نارەزایەتییەکان لە دژی دانانی قەیووم لە باکووری کوردستان فراوانتر دەبێت وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

دەم پارتی بەرامبەر بە دانانی قەیووم لە شوێنی سەرۆکی شارەوانییەکانی مێردین و باتمان و خەلفەتی و ئێسێنیورت لە باکووری کوردستان لە گرتبوونەوەیەکدا نارەزاییەتیان دەربڕی و ئەمڕۆش خۆپیشاندان لە مێردین بەردەوام دەبێت.

ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد

ماڵپەڕی (بیرگون) لە راپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر نارەزاییەکانى شاری وان دوێنی نارەزایی لەدژی دانانی قەیووم ئەنجامدرا، بە بەشداری سێزای تەمەلی جێگری سەرۆکی گروپی دەم پارتی و چەندین پەرلەمانتاری ئەو پارتە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان بەشداری گرتبوونەوەکە بوون.

لە خۆپیشاندانەکانی شاری وانی باکووری کوردستان سێزای تەمەلی رایگەیاند، "ئەو دەستەی بۆ ئێمە درێژکراوەتەوە ئەگەر بۆ ئاشتی و دیموکراسی بێت لەلامان گرینگە، دەم پارتی لەو شوێنەیە کە چارەسەری کێشەی کورد و دیموکراسی و ئاشتی لێیە، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت ئەو پرۆسییە و ئەو دەستە بوەستێنن با باش بزانن تاوەکو ئێمە مابین خەبات و ئاشتی و دیموکراسی بەردەوام لە گەشەکردن دەبێت."

سەرۆکی گروپی دەم پارت ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمڕۆ لە تورکیا ئەوانەی دیموکرسییان دەوێت و دژی قەیووم دانان بەردەوامن لە بەرزکردنەوەی دەنگی خۆیان، ئێمە دیموکراسی مان دەوێت نەک قەیووم، ئەو نارەزایەتییە مافی خۆمانە، بەڵام سەیری دەوروبەرمان دەکەین لە پارێزگای وان جۆرە عەقڵیەتێکی هەیە، تاوانی دەستووری پەیرەو دەکرێ، ئێمە هەرگیز بەمە رازینابین."

لەدوای خوێندنەوەی بەیاننامەکەیان لەلایەن ئەندامانی دەم پارتییەوە پێکدادان و گرژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران ڕوویدا، بەهۆی بەکارهێنانی گازی بیبەر بڵاوەیان بە خۆپیشندانەکە کرد، هەروەها چوار کەسیش دەستگیرکرا.

لە ڕۆژی چوارى ئەم مانگە دەم پارتی بەهۆی دانانی قەیووم سکاڵای یاسایی لە سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا تۆمارکرد و داوای کردووە بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.

ماڵپەڕی (T24) بڵایکردەوە، سەبارەت بەدەستگیرکردنی خۆپیشاندەران عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، "لە خۆپیشاندان و چالاکییەکانی شارەکانی باکووری کوردستان دژی دانانی قەیووم (235) کەس دەستبەسەر کراون، هەروەها لە سۆشیاڵ میدیا بە بیانووی تێوەگلاوییان و پاڵپشتیان لەو چالاکییانە نزیکەی (217) ئەکاونت دیاریکراوە و ڕێوشوێنی ئەمنی بەرامبەر بە بەڕێوەبەرەکانیان گیراوەتەبەر."

وەزیری ناوخۆی تورکیا سەبارەت بە دانانی قەیووم لە شوێنی سەرۆکی شارەوانییەکانی دەم پارتی دەشڵێت، "ڕێگە بەهیچ کەسێک نادەین بەهۆی تیرۆرەوە هەڕەشە لە تورکیا بکات، لە (47) شاردا نزیکەی (235) کەسمان دەستبەسەر کردووە."

یەرلیکایا ئاماژە بە قسەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و رایدەگەیێنێت، "رێگە بەهیچ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی نادەین هەڕەشە لە تورکیا بکات، ئێمە تاوەکو ئێستا و لە داهاتووش رێزمان لە سیاسەتی خۆمان گرتووە و بەڵام بەرگەی سیاسەتی هەڕەشە ناگرین."

سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت دانانی قەیووم دەڵێت، "ئێمە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا رامانگەیاند، ئەوەی شایستەی پۆستەکەی بێت بێگومان لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی پۆستەکەی بەخراپی بەکاربێنێت باجەکەی دەدات، هەرگیز سیاسەتی مەدەنی و دیموکراسی و تیرۆر لەسەر یەک کوسی شوێنیان نابێتەوە، هەرگیز لە هیچ شوێنێک هەڵبژاردن ماف بەو کەسەنادات کە دەست لەگەڵ تیرۆر تێکەڵ بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین