مەزڵوم عەبدی: هیچ جۆرە پەیوەندییەكمان بە ئەنجامدەرانی هێرشەكەی (23)ـی ئۆكتۆبەری ئەنقەرەوە نییە
نوچە نێت
وەرگێرانی: چنوور جەعفەر ئەحمەد - زانکۆی سۆران
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر ڕەتێدەكاتەوە هێرشبەرەكانی (23)ـی ئۆكتۆبەری (2024) سەر كۆمەڵگە سەربازییەكەی ئەنقەرە لە سنووری ڕۆژئاوای كوردستانەوە چووبنەتە نێو خاكی توركیا و دەشڵێت، "ئەنجامدەرانی هێرشەكەش ناناسین."
ئەو ماڵپەڕە ئاشكرای دەكات كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی نێوەندگیریی لە نێوان ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای سووریا و توركیا بینیوە و مەزڵوم عەبدیش ڕەتی ناكاتەوە و ڕایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوەیە، ئێمە لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە داواکارییەکانی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی تورکیامان گواستووەتەوە. ئێمە لە هەمان کاتدا باسمان لە پرسەکانی پەیوەست بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا خۆی کردووە و ڕوونمان کردووەتەوە، کە ئێمە هیچ مەترسییەکمان نییە و ڕێگە بە هێرشکردنە سەر هیچ کام لە دراوسێکانمان نادەین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمەوە."
دەقی دیمانەكەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لەگەڵ ئەلمۆنیتۆر:
ئەلمۆنیتۆر: حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە هێرشەکەی (23)ـی ئۆکتۆبەریان بۆ سەر کۆمەڵگەی سەربازیی دەوڵەتی ئەنقەرە ئەنجامدا، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاتوونەتە تورکیا و دوایین شەپۆلی هێرشەکانی لە دژی ئێوە پاساوی هێناوەتەوە لەسەر ئەو بنەمایانە؟
مەزڵوم عەبدی: کاتێک گوێمان لەو تۆمەتانە بوو دەستبەجێ لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد و دڵنیاتان دەکەمەوە، کە ئەو ئیدیعایانە بە تەواوی بێ بنەمان. هێرشبەرەکان لە ڕۆژائاوە نەچوونەتە ناو تورکیا و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیمان بە هێرشەکە و ئەو کەسانەدا نییە، کە ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە. ئێمە دەستدرێژکاران ناناسین.
ئەلمۆنیتۆر: کەواتە بۆچی جارێکی تر تورکیا هێرش دەکاتە سەرتان؟ دوایین بارودۆخی ناوچەکە چییە؟
مەزڵوم عەبدی: هێرشی تورکیا پێی ناوەتە پێنجەمین ڕۆژی خۆی. تا ئێستا لانی کەم (17) کەس گیانیان لەدەستداوە. دوو کەسیان چەکداری ئێمە بوون، ئەوانی تر هەموویان مەدەنین، زیاتر لە (50) کەس بریندار بوون، نۆ کەسیان شەڕڤانن، ئەمڕۆ خەڵک بە هەمان شێوە شەهید بوون.
تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە وەک تۆڵەسەندنەوەیەک مامەڵە دەکات بۆ کارێک، کە ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵیدا نییە، کارێک کە پەکەکە ئیدیعای کردبوو، پارتی کرێکاران ناسنامەکانی ئاشکرا کرد و مەبەستی خۆی ڕوون کردەوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە لێرە لە ڕۆژئاوا.
هۆکاری ڕاستەقینەی ئەوەی کە تورکیا ئەمڕۆ وەک ڕابردوو ئێمە دەکاتە ئامانج، ڕوونە. دەیەوێت ئێمە و پێگەمان نەهێڵێت، ئەو خۆبەڕێوەبردنە و سیستمی حوکمڕانییە نەهێڵێت کە ئێمە لێرە بنیاتمان ناوە. هەربۆیە جارێکی دیکە تورکیا هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی گرینگمان کە بۆ پێداویستییە ڕۆژانەکانی گەلەکەمان زۆر گرنگە بۆ مانەوەی ئابووریمان زۆر گرنگە. هێرش دەکەنە سەر کلینیکەکان، نانەواخانەکان، وێستگەکانی کارەبا، وێستگەکانی هایدرۆلیک، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتمان. فڕۆکەی جەنگی ئێف (16) و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە بۆ لەناوبردنیان بەکاردەهێنن. گەلەکەمان دەکوژرێت، بریندار دەکرێت، بە زۆر ئاوارە دەکرێت. ئەوان تیرۆر دەکرێن.
ئێمە لایەنێکی ئەم ململانێیە نین. کەچی جارێکی تر تورکیا وا لە خەڵکی بێتاوان دەکات لە خاکەکانماندا باجەکەی بدەن. ئەمەش جێگەی قبوڵکردن نییە و پێویستە دەستبەجێ بوەستێت.
ئەلمۆنیتۆر: زۆر کەس پرسیار دەکەن کە بۆچی تورکیا هێرش دەکاتە سەرتان، لە کاتێکدا حکومەت کۆتایی بە گۆشەگیریی عەبدوڵڵا ئۆجالان هێنا، وادیارە لەگەڵیدا لە گفتوگۆدایە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی کورد. تەنانەت هەواڵێک هەبوو کە حکومەتی تورکیا لە چوارچێوەی ئەم خولە نوێیەدا پەیوەندی لەگەڵ ئێوەدا هەبووە.
ئایا لە لایەن بەرپرسانی تورکیاوە پەیوەندیت پێوە کراوە؟ ئێمە دەزانین سەرۆك (نێچیرڤان بارزانی) لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان ئێوە و ئەنقەرەدا دەدا. ئایا ڕۆژاڤا وەک بەشێک لەم گوتووێژانە لەسەر مێزێکە وەک ئەوەی لە (2013) لە کۆتا خولی دانوستانەکانی ئاشتیدا بوو. کاتێک تورکیا لە بنەڕەتدا پێی گوتیت لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا یەکبگرن و دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی و هاوشێوەکانی لەبیر بکەن؟
مەزڵوم عەبدی: نەخێر، تا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی تورکیاوە لەم بابەتە پەیوەندیمان پێوە نەکراوە. پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوەیە، واتا هاوپەیمانی و جەوهەری ئەو ئاڵوگۆڕانە سنووردارە بە دۆخی ئەمنی. ئێمە لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە داواکارییەکانی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی تورکیامان گواستووەتەوە. ئێمە لە هەمان کاتدا باسمان لە پرسەکانی پەیوەست بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا خۆی کردووە و ڕوونمان کردووەتەوە، کە ئێمە هیچ مەترسییەکمان نییە و ڕێگە بە هێرشکردنە سەر هیچ کام لە دراوسێکانمان نادەین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێمەوە.
هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە ڕۆژائاو و خواستی بۆ داڕمانی تەواوەتی، زانیارییەکی گشتییە و ڕوونە. لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا هەڵوێستیان وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوان هەم لە ڕێگەی لایەنی سێیەمەوە و هەم لە لێدوانە گشتییەکانیاندا ئەمەیان گەیاندووە.
ئەلمۆنیتەر: ئایا هیچ هەنگاوێکی تایبەتیان خستۆتە ڕوو کە دەیانەوێت بیگرنە بەر، بۆ نموونە وەک توانەوەی یەکگرتنی هێزەکانتان بۆ ناو سوپای عەرەبی سووریا؟
مەزڵوم عەبدی: نەخێر. بەڵام هەر ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەر جۆرە مافێک بۆ کوردەکانی سوریا (ڕۆژئاڤا) ڕەتدەکردەوە و لەگەڵ ئەنقەرە ڕێگری لە بەشداریکردنمان دەکرد، لە دانوستانەکانی جنێڤ کە نەتەوە یەکگرتووەکان سپۆنسەری دەکرد. هەر زوو دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی ناو ئۆپۆزسیۆنی سوننە کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، لەگەڵ سوپای تورکیا دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەرمان، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامن.
با زۆر ڕوون بم، ئەگەر نەهێشتنی پێگەی ئێمە لێرە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بابەتی هەر دانوستانێکی ئاشتی بێت، ئەوا شکست دەهێنن. بەڵام ئەگەر گۆڕانکاری له سیاسه تی کوردی تورکیا ڕووبدات وچارەسەرییهک لەناو تورکیادا پەرەبسەنێت، کوردەکانی سووریاش پشتیوانی ئەم پرۆسەی چارەسەرییە دەکەن. ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر بڕیارنامەی سیاسی لە سوریا دەبێت، پێویستە کێشەی کوردەکانی تورکیا بە پلەی یەکەم لە سنوورەکانی تورکیا چارەسەر بکرێت. ئێمە بە دڵ و گیان پشتیوانی لە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد لە تورکیا دەکەین. ئێمە پێمان وایە کە دەرئەنجامێکی سەرکەوتوو کاردانەوەی ئەرێنی بۆ کوردەکانی سوریا دەبێت وەک چۆن بۆ کوردەکانی شوێنەکانی دیکە.
ئەو کاتە بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەنقەرە باشتر دەبوو وئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر هەوڵەکانمان دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لەگەڵ ڕژێمی سوریادا، ئێمە هەمیشە گوتوومانە پەیوەندی ئاشتیانەمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان دەوێت وهیچ نیازێکی دوژمنکارانەمان بەرامبەریان نییە. بەڵام دووبارەی دەکەمەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی ئێمە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا نە واقیعییە ونە قبوڵکراوە و بەرەنگاری هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە دەبینەوە. ئێمە کوردی سوریاین و ناونیشان بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە سوریا دیمەشقە نەک ئەنقەرە.
ئەلمۆنیتۆر: چی دەکەیت ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێت بڵێت شوێن فەرمانی ئەنقەرە بکەوە و ئیدارەی خۆت و هاوشێوەکانی هەڵبوەشێنەوە؟
مەزڵوم عەبدی: ئۆجالان هەرگیز هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەی لە ئێمە نەدەکرد.
ئەلمۆنیتۆر: ئەمریکا و هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی دیکەت چی دەکەن بۆ یارمەتیدان لەم کاتەدا؟
مەزڵوم عەبدی: ماوەیەکە بە هاوپەیمانانمان دەڵێین فشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر گەلەکەمان بهێنێت، ئەم هێرشانە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامیش دەخاتە مەترسییەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ئێمە ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ داهاتێکی بەرچاومان لەدەستداوە، بۆیە لە هەوڵداین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی گەلەکەمان کە لە ئێستاوە بەدەست سزاکانی سەر هەموو سووریا و ئەو گەمارۆ ئابوورییەی کە بەسەرماندا سەپێنراوە لەلایەن ناوخۆو دەرەوە. قەیرانی ئابووری دەیان هەزار گەنجمانی بێکارکردووە، وایکردوە ببنە نێچیری دامەزراندن لە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا. بەڵام جارێکی تر هاوبەشەکانی هاوپەیمانیمان شکستمان پێدەهێنن. ئەوان فشاری پێویست بۆ سنووردارکردنی کردەوەکانی تورکیا جێبەجێ ناکەن. ئێمە دەمانەوێت ئەم پەرەسەندنە بوەستێت.
ئەلمۆنیتۆر: ئەی ڕووسەکان و ڕژێم؟
مەزڵوم عەبدی: ڕووسەکانیش بەشی پێویست هاوکاری نین. سەبارەت بە ڕژێمی سوریاش بە هیچ شێوەیەک هیچ ناکەن، ئەوان بە تەواوی بێباکن، بەرامبەر بەو هێرشانە، هەرچەندە لەسەر خاکی سەروەری سوریا ئەنجام دەدرێن.
ئەلمۆنیتۆر: تۆ گوتت چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەی کوردی تورکیا دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێم. پێت ئەوە چۆن کاریگەری دەبێت و کار دەکات؟
مەزڵوم عەبدی: تا ئەو کاتەی ڕێبازی تورکیا بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ دیمەشق لەسەر بنەمای یەکخستنی هێزەکانی دژ بە کورد بێت، دیارە ناتوانێت. هەرچەندە ئەوە بیرکردنەوەیانە بەداخەوە. بەڵام دیمەشق داواکاری خۆی هەیە، دەیەوێت تورکیا چارەسەری مەترسییە ئەمنییە گەورەکەی خۆی بکات، وەک حەیات تەحریر، شام و گروپە چەکدارەکانی دیکە لە ئیدلب. زیاتر لە ملیۆنێک چەکدار و خێزانیان هەیە. هەرگیز متمانەیان بەو ڕژێمە نەدەکرد، تورکیاش پەنایان بۆ نەدەدا، زۆر قورسە بیهێنیتە بەرچاوت کە تورکیا بتوانێت ئەوەی دیمەشق دەیەوێت بیگەیەنێت.
ئەلمۆنیتۆر: لە سەر تێبینییەکی ئەرێنیتر، تێدەگەین کە دانوستانە هاوبەشەکانی نێوان پارتی یەکێتی دیموکرات، کە بەشێکە لە ئیدارەی خۆسەری و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان بڕیارە دەست پێ بکاتەوە. دوای ئەوەی بەشداریکردنی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەربەتورکیای راگرت بەهۆی بەردەوامی پێشێلکارییەکان لە عەفرین.
مەزڵوم عەبدی: ئەوە ڕاستە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لێرە ئاسانکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، پێشبینی دەکەین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەو شوێنەی کە بەجێمان هێشتبوو دەست پێبکەینەوە.
ئەلمۆنیتۆر: ئەگەر کاتت هەبێت بۆ یەک پرسیاری کۆتایی، دۆخی عەشیرەتە عەرەبەکانی دێرەزوور چۆنە؟
مەزڵوم عەبدی: زۆر باشترە، ئێمە ئەنجومەنێکی سەربازیی نوێ و ئیدارەیەکی مەدەنی نوێمان لەوێ داناوە. سەرەڕای هەوڵەکانی ڕژێم بۆ چەوساندنەوەی هۆزەکان، ئەوان پابەندن بە کارکردن لەگەڵ ئێمە.
سەرچاوە: ئەلمۆنیتۆر
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment