سەلاحەددینی ئەییووبی و دروستکردنی سیمبول بیروڕا

نوچە نێت: تایبەت

ئایا ئەفسانە (گەل)ێکی پەرت یەک دەخات؟

پ.ی.د. کامه‌ران محه‌مه‌د

سەلاحەددینی ئەیوبی، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی لە مێژووی یادەوه‌ریی کوردیدا زۆرترین مشتومڕی لەسەرە. سەرەڕای ڕەچەڵەکەکەی کە کوردە، بەڵام میراتەکەی چەمکی ناسیۆنالیزمی کوردیی نوێ تێدەپەڕێنێت، بەوپێیەی دەسەڵاتی ئەیوبی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئیمپراتۆریەتێکی ئیسلامی فرە نەژادی دەکرد، نەک دەوڵەتێکی  نەتەوەیی کوردی. ئەم دژایەتییە لە نێوان بنەڕەتە نەتەوەیی و پڕۆژە سیاسییەکەیدا، کرۆکی مشتومڕەکانە دەربارەی ڕۆڵی ئەو وەک سیمبولێک بۆ کورد. واته‌ لە کاتێکدا بەشێک لە کوردەکان وەک کەسایەتییەکی دوور و خەمسارد بەرامبەر کاروباری کوردەکان لێیده‌ڕوانن، بەڵام بەپێچەوانەوە هەندێکی تر بە سیمبولی گەورەیی کورد و (پاڵەوانی یەکێتی) دەزانن.

 ئەم دابەشبوونە پرسیاری گرنگ دەربارەی چۆنێتی بونیادنانی ئەفسانە دەوروژێنێت و دواتر چۆن کەسایەتییە مێژووییەکان دەتوانن لە پێکهێنانی هۆشیاری نەتەوەییدا پشکداریی بکەن. که‌واته‌ بۆ تێگەیشتن لەوەی کە دەشێت که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک سه‌لاحه‌ددین ببێتە ئەفسانەیەکی یەکگرتوو، دەبێت په‌ی به‌ (دروستکردنی ئەفسانە و ڕۆڵی کەسایەتییە سیمبولییەکان) و (میکانیزمەکانی دروستکردنی ئەفسانەی مێژوویی) ببه‌ین، دواتر سوود لە نموونەی هاوشێوە وەربگرین و ئاڵنگارییەکانی یەکخستنی گەلێکی پەرتی وه‌ک کورد (لەڕووی جیوگرافی و کۆمەڵایەتییەوە) لە دەوری سیمبولێکی هاوبەش شیبکەینەوە.

قەیرانی شوناسی کورد: پەرتیی و دابەشبوون 

کورد لە مێژە بەدەست پارچەپارچەبوونی جیوگرافی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییەوە دەناڵێنێت، ئەم پارچەپارچەبوونە ڕێگر بووە لەبەردەم بونیادنانی (دامەزراوەی نەتەوەیی یەکگرتوو) و (گێڕانەوەی مێژوویی هاوبەش). بۆیە لەناوکۆیەکی وەهادا، کەسایەتی و کردارە پاڵەوانێتییەکان وەک ئامرازێک بۆ یادەوەری بەکۆمەڵ و بونیادنانی ناسنامە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن .

 هەرچەندە دەرکەوتن و شکۆمەندی سەلاحەددینی ئەیوبی، لە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی کوردییەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئاین و سیاسەتەوە بوو، بەڵام هەرگیز بنەڕەتە کوردەوارییەکەی لە سەرنجی توێژەران و ئەوانەی هەوڵی بەرەوپێشبردنی شانازی نەتەوەیی کورد دەدەن، فەرامۆش نەکراوە.

دروستکردنی ئەفسانە و ڕۆڵی کەسایەتییە سیمبولییەکان

ئەفسانە لە ڕێگەی کارلێکی (مێژوو) و (یادەوەریی) و (گێڕانەوە)وە دروست دەبێت. مێژوونووس (ئێریک هۆبسباوم) دەڵێت: "زۆرجار نەریتەکان بۆ خزمەتکردنی پڕۆژەکانی بونیادنانی نەتەوە داهێنراون". کەسایەتییە ئەفسانەییەکان وەک ئەفسانە لەدایک نابن، بەڵکو لە ڕێگەی گێڕانەوە و لێکدانەوە و گەشەکردنی کەلتوورییەوە دروست دەبن.

ئەفسانە کاتێک دروست دەبێت، کە سەرلەنوێ ڕاڤەی کەسایەتییە مێژووییەکان دەکرێتەوە، ئەویش بۆ ئەوەی گوزارشت لە خواست، بەها، یان برینەکانی کۆمەڵگایەک بکەن. ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی ئەم پرۆسەیەش بریتین لە: 

(دەنگدانەوەی سیمبولی)، واتە کەسایەتییەک بەها باڵا و جوانەکانی کۆمەڵێک بەرجەستە دەکات، وەک (بەرخۆدان، دادپەروەریی، یان شانازی کەلتووریی).

(سادەکردنەوەی گێڕانەوە)، واتە گۆڕینی مێژووی ئاڵۆز بۆ چیرۆکێکی پاڵەوانێتیانە. بۆ نموونه جەخت کردنەوە لەسەر گێڕانەوەی قودس لەلایەن سەلاحەددینەوە لە ساڵی (١١٨٧) و میهرەبانی بەرامبەر بە دیلە خاچییەکان، له کاتێکدا ماوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی بەرهەڵستکارەکانی نێو ئێمپراتۆرێتییەکەی فەرامۆش بکرێت.

(قۆستنەوەی سیاسی) واتە دەستەبژێر و دامەزراوەکان ئەفسانەکان بۆ پاساوهێنانەوەی دەسەڵات یان کۆکردنەوەی خەڵک بەکاربهێنن. بۆ نموونە (مستەفا کەمال ئەتاتورک) بووەتە ئەفسانەیەکی دامەزرێنەری تورکیای نوێ. دیارە ئەگەر لە مێژوو ڕابمێنین، ئەوا چەندین نموونەمان بەرچاو دەکەوێت، وەک پاڵەوانی ئەلبانی گێرگج کاستریۆتی (سکاندەربێگ، ١٤٠٥-١٤٦٨) نموونەیەکی هاوشێوە پێشکەش دەکات. ئەم کەسێتییە لە کۆتاییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستدا بەرەنگاری عوسمانییەکان بووەوە، بەڵام دواتر لەبیرکرا، تا ناسیۆنالیستە ئەلبانییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمدا وەک سیمبولێک بۆ (یەکێتی) خۆیان دژی داگیرکاریی زیندوویان کردەوە. ئەو زیندووکردنەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی وێنەکەی لە پەروەردە و فێرکردن و دراو و فۆلکلۆرەوە بوو، هەرچەندە سکەندەربێگ لە ژیانی خۆیدا سەرنجی لەسەر بەرژەوەندییە ناوچەییە تەسکەکان بوو. بە هەمان شێوە کورد دەتوانێت، تیشک بخاتە سەر شوناسی کوردانەی سەلاحەددین و بۆ خزمەتی ئامانجە نەتەوەییە نوێیەکانی بەکاریبهێنێت.

به‌هه‌مان شێوه‌ ئەفسانەی (خوشکانی ترونگی ڤێتنامییەکان)، واتە ئەو دوو خوشکە یاخیبووەی سەدەی یەکەمی زاینی دژی چین، لەسەدەی بیستەمدا، بۆ پشتیوانیکردن لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان زیندووکرایەوە.

لێره‌وه‌ دەشێت سەلاحەدین بکرێتە کەسایەتییەکی ئەفسانەیی، ئەویش لە ڕێگەی (نموونەی ئاکاریی)، واتە میهرەبانی و دادپەروەرییەکەی بەتایبەت لە کاتی جەنگە سەختەکان و (بلیمەتیی سەربازیی)، واتە لە پلانە ستراتیژیەکان و سەرکەوتنی لە جەنگی حتیندا و (سەرلەنوێ خاوەندارێتی ڕۆشنبیریی)، واتە سەرەڕای ئامادەنەبوونی ڕاستەوخۆی لە خەیاڵدانی کورددا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، دواتر کورد وەک نموونەیەک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی تەبەنی کرد. واته‌ ئەفسانەی سەلاحەدینیش دەتوانێ ڕۆڵێکی هاوشێوە بگێڕێت، بەڵام بەمەرجێک ئەگەر دامەزراوە کوردییەکان ڕێگەیەک بۆ بەستنەوەی میراتە ئیسلامیییە گشتگیرییەکەی ئەو بە ئامانجە نەتەوەییە نوێیەکانەوە بدۆزنەوە.

کوڕی کوردستان یان کەسایەتییەکی ئیسلامی؟ 

ئاشکرایە ئیمپراتۆریەتەکەی سه‌لاحه‌ددین جەختی لەسەر ناسنامەی کوردیی نەدەکردەوە؛ بەڵکو سوپاکەی تورک و عەرەب و کوردی لەخۆگرتبوو. پەیوەندیدارێتی ئەو بۆ ئیسلامی سوننە بوو، نەک بۆ نەژادێکی دیاریکراو، واته‌ (نەبوونی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی کوردی). هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌یه‌ میراتەکەی لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا هێشتا جێگەی مشتومڕە. هەندێک ڕەخنەی لێدەگرن، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرنگی بە (کوردایه‌تی!) نەداوە، بەڵام هەندێکی تر تەواو بە پێچەوانەوە وەک بەرجەستەکەری توانا سەرکردایەتی و سیاسییەکانی کورد دەیبینن. ئاشکرایە ئەم دابەشبوونە ڕەنگدانەوەی پرسێکی فراوانترە: کەسایەتییە مێژووییەکان بەپێی هەلومەرجە ئایدیۆلۆژیی و پێداویستییە نەتەوەییە هاوچەرخەکان بەکاردەهێنرێن یان پشتگوێ دەخرێن.زۆرجار گێڕانەوە عەرەبی و ڕۆژئاواییەکان ناسنامە کوردییەکه‌ی دەسڕنەوە. مێژوونووسە ئەوروپییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ئەویان بە (کافرێکی جوامێر) وەسف کردووە، تەنانەت تۆماس ئیدوارد لۆڕێنس (لۆرێنسی عەرەب)، (جوامێریی) سەلاحەدینی لەگەڵ (دڕندەیەتی)ی عوسمانییەکان بەراورد کردووە، واته‌ (ئیستیغلالی دەرەوە).

له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ کەسێتی و بەرجەستەکردنی سیمبۆلێتی سەلاحەدین، دەستکەوت گەلێکی گەورەی بەدەستهێنا، گرنگترینیان ڕزگارکردنی قودس بوو لە دەستی خاچییه‌کان لە ساڵی 1187 و یەکخستنی خاکی شام و میسر لە ژێر یەک ئاڵادا. بۆیە لەلایەن مێژوونووسانی موسڵمان و دوژمنەکانیشیەوە وەک یەک جێگەی سەرسامی بووە. مێژوونووسانی ئەوروپی و شوێنکەوتوانی ڕیچاردی دڵی شێر لەسەری نووسیویانە و ستایشی مەردیی و خاکیبوونیی و دادپەروەرییان کردووە.

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین بەهێزی سەلاحەددین لە نەسازییەکەیدایە، چونکه‌ بۆ (کورد): ڕەچەڵەکە کوردییەکەی دەبێتە نموونەیەکی دەگمەنی سەرکردەیەکی کورد کە پێزانین و ناوبانگێکی جیهانی بەدەستهێناوە. بەدڵنییاییەوە بلیمەتیی سەربازی و دیپلۆماسێتی سەلاحەددین دژایەتی ئەو وێنە باوە نەرێنییە دەکات، کە کورد وەک گەلێکی پەراوێزخراو دەبینێت.

بۆ (جیهانی ئیسلامییش): بە سیمبولی یەکخستنی موسڵمانەکان لە دژی لەشکرکێشی خاچییەکان دادەنرێت، گێڕانەوەیەک کە لەلایەن بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە عەرەبییەکان و تەنانەت وڵاتانێکی وەک عێراقی سه‌رده‌می ڕژێمەکەی سەدام حوسێنەوە لە کاتی جەنگی کەنداودا وێنەکەیان بەکارهێنا.

سەلاحەددین وەک سیمبولێکی یەکگرتوویی کورد

لە کۆمەڵی کوردەواریدا بە دەگمەن کەسایەتییەکمان بەرچاو دەکەوێت ئەوەندەی سەلاحەددین بەناوبانگ و گەورە بێت. کورد کەسایەتی بەناوبانگی جۆراوجۆری هەیە، وەک ئەحمەدی خانی و سەرکردەکانی وەک شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شێخ مەحمود حەفید و قازی محمد و مەلا مستەفا بارزانی و ... تاد، بەڵام کاریگەرێتییە (بەتایبەت سیاسیی)ەکانیان ناوخۆیی یان ناوچەیی بوون، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئەو مشتومڕو و دابەشبوونەی لەسەریان دروست بووه‌.

 

بۆیه‌ ئەگەر کورد بیەوێت شوناسێکی کۆمەڵیی بونیاد بنێت، ئەوا گۆڕینی سەلاحەددین بۆ سیمبولێکی یەکگرتوو، دەتوانێت ببێتە هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگ. مرۆڤایەتییبوونەکەی کە بە ڕێزگرتن لە دیله‌کان و میهرەبانی بەرامبەر بە دوژمنە شکستخواردووەکان، ڕەنگدانەوەی بەها باڵاکانی وەک بەخشندەیی و شەرەفی کوردەوارییە. هەروەها دەکرێت سەرکەوتنی سەرکردایەتییەکەی بۆ نەوە نوێیەکان ئیلهام بەخش بێت، واتە بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکان و دابەشبوونەکان.

ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بوونی سەلاحەددین لەنێو هونەر و ئەدەب و گوتاری سیاسی کوردیدا گەشە دەکات و گەورە دەبێت، تەنانەت زانکۆ و شەقام و بەشێک لە شوێنە گشتییەکان بە ناوی ئەوەوە ناونراون. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم سیمبولە کاریگەرێتی ڕاستەقینەی هەبێت، دەبێت لە پەیوەندیدارێتیە خێڵەکی و ناوچەییەکان تێپەڕێت. سەلاحەددین تەنها جەنگاوەر نەبوو، بەڵکو سەرکردەیەکی خاوەن ئاکاری باڵا و ئایندەبینی بوو.

ئەفسانەسازی: دامەزراوە و سیمبولەکان 

گۆڕینی سەلاحەددین بۆ سیمبولێکی نەتەوەیی، پێویستە دامەزراوەکان بەوردی کار بۆ تێکەڵکردنی لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا بکەن، بۆ نموونە لە (پرۆگرامەکانی خوێندندا)دا شوێن و وانەی تایبەتی سەبارەت بە بنەچە کوردیی و دەستکەوتەکانی بۆ تەرخان بکرێت. هاوکات (بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری)، واتە بەرهەمهێنانی فیلم و دراما و ئەو کارە هونەریی و ڕۆشنبیرییانەی کە دووبارە وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی وێنای دەکەنەوە. هه‌روه‌ها (سروتە سیاسییەکان)، واتە ناونانی شەقام و یەکەی سەربازیی لەنێو  هێزەکانی پێشمەرگە بە ناوی ئەوەوە.

ئاستەنگەکان:

(پەرتبوونە ناوخۆیییەکان): ڕەنگە پارتە سیاسییه‌ کوردییەکان لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا، ئەو سیمبولێتییەی بەشێوەیەکی جیاواز لێکبدەنەوە. ڕەنگە پارتێکی خاوەن ئایدیۆلۆژیای مارکسیست ئەو بە فەرمانڕەوایەکی فیۆداڵیی دابنێت و ڕەتیبکاتەوە.

(ڕکابەرییە ناوچەییەکان): ڕەنگە کوردەکانی باشوور بەلایانەوە باش یان ئاسایی بێت، کە سەلاحەدین وەک سیمبولێکی نەتەوەیی لێیبڕوانرێت، لە کاتێکدا پێده‌چێت کوردەکانی باکوور یان ڕۆژئاوا یان ڕۆژھەڵات پاڵەوانی ناوخۆیی دیکەیان پێ باشتر بێت، واتە وەک ئەحمەدی خانی یان پێشەوا قازی محەمەد.

سنوور و تواناکانی سەلاحەدین 

مرۆڤایەتیبوونی سەلاحەددین (لە میهرەبانییەوە بەرامبەر بە دوژمنەکانی تا دەگاتە لێهاتووییە دیپلۆماسییەکەی)، دەیکاتە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش. بەڵام گۆڕینی بۆ سیمبولێکی نەتەوەیی کوردیی، گێڕانەوەیەکی چنینەوەیی (انتقائي) و پشتگیرییەکی دامەزراوەیی و ئاشتەوایی لە نێوان ئیمپراتۆرێتییە ئیسلامییەکەی و ناسیۆنالیزمە عەلمانییە مۆدێرنەکەدا پێویسته‌. لە کاتێکدا هیچ کەسایەتییەکی کورد هاوتای ناوبانگە جیهانییەکەی ئەو نییە، بەڵام ڕەنگە کەسایەتییەکانی وەک خانی یان نەهریی یان قازی و تادوای، باشتر ڕەنگدانەوەی خەباتە ناوخۆییەکان بن. لە کۆتاییدا ئەفسانەکان هێز و دەسەڵاتی خۆیان لە وردبینییە مێژووییەکانەوە وەرناگرن، بەڵکو لە توانای وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ئێستاوە وەردەگرن. بۆ کورد ڕەنگە گەورەترین بەهای سەلاحەددین لەوەدا بێت، کە دەیسەلمێنێت سەرکردەیەکی کورد دەتوانێت مێژووی جیهان دابڕێژێت یان ئاڕاستە بکات، واتە گێڕانەوەیەک کە هیوا بۆ گەلێکی بێدەوڵەت دەگەڕێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین