چه‌ند پێكهاته‌یه‌ك بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن
په‌رله‌مانتارانى پێكهاته‌ى مه‌سیحى و توركمان و ئێزدى و شه‌به‌ك، بڕیاریان داوه‌ بایكۆتى ئه‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌مان بكه‌ن، كه‌ بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساى دادگاى فیدڕاڵى به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ده‌ڵێن له‌ یاساى دادگاكه‌ نادادپه‌روه‌ریمان ده‌رهه‌ق كراوه‌.

به‌یدا  خزر سه‌لمان په‌رله‌مانتارى مه‌سیحى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10ى ئادار له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى ده‌كات كه‌ په‌رله‌مانتارانى پێكهاته‌ى مه‌سیحى و توركمان و ئێزدى و شه‌به‌ك بڕیاریان داوه‌ بایكۆتى ئه‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌مان بكه‌ن كه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ یاساى دادگاى فیدڕاڵى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له‌ لێدوانه‌كه‌ى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى "العالم" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌یدا  گوتوویه‌تى ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمى یاداشتێكى ناڕه‌زایى به‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌ده‌ن، چونكه‌ له‌ یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى هاتووه‌ " له‌ یاساكه‌ هاتووه‌ ئه‌گه‌ر دادوه‌ر سه‌ربه‌ یه‌كێك له‌ كه‌مینه‌كان بێت ئه‌وا مافى ده‌نگدانى له‌ناو دادگاى فیدڕاڵى نییه‌ و ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور و یاسایه‌".

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى په‌رله‌مانتاره‌ مه‌سیحیه‌كه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ، دواى پێشكه‌شكردنى یاداشته‌كه‌یان ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرا، ئه‌وا پێكهاته‌كانى سه‌ره‌وه‌ بایكۆتى دانیشتنى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن و دواتریش تانه‌ له‌ یاساكه‌ ده‌كه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ى مافه‌كانیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین