باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە سووریا داوای هەماهەنگی نێوان دیمەشق و واشنتن دەكات
نوچە نێت
نووسینی: رۆبەرت فۆرد، ديپلۆماتكار و باڵیۆزی پێشووی ئەمەریكا لە جەزائیر و سووریا
وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها
دواى (13) ساڵ لە جەنگى ناوەخۆى سووریا، لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى رابردوو بەشێوەیەکى لە ناکاو چەکدارانى هەیئەى تەحریرى شام لە پێگەکانى خۆیان لە رۆژهەڵاتى روویان کردە دیمەشقی پایتەخت، ئەوەش بووە هۆى رووخانى رژێمى بەشار ئەسەد.
ئەو رژێمە ماوەى (60) ساڵ لە دەسەڵات بوو، لە ماوەى چەند هەفتەیەک لەژێر سەركردایەتی ئەحمەد شەرع سەركردەی پراگماتی كۆتایی هات، هەیئەى تەحریرى شام، سەرۆکایەتى حکومەتى کاتى سووریا دەکات، بڕیارە لە بەهارى ئەمساڵ ئەو حکومەتەش رابگەیێندرێت.
تاوەکوو ئێستا روون نییە ئەحمەد شەرع چۆن دەتوانێت ئەو وڵاتە فرە نەتەوە و دابەشبووەوە یەکبخاتەوە، تواناى لەسەر ئەندامە توندڕەوەکانى هەیئەى تەحریر چەندە، ئایا پاڵپشتى تائیفەکانى سووریا بەدەست دەهێنێت، کە ئەگەر رووبکاتە سیاسەتێکى گشتگیرتر و میانڕەوانەتر.
یەکێک لەو دۆسیانەى کە رووبەڕووى ئایندەى سووریا دەبێتەوە بوونى هێزەکانى ئەمەریکایە لەو وڵاتە، کە لە ساڵى (2014)وە، واشنتن پاڵپشتى حکومێکى خۆسەرى لە باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا دەکات، کە بنەچەى ئەوانە لە گرووپە کوردییەکان پێکاتووە، هاوپەیمانى هێزەکانى سووریاى دیموکرات بۆ درووستکردنى ناوچەیەکى جیاواز لەسەر سنوورەکانى سووریا و تورکیا سوودیان لەو ئاڵۆزییەى جەنگى ناوخۆى سووریا وەرگرت.
هەسەدە لە دژى هێزەکانى ئەسەد و تورکیا و گرووپەکانى نزیک لە تورکیا و گرووپەکانى سەربە قاعیدە و داعش درووست بوو، ئەمەریکا بۆ تێکشاندنى دواین پێگەى عادش لە سووریا بەشێوەیەکى چڕ کارى لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات دەكرد، تاوەکوو ئێستاش واشنتن نزیکەى دوو هەزار سەربازى لەو وڵاتە هەیە، جگە لە چەندین بەڵێندەر، نزیکەى (12) پیگە و بنکەى بچووکى لە رۆژهەڵاتى سووریا بۆ پاڵپشتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەیە بەردەوامە لە هەوڵەکانى بەرەنگاربوونەوەى داعش و رووماڵى هێرشەکانى تورکیا.
خەڵكی سووریا ترسیان لە توندڕەوی هەیئەی تەحریر هەیە
سەرەڕاى ئەو پاڵپشتییە تاوەکوو ئێستا داعش لە سووریا زۆر چالاکە، لەگەڵ کەوتنى بەشار ئەسەد دەکرێت ئەمەریکا کار لەگەڵ هاوبەشێکى دیکە بکات کە کاریگەرتر و کاراترە دژ بە پاشماوەکانى داعش، ئەویش حکومەتى نوێى سووریایە لە دیمەشق، ئەو کارکردنە گەورەیە چ راستەوخۆ بێت چ ناڕاستەوخۆ بێت لەگەڵ ئەو حکومەتە تازەیە ئاسایشى هەرێمى بەهێز دەکات، هاوکاریش دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگى بەردەوام لە رۆژهەڵاتى سووریت، رێگە خۆش دەکات ئەمەریکا پارەى کەمتر بۆ سووریا دیارى بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا ماوەیەکى زۆرە نیگەرانە لە تێوەگلانى ئەمەریکا لە ململانێ دەرەکییەکان، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هاوبەشى لەگەڵ حکومەتى نوێى کاتى لە دیمەشق، رێگە خۆش دەکات ئەمەریکا بەگوێرەى مەرجە تایبەتەکانى ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.
ئامرازى هەڵە
زۆربەى بەرپرسان و چاودێرانى ئەمەریکى پێیانوایە ئیدارەى خۆسەرى هاوبەشێکى متمانەپێکراوە لە گرەنتى بۆ ئەو هیوایەى واشنتن هەیەتی، کە تێکشاندنى هەمیشەیى داعشە لە سووریا، لەگەڵ ئەوەشدا هەسەدە کە باڵى سەربازیى ئەو ئیدارە کوردیەیە كە لە کۆتاییهێنان بەو گرووپە تیرۆرستییە شكستی هێناوە، لەدواى شەش ساڵ لە کۆنتڕۆڵکردنى دواین پێگەى داعش لە سووریا تاوەکوو ئێستا چەدارانى ئەو رێکخراوە لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتى سووریا چالاكن.
کارەکانى هەسەدە بۆتە هۆى درووستکردنى بێهیوایى لە کۆمەڵگە عەرەبیەکانى سووریا، یەکینەکانى پاراستنى گەل کە گرووپێکى کوردین بەشێوەیەکى تۆکمە کۆنتڕۆڵى هێزەکانى سووریاى دیموکراتیان کردووە، ئەو هێزە خەڵکیان لە دەرەوەەى دادگا کووشتووە، خەڵکى مەدەنى عەرەبیان بە نایاسایى دەستگیرکردووە، گەنجانى عەرەبیان بە زۆر هێناوەتە ریزەکانى خۆیان، هەڕەشەیان لەو عەرەبانە کردووە کە هەوڵى بەدەستهێنانى زانیارى یاخود ئازادکردنى نزیکەکانیان داوە، دەستکارى سیستەمى خوێندنیان کردووە کە بە جۆرێک بێت لەگەڵ سیاسەتى یەکینەکانى پاراستنى گەل بگونجێت، چەندین چەکدارى کوردى دەرەوەى سووریان وەرگرتووە.
پێویستە ئەمەریكا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی نوێی سووریا بكات
ئەو کارانە بۆتە پاڵنەر خەڵکانێکى ئەو ناوچەیە بچنە ریزەکانى داعش، سەرەڕاى ئەو سنووربەزاندنانە بەراود ناکرێت بە تاوانەکانى رژێمى ئەسەد، بەڵام بۆتە هۆى ئاڵۆزى گەورە لە ناوچە عەرەبییەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەى یەکینەکانى پاراستنى گەل بەڕێوەى دەبەن.
هێزەکانى هەسەدە تووشى چەندین بەربەست بوونە، ئەوەش بەهۆى دوژمنایەتى بەردەوامى نێوان تورکیا و یەکینەکانى پاراستنى گەل، یەکینەکان ناوەناوە هێرش دەکاتە سەر پێگەکانى تورکیا لە سووریا و ناو تورکیا، ئەوەش ئەو دیدەى تورکیاى بەهێزکردووە کە ئەو گرووپانە گرووپى تیرۆرستین.
لە لایەکى دیکەوە سوپاى تورکیا و گرووپە سوورییەکانى نزیک لە تورکیا لە باکوورى سووریا فشارى زۆر دەخەنە سەر یەکینەکان پاراستنى گەل، ئەو ململانێیە ئاراستە و سەرچاوەکانى هەسەدە لە جەنگى دژ بە داعش لە ناوچەکانى باشوور دووردەخاتەوە.
لەکۆتایى مانگى شوباتى ئەم ساڵ یەکێک لە سەکردە سەرەکییەکانى کورد داواى ئاگربەستى لەگەڵ تورکیا کرد، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان ململانێیەکى درێژى لەگەڵ تورکیا هەیە، داواى لە چەکدارەکانى کرد چەکەکانیان دانێن و جەنگ دژى تورکیا رابگرن، بەڵام سەرکردەکانى یەکینەکان رایانگەیاند، ئەوان بەدەم داواکەى ئۆجەلانەوە ناچن، چونکە ئەو داوایە ئەوان ناگرێتەوە، تورکیاش ئامادە نییە سیاسەتى خۆى بگۆڕێت، یاخود رێگە بەو ناوچە کوردییە بدات حکومێکى خۆسەریان لە سووریا هەبێت و یەکینەکان رۆڵى گەورەى تێدا ببینن.
لە سەردەمى باراک ئۆباماوە، ئیدارەى ئەمەریکا هەوڵى پاڵپشتى گرووپ یەکینەکانى پاراستنى گەل دەدات بۆ بەرەنگداربوونەوەى داعش، لە هەمان کاتدا هەوڵى رێکخستنى نیگەرانییەکانى ئەنقەرە و لێدان لە سەرکردە و چەکدارەکانى یەکینەکانى پاراستنى گەل و کۆمەڵگە کوردییەکان بکات، پاڵپشتى سەربازى ئەمەریکا پارێزگارى یەکینەکان لە هێرشى تورکیا لە رۆژهەڵاتى سووریا دەگرێتەوە دەگرێتەوە، کە چەکداران یەکینەکانى پاراستى گەل و ئیدارەى خۆسەرى هەموو چارەسەرێک لەگەڵ حکومەتى تورکیا و حکومەتى نوێ لە دیمەشق رەت دەکەنەوە، ئەو پارێزگاریەى ئەمەریکا بۆ هێزە کوردییەکان دۆخێکى درووست کردووە داعش لە ناوچەیەکى فراوانتر جووڵە بکات، ئەوەش بە جەنگێکى هەمیشەیى دادەندرێت.
بۆ پارێزگارى لەسەر هاوبەشى لەگەڵ هەسەدە، پێویستە ئیدارەى ترەمپ پاڵپشتى گرووپە کوردییەکان بکات لەو جەنگانەى لە داهاتوو لەگەڵ تورکیا تووشى دەبن، لە ساڵى (2023 و 2024) ئیدارەى بایدن بەشێوەیەکى لەسەرەخۆ ژمارەى هێزەکانى ئەمەریکاى لە رۆژهەڵاتى سووریا گەیاندە نزیکەى دوو هەزار سەرباز، تاوەکوو هێزەکانى ئەمەریکا بتوانن گەڕانەکانیان بۆ رۆژئاوا بە درێژایى سنوورەکانى تورکیا بۆ شارە گرەنگەکانى وەک کۆبانێ کە ناوچەى چالاکییەکانى داعش نییە، بەڵکوو رووبەڕووى فشارەکانى تورکیا دەبنەوە، لە مانگى کانوونى یەکەم کاتێک چەکدارە سووریەکان دەرفەتیان بۆ رەخسا دەسەڵاتى ئەسەد بڕوخێنن، گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە تورکیا و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى تورکیا لە نزیک کۆبانێ هێرشیان کرد، لەگەڵ بوونى دوو هەزار سەرباز بە کردەیى، وەک رێکارى خۆپارێزى دژ بە هێرشى وشکانى تورکیا ترەمپ پێویستى بە رەوانەکردنى سەربازیى زیاتر نییە، بەڵام پێویست دەکات هاوکارى زیاترى کورد بکات، چونکە کورد بۆ دابینکردنى مووچە پاشت بە هاوکارى و مەشقى ئەمەریکا دەبەستێت، لەگەڵ شکستهێنان بە ئەسەد، کە لە دیمەشق دوژمنى بوو، ئەنقەرە فۆکەسى زیاتر دەخاتە سەر ئیدارەى خۆسەرى و یەکینەکانى پاراستنى گەل لەسەر سنوورەکانى باشوور.
لەو زۆنگاوەى دوژمنایەتى کورد و تورکیا، ئاسانە ئەو هۆکارە لەبیر بکەین کە بووە هۆى دەستوەردانى ئەمەریکا لەو ناوچەیە لە سووریا، کە بە پلەى یەکەم شکستى داعش بوو.ئەمەریکا هەرگیز ئامانجى ئەوە نەبوو هێزەکانى لە سووریا بۆ بەرگرى لە کورد بڵاوە پێ بکات، کە تازە گرووپە کوردییەکان درووست دەبووون و ناسراو نەبوون.
هەماهەنگی ئەمەریكا لەگەڵ حكومەتی سووریا واتای پشتكردنە كورد نییە
بەهۆى ناسنامە و شێوازى کارکردنى تەبەنیکردنى ئەو ئامانجە ئێستا ئەرکەکانى گەورەتربووە، هێزەکانى سووریا دیموکرات لاى کۆمەڵگەکانى ناوخۆ و حکومەتى تورکیا تووشى ناڕەزایى زۆربوون.
لەو جەنگە کلاسیکەى دژ بە داعش هێزەکانى سووریاى دیموکرات ئامرزاێکى سوود بەخش بۆ هاوکارى عەقڵیەتى کۆمەڵگەى عەرەبى لە رۆژهەڵاتى سووریا، تاوەکوو ئێستا داعش چالاکى تێدا ئەنجام دەدات و هەسەدەش ئامرازێکى گونجاو نییە.
رێگە بەرەو دیمەشق
لەبرى پشتبەستن بە هێزەکانى سووریاى دیموکرات، دەکرێت ئەمەریکا رووبکاتە حکومەتى نوێ لە دیمەشق بۆ هاوکارى لە کۆتاییهێنان بە داعش، لەوانەیە لە جارى یەکەم ئەو داوایە نامۆ بێت، چونکە ئەمەریکا پێیوایە هەیئەى تەحریر ئەو گرووپەى کە دەسەڵاتى ئەسەدى رووخاند، گرووپێکى تیرۆرستییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو دەسنیشانکردنە رێگر نەبوو لەوەى واشنتن کار لەگەڵ یەکینەکانى پاراستنى گەل بکات، کە سەر بە پارتى کرێکارانن، کە وەک رێکخراوێکى تیرۆرستى لە لیستى ئەمەریکادایە.
گومان لەوەدا نییە کە هەیئەى تەحریر و ئایدۆلۆژیا توندەکەى پێویست ناکات لە بایەخی کەم بکرێتەوە، کاتێک من لە سووریا باڵیۆزبووم، لە پایزى (2012) کارم کرد تاوەکوو بەرەى نوسرەى سەر بە قاعیدە بخرێتە لیستى تیرۆرەوە، دواتر هەیئەى تەحریرى شامى وەک رێکخراوێکى تیرۆرستى لێ درووست بوو، لە مانگى شوباتى (2012) بەهۆى هەڕەشەکانی ئەو گرووپە ناچاربووین باڵیۆزخانەمان دابخەین، پاشان بەرەى نووسرەی تێکشاند و سوپاى سووریاى ئازادى لەخۆى گرت، گرووپە یاخیبووەکانى دژى ئەسەدبوون وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا ئاژانسى هەواڵگرى ئەمەریکا لە سووریا پاڵپشتی دەکردن، لە ساڵانى یەکەمى جەنگ فشاریان خستە سەر مەسیحى و عەلەوییەکان، ئەحمەد شەرع سەرکردایەتى ئەو گرووپەى دەکرد، چەندین ناوى گۆڕى، تاوەکوو لە (2017) بوون بە هەیئەى تەحریرى شام، زۆرێک لە واشنتن پێیان وابوو ئەوانە کۆپییەکى نوێن لەو گرووپە و بە راستى لە توندڕەوى دوورکەوتوونەتەوە، یاخود لەو دیدە ئایدۆلۆژییە توندە خۆیان داماڵیووە.
بەڵام ئەحمەد شەرع سووربوو پێچەوانەى ئەوەیە، سەرەتا بەرەى نوسرە بوو، پاشان هەیئەى تەحریر، چەندین ساڵ هەوڵى دوورکەوتنەوەى لە گرووپە تیرۆرستییەکان دا، بە جۆرێک شەرع لە (2014) لە داعش جیابۆوە، پاشان چەکدارەکانى چوونە شەرێکى خوێناوى دژ بەو گرووپە، لە کۆتایی لە باکوورى رۆژئاواى سووریا دووریان خستەوە، لە (2016) بە ئاشکرا پەیوەندییەکانى لەگەڵ قاعیدە پچڕاند، هێزەکانى دژ بەو گرووپى حوراس دین لە باکوورى رۆژئاواى سووریا جەنگن، کە ئەو گرووپە سەر بە قاعیدە بوون.
ئەحمەد شەرع بە چەند قۆناغێك تێپەڕیووە
بەرەى نوسرە، یاخود هەیئەى تەحریر لەدواى جیابوونەوەى لە داعش و قاعیدە هیچ هێرشێکى تیرۆرستى ئەنجام نەدا، بەڵکوو هەوڵى دا کۆتایی بەو گرووپانە بهێنێت بۆ دووبارە دامەزراندنەوەى خۆى لە باکوورى رۆژئاواى سووریا، بەدرێژایى هەشت ساڵى رابردوو قورسە بتوانى پاساو بۆ هێشتنەوەى هەیئەى تەحریر بهێنێتەوە لە لیستى رێکخراوە تیرۆرستییەکان، هەروەک هەیئەى تەحریر لە هەوڵى داوە وێنەى گشتى خۆى جوان بکات، لە ساڵى (2022) دەستى پێکردووە، بەبێ ئەوەى سازش لە ئامانجى خۆى بکات کە درووستکردنى حکومەتێکى ئیسلامییە لە سووریا، لە گێڕانەوەى زەوییە کشتوکاڵییە داگیرکراوەکانى مەسحییەکان دەستى پێکرد، کە گرووپە ئیسلامییەکان لە ماوەەى توندتربوونى قۆناغەکانى جەنگ لە باکوورى سووریا دەستیان بەسەر داگرتبوو، بەرپرسانى مەسحیى لە ئیدلیب لە مانگى ئەیلوولى (2023) پێیان راگەیاندم، زۆربەى موڵکوماڵەکانیان بۆ گێڕانیەوە.
ئەو تۆمارە ئاماژە بەوە دەکات کە هەیئەى تەحریر لەبرى هێزەکانى سووریاى دیموکرات توانایان زیاترە بۆ کەمکردنەوەى راکێشانى داعش لەناو کۆمەڵگەکان، جگە لەوەش کۆتایهێنانى یەکجارەکییە، ئەحمەد شەرع لە شکستهێنان بە قاعیدە و داعش لە باکوورى سووریا سەرکەوتووبوو، ئەو ناوچەى لەژێر دەستى بوو لە ماوەى (10) ساڵ هيچ چالاکییەکى داعشى لێ ئەنجام نەدرا، لە کاتێدا دەبینین هێزەکانى سووریاى دیموکرات لەلایەن تورکیا دەورەدراون، لەگەڵ ئەوەشدا هەیئەى تەحریر پاڵپشتى ناوچەیى زیاد دەکات و لەوانەش بەدەستهێنانى تورکیایە، لەوەش گرنگتر شەرع توانى پاڵپشتى کۆمەڵگە عەرەبییەکانى رۆژهەڵات و باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا و ئەوانەى داعش کردبوونى بە چەکدار بە دەست بهێنێت.
حکومەتى کاتى سووریا پێویستى بە یەکخستنى گرووپە چەکدارە عەرەبیەکانە لەژێر فەرماندەى یەکینەکانى پاراستنى گەلى ئێستا و دانانیان لەژێر سەرپەرشتى وەزارەتى بەرگرى لە دیمەشق، لە هەمانکاتدا پێویستە حکومەتى دیمەشق میکانزمێک بۆ بۆزێتەوە رێگە بە ورگرتنى بەرپرسیارتى بدات لە کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە رۆژهەڵاتى سووریا تاوەکوو قورسایى سەر هێزەکانى سووریا لەو ناوچانە سووک بکات، بە دڵنیاییەوەش ئەو رێکارانە دەبێتە هۆى ناڕازییبوونیان بەو بڕیارە، بەڵام کاریگەرى لەسەر سەرکەوتنى سووریا هاوبەشە هەرێمییەکان دەبێت لە شکست هێنان بە داعش.
ئیدارەى ترەمپ پێویستى بە کردنەوەى کەناڵى پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتى سووریا کە هەیئەى تەحریر بەڕێوەى دەبات، ئەوەش بۆ گفتوگۆیە لەسەر پلانى داهاتوو بۆ بەرەنگاربوونەوەى داعش، تاوەكوو گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرەیەکى سەرەکى بکات، لە هەمووان دیارتر چۆنیەتى یەکخستنى گرووپە چەکدارە عەرەبەکانى ئەو ناوچەیە، کە ئێستا لەژێر دەسڵاتى هەسەدەن، لەو هەڵمەتەى ئێستا حکومەتى سووریا دژ بە داعش دەستى پێکردووە لە هەمانکاتدا گواستنەوەى سەربازەکانى بۆ ئەو ناوچانەى کە تاوەکوو ئێستا داعش تێیدا چالاکە، لە پاڵ ئەوەشدا خشتەیەکى زەمەنى بۆ جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوانە دابندرێت، هەروەها هەردوولا دەتوانن زانیارى هەواڵگرى لەنێوان سووریا و ئەمەریکا بگۆڕنەوە، ئەمەریکا لە رێگەی هاوكاری رۆڵى یەکلاکەرەوەى لە شکستپێهێنانى هێرشى داعش بۆ سەر دیمەشق لە مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ هەبوو، یەکێک لەو پرسانەى کە زۆر ئاڵۆزە ئەویش گفتوگۆیە لەسەر داهاتووى کەمپى هۆل و رۆژ، کە نزیکەى (40) هەزار کەسى سەر داعشى تێیدایە، هێزەکانى سووریاى دیموکرات سەرپەرشتی دەكەن، راستە ئەحمەد شەرع رێگەى بەهیچ ئاڵەنگەرییەکى سیاسى گرووپە ئیسلامییەکان نەدا، لە باکوورى رۆژئاواى سووریا بەرنامەیەکى بچووکى بۆ بەرەنگاربوونەوەى توندڕەوى هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا مامەڵەکردن لەگەڵ ئاڵەنگەرییەکانى کەمپى هۆل پێویستى بە وەڵامى گەورەترە لەوەى کە شەرع لەپێشتر دا رووبەڕووى بۆتەوە.
حکومەتى سووریا پێویستى بە یەکخستنى گرووپە چەکدارە عەرەبیەکانە لەژێر فەرماندەى یەکینەکانى پاراستنى گەن
بۆ گرەنتى سەقامگیرى سووریا و بەرەنگاربوونەوەى داعش بەشێوەیەکى کارا پێویستە واشنتن سزاکانى سەر حکومەتى دیمەشق سووک بکات، بەگوێرەى هەڵەسەنگاندنەکانى بانکى نێودەوڵەتى لە (2021) تێچووى ئاوەدانکردنەوەى سووریا لەدواى وێرانییەکانى جەنگى ناوەخۆ (200) ملیار دۆلارە، سووریا پێویستى بە پاڵپشتى نێودەوڵەتى و وەبەرهێنانى تایبەت هەیە، بەڵام سزاکانى ئەمەریکا دژ بە بیانییەکانى مامەڵە لەگەڵ دیمەشق دەکەن بەربەستى لەبەردەم چوونى سەرمایە و ئەو کاڵایانەى ئەو وڵاتە پێویستییەتى درووست کردووە.
لە مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵ لە سووریا چاوم بە چەند بزنسمانێک کەوت، ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو چاوپۆشییە کاتیانەى ئیدارەى بایدن لە بوارەکانى وزە و هاوکارى مرۆیى بەراورد بە قەبارەى ئاوەدانکردنەوەى پێویست بەس نییە، ئەگەر ئیدارەى ترەمپ بۆ هەڵوەشاندنەوەى هەموو سزاکان دوو دڵە، ئەوا دەتوانێت لاى کەمى دەست بکات بە جێبەجێکردنى بە جۆرێک شایەنى نوێکردنەوە بێت بۆ ماوەى ساڵێک کەرتى دارایى و بیناسازى و ئەندازیارى و تەندروستى و فێرکردن و گواستنەوە و کشتوکاڵ بگرێتەوە، ئەو رێکارانە هیچ تێچووێک ناخەنە سەر گەنجینەى ئەمەریکا، بەڵام کاریگەرى لەسەر هاوکارى وڵاتانى هەرێمى و ئەوانەى دیکە دەبێت کە هاوکارى پێشکەشى سووریا دەکەن، بۆیە پێویستە ئەمەریکا سزا لاوەکیەکان لەسەر ئەوانەى هاوکارن و ئەوانەشى وەبەرهێنن قەدەغە بکات، چونکە بەبێ ئەو وەبەرهێنانە سووریا لە دۆخى سستى دەمێنێتەوە، تواناى شکستهێنان بە داعشى نابێت، هەروەک لە ساڵى (2017 بۆ 2024) حکومەتى سووریا بە تەواوى شکستى هێنا.
دوورخستنەوەى دەست لە سوکان
گواستنەوەى پاڵپشتى لە هەسەدوە بۆ حکومەتى نوێ لە دیمەشق واتاى ئەوە نییە، کوردەکانى سووریا چارەنووسێکى تارکیان دەبێت، بەڵكوو ئاسایش و خۆشگوزەرانى کۆمەڵگە کوردییەکان پشت بە رێزگرتنى حکومەتى سووریا لە مافەکانیان و مافى هەموو هاونیشتیمانیانى سووریا دەبەستێت، نەک دەستوەردانى هێزى دەرەکى، سەرەڕاى ئەوەى هەیئەى تەحریر ئامادەى درووستکردنى دیموکراسى گشتگیرە لە سووریا، هەرچەندە تاوەکوو ئێستاش روون نییە، بەڵام ناکرێت ئەو راستییە پشتگوێ بخرێت ئەو سووریانەى لە سایەى حکمومەتى نوێ دەژین مافە سیاسى و کەسییەکان لەو کاتە زیاترە کە دەسەڵاتى حزبى بەعس لە (1963) لەسەر سووریاى هەبوو.
لە مانگى رابردوو ماوەى (10) لە سووریا بووم، هەفتەیەک لە دیمەشق بووم، ئازادى رادەبڕین لە هەموو شوێنێک هەبوو، لە چایخانەکان سوورییەکان تەنانەت ئەوانەشى نەمدەناسین بە ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەگوت و رەخنەیان لە حکومەتى هەیئەى تەحریری شام دەگرت، ئەو خۆپیشاندانە بچوکانەى لە پایتەخت دەکرا پۆلیس هیچ دەستوەردانێکى نەکرد، جوانکارى کرسمس گەڕەکە مەسیحییەکانى لە شارە کۆنەکە پێ رازاندرابووە، سەرەڕاى ئەوەى دیمەشق مەسحیى کەم لێیە بەڵام زەنگى کڵێسەکان بە شێوەیەکى بەفراوان لە رۆژانى یەکشەممە دەبیسترا، سەرەڕای ئەوەش دانیان بەوە دادەنا کە ترسیان لە سەرچاوەى ئایدۆلۆژى هەیئەى تەحریر هەیە نەک لە هەڵسوکەوتیان.
خەڵك لە سووریا رەخنە لە هەیئەی تەحریری شام دەگرن
ترەمپ خۆى لە سەپاندنى دەستەواژەى ئامادەکراو بەسەر گۆڕانکارییەکان لە سووریا دەپارێزێت، لە (2024/12/8) دواى هەڵاتنى ئەسەد بەرەو رووسیا ترەمپ لە تویتەر گوتى، پێویستە داهاتووى سووریا بڕیارى ناوخۆیى بێت، ئەمەریکا هیچ نەسەپێنێت، جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە، کە سوورییەکان پێویستیان بە ئامادەکردنى دەستوورێکە لە شێوەى لامەرکەزى و فیدراڵى. ئەوەش تایبەتمەندیەکە سەرکردەکانى هەسەدە و هەندێک کەمینە و گرووپى سوورى بۆ دڵنیایى خۆیان هەوڵى بۆ دەدەن، چاوەڕوان دەکرێت داڕشتنەوەى ئەو دەستوورە کاتێکى زۆر و ئارامییەکى گەورەى بوبێت، تەنیا لە میانەى دەستوورێکى بەهێز سوورییەکان دەتوانن هەڵبژاردنێکى ئازاد و پاک بکەن.
پێویستە درک بەوە بکەین کە رێکخستنى هەڵبژاردن و دیاریکردنى پشکى کەمینەکانى ناو حکومەت گرەنتى تەواو نین دژ بە خۆسەپێنى، ئەزموونى ئەفغانستان و عێراق لە سەدەى (21) ئاستى قەبارەى ئەو پرسە قووڵانەى پەیوەست بە کلتوورى سیاسى بە روونى دەردەخات.
هەڵبژاردنەکان لە سووریا دەبێتە هۆى بەهێزکردنى سەقامگیرى کردەیى و حکومڕانى باش ئەگەر حکومەتى کاتى لە سەپاندنى سەروەرى یاسا و پارێزگارى لە ئازادى سیاسى و کەسى سەرکەوتوو بوو، لەوانەش ئازادى رادەربڕین و ئاینى و خۆپیشاندان و بەشدارى لە رێکخراوەکان و مافى هاونیشتیمانیان لە هەموو سووریا وەک هاووڵاتى یەک وڵات، لەگەڵ گرەنتى قەیڕەوکردنى مافە بنەڕەتییەکانیان. لە هەمانکاتدا پێویستە هێزە دەرەکییەکان رێگە لە ئاڵۆزى نێوان کورد و مەسیحى و دروز و عەلەوى و سوننەکان بگرن.
ئەمەریکا پێویستى بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەى پاڵپشتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات و هاندانیانە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ پەیکەرى سیاسى و سەربازیى نوێ لە سووریا، هەروەک پێویستە واشنتن روونى بکاتەوە، کە بوونى هێزەکانى ئەمەریکا لە سووریا لە دوو ساڵى داهاتوو زیاتر نابێت، لەگەڵ پێشکەوتنى پڕۆسەى گواستنەوە لە باکوورى سووریا پێویستە هەموو گرووپەکانى هێزەکانى سووریاى دیموکرات کوردى بێت، یان عەرەبى لەو ماوە زەمەنییە بچنە پاڵ سوپاى نوێى سووریا.
سەرەڕاى ئەوەش پێویستە واشنتن فشار لە دیمەشق و هەسەدە و ئیدارەى خۆسەرى بکات بۆ گەیشتن بە رێکارى گواستنەوە پرسە ئەمنییە گرنگەکانیشى لەخۆى گرتبێت، جگە لەوەش پێویسیتە داهاووى پەیکەرى ئیدارەى ناوچەى خۆسەرى دیارى بکرێت، هەروەک پێویستە حکومەتى ناوەندى خزمەتگوزار بباتە ئەو ناوچانە لەوانەش چاودێرى سنوورەکان، نووسینگەکانى پاسەپۆرت و تۆمارەى مامەڵەى موڵکدارى لەو ناوچانە بکرێنەوە.
گرنگە واشنتن پارێزگارى لە هەڵوێستى یەکلاکەرەوە بکات بەبێ ئەوەى بچێتە ناو وردەکارییەوە، پێوبیستە پەیامێکى روون بۆ دیمەشق بنێرێت، کە ئەگەر حکومەتى نوێى سووریا هەوڵى کۆتاییهێنان بە ئیدارەى خۆسەرى و سەپاندنى گواستنەوەى سیاسى بەبێ هەماهەنگى کورد بدات، ئەوە دەبێتە هۆى هەڵگیرسانى ململانێى نوێ و پەکەوتنى هەوڵەکانى بەرەنگاربوونەوەى داعش و دواکەوتنى رێکارى نوێى ئەمەریکا سەبارەت بە سووکردنى سزاکان، لە هەمان کاتدا پێویستە ئیدارەى واشنتن پەیامێکى یەکلاکەرەوە بۆ هێزەکانى سووریاى دیموکرات بنێرێت، کە کەوتنى بەشار ئەسەد، کاتى ئەوەیە بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرە قوورسەکان سەبارەت بە رێکارى ئەمنى و ئیدارى لەو ناوچانەى ژێردەسەڵاتى هەسەدە، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەى پلەیى ئەو هێزانە.
پێویستە لەسەر ئەمەریکا لەپێناو دیاریکردنى پشکى یاخود پۆستە حکومەکییەکان بۆ کوردى سووریا یاخود هەر گرووپێکى دیکە، ئەو کاتەى هەیئەى تەحریر رەتى کردەوە لەسەر بنەماى تائیفى و نەتەوەیى هیچ پۆستێک دیارى بکات، پێی وابێت سیستەمى تائیفى کە ئەمەریکا بەر لە (20) ساڵ لە عێراق پاڵپشتى کرد، هەڵەبوو، چالاکى مەدەنى پاڵپشت بە سەروەرى یاسا و پاراستنى ئازادیە کەسى و سیاسییەکان تاکە رێگەیە بۆ بونیادنانى دیمەکراسى راستەقینە لە سووریا، ئەو ئاراستەیە سست و پڕ ئاژاوە دەبێت، بەڵام لە کۆتایشدا پێویستە سوورییەکان خۆیان کاروبارى خۆیان دیارى بکەن، پێویست بە دەستوەردانى راستەوخۆى ئەمەریکى و بوونى سەربازیى ئەمەریکا لەسەر خاکى سووریا ناکات.
سەرچاوە: ماڵپەڕی نون پۆست
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment