینێتەوە، ئەمە وەکو هەوڵە دەرەکییەکان و لایەنە سیاسیەکانی تری پەیوەندیدار بە مەلەفەکانی عێراقەوە، ئەو هەوڵە بۆ خۆی دەدات"

ره‌نگه‌ ئه‌م جاره‌ خۆپیشانده‌ران رووبه‌ڕووى حكومه‌تى كازمى ببنه‌وه‌ 
 

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر میدیاى عێراقى باسیان له‌وه‌ كرد، مسته‌فا كازمى هه‌وڵى داوه‌ له‌ برى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌ بێت، تا له‌وێ هه‌وڵ بۆ مانه‌وه‌ى خۆى بدات، ته‌نانه‌ت میدیاكانى عێراق كۆبوونه‌وه‌كه‌ى مسته‌فا كازمیان له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆكى ئێران وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك به‌كارهێنا بۆ دروستى ئه‌و لێكدانه‌وه‌یان. موسه‌نا ئه‌مین له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت، باسى له‌وه‌ كرد ئه‌م خاڵه‌ له‌سه‌ر كازمى هه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵى مانه‌وه‌ى خۆى ده‌دات، ئه‌و هه‌وڵانه‌یشى له‌ ناوخۆى عێراق تێبینى كراوه‌. 

موسه‌نا ئه‌مین گوتى، "لە ناوخۆی عێراقیش كازمى لە هەوڵه‌كانى بەردەوامە، ته‌نانه‌ت پێشتر تۆمەتبار دەکرا بەوەی ئاسانکاری کردووە بۆ خۆپیشاندەرانیش بۆ ئەوەی کە دانیشتنەکەی پەرلەمان نەکرێت، سەرۆک کۆماری نوێ دانەنرێت، لەو رێگەیەوە تەکلیفی سەرۆک وەزیرانی نوێش نەکرێت، بۆ ئەوەی کە دەرفەتێکیتری دەست کەوێت، ئەو تۆمەتەشیی لێدەدرا".

چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ خۆپیشاندانه‌كانى تشرین ده‌ستپێبكاته‌وه‌، بۆیه‌ پرسیارى ئه‌وه‌یش ده‌كرێت، ئه‌مه‌ چه‌ند له‌ خزمه‌تى حكومه‌تى كازمى دایه‌؟ موسه‌نا ئه‌مین له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ، "بێگومان عیراق کراوەیە لەبەردەم هەموو ئەگەرەکان، یەکێ لەم ئەگەرانە دروستکردنەوەی خۆپیشاندەرانە جارێکیتر ئەو نائارامییە دەرفەت دەدا بە کازمی زیاتر لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە خۆی بسەلمێنێ، بەڵام ئەمە چەکێکی دووسەرەیە رەنگە تووشى رووبەرووبوون ببێتەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران، ئەوە ببێتە مایەی ئه‌وه‌ى تەمەنی حكومه‌ته‌كه‌ى زیاتر کورتر ببێتەوە، بەڵام تا ئێستا خۆپیشاندانەکان خزمەتی مانەوەی کازمی کردووە".

موسه‌نا ئه‌مین په‌رله‌مانتار له‌كۆتایى قسه‌كانى باسى له‌وه‌ كرد، ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێستا هه‌یه‌ نازانرێ تاكه‌ى به‌رده‌وا ده‌بێت و جیا له‌مه‌یش ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م جاره‌ خۆپیشانده‌ران رووبه‌ڕووى حكومه‌ته‌كه‌ى كازمى ببنه‌وه‌ و حكومه‌تیش سه‌ركوتیان بكاته‌وه‌. موسه‌نا ئه‌مین گوتى، "لەوانەشە ئه‌م جاره‌ کێشەی گەوره‌ بۆ کازمی دروست بێت، ببێتە بەرپرسی کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، ئەو ئەگەرەشی هەیە".

حكومه‌تى كازمى له‌ مانگى ئایارى 2020 له‌ دواى حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى دانرا، وه‌ك حكومه‌تیكى كاتى. مسته‌فا كازمى كه‌ پێشتر به‌رپرسى هه‌واڵگرى عێراق بوو، ئه‌ركى ئه‌وه‌ى پێدرا، له‌گه‌ڵ ستافى حكومه‌ته‌كه‌ كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بكات و ئه‌وه‌ بوو  هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین