کاتێک ئاگر مێژوو دەنووسێتەوە
نوچە نێت
(نەورۆز و مێژووی فەرامۆشکراو)
پ.ی.د. کامەران محەمەد
لە خاکێکی پیرۆزدا، لەنێوان ئەو چیایانەی کە سنوورە دەستکردەکان پەرت و کۆتی کردون، ئەو دەشتانەی کە هێڵە سورەکان لەیەکتری دابڕیوون، ئەو چیرۆکانەی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوە، کوردەکان ئاگری ساڵانەی خۆیان دادەگیرسێنن. بڵێسەکان سەما دەکەن و سروودە کۆنەکانیش (با)کان دەخەنە جوڵە، وەک ئەوەی زەوی لە خەوێکی قوڵی خۆی هەڵسابێت و بۆ جیهانی ڕابگەیەنێت، کە هێشتا لێرەیە و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێشن هێشتا لەبیریان نەچووە کە کێن. ئەوە نەورۆزە، ئەو جەژنەیە کە لە دەستوورەکاندا نەنووسراوەتەوە، بەڵکو لە دڵەکاندا هەڵکۆڵراوە، ئەو جەژنەی کە دەوڵەتەکان شەرعیەتی پێنادەن، چونکە لە خودی دەوڵەتەکان کۆنترە.
لەو ناوچانەی کورد هەر جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی هەیە، دەبێت نەورۆز ئاهەنگی فەرمی نەتەوەیی بێت
کاتێک ئاگر دەبێتە یادەوەریی
ئەو ئاگرانەی لە کاتی نەورۆزدا دادەگیرسێن، تەنها ئاهەنگێک نین بۆ هاتنی بەهار، هاوکات نەریتێکی فۆلکلۆری بێماناش نین، بەڵکو یادەوەریی میللەتێکن، دەسووتێن و لەناوناچن. ئەوان دوا شایەتحاڵی بەرخۆدانێکی درێژخایەنن، کە سەرکوتکاریی و چەوساندنەوەی چەندین سەدە نەیتوانیوە مۆمی شەوە درێژەکانییان بکوژێنێتەوە.
لە فەڕەنسا خەڵکی بەبۆنەی ڕۆژی باستیلەوە ئاهەنگ دەگێڕن، ئاڵای خۆیان بەرز دەکەنەوە و یادی شۆڕشەکەیان دەکەنەوە، کە کۆتایی بە سیستمی پاشایەتی هێنا. لە ئەمریکاش ئاهەنگی ڕۆژی سەربەخۆیی دەگێڕن، چیرۆکی باوکانی دامەزرێنەر دەگێڕنەوە. بەڵام لە کوردستاندا دەوڵەتێک نییە، کە ئاڵاکەی بەرزبکرێتەوە و سنوورێکی سیاسییش بۆ خاوەن خاکەکە نەکێشراوە، بەڵکو گەلێک هەیە، کە هەموو ساڵێک بە ئاگر مێژووەکەی دەنووسێتەوە. وەک ئەوەی لەسەر ڕووی کات هەڵی بکۆڵێت، هەتا نەسڕێتەوە. بەڵام، ئایا ئاگر بە تەنها بەسە بۆ دروستکردنی نەتەوە؟ ئایا نەورۆز کە بەرەنگاری ستەم و چەوساندنەوە و ڕاگواستن بووەتەوە، دەتوانێت لە ساتێکی خۆشی پەراوێزی مێژوو زیاتر بێت؟
نەورۆز تەنها جەژنێک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ژیان
نەورۆز لە نێوان ئەفسانە و واقیع
چیرۆکەکان باس لەوە دەکەن، کە کاوەی ئاسنگەر مەشخەڵی ئاگری بەرزکردۆتەوە، هەتا کۆتایی ستەم ڕابگەیەنێت، وەک ئەوەی کورد بیەوێت بۆ هەمیشە لەم ساتەدا بژی، واتە ساتەوەختی سەرکەوتن بەرامبەر ستەمکاریی. بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە کە ستەمکار هێشتا نەکەوتووە و سنوورەکان نەسڕاونەتەوە و ئەو میللەتەی ئاگرەکەشی داگیرساندووە، هێشتا لەنێو تاریکییەکاندا ماونەتەوە و بە گزنگی خۆر ئاشنا نەبوون. جولەکەکان هۆلۆکۆستیان هەبوو، نەیانهێشت تەنها مەرگەساتێک بێت! بەڵکو دەوڵەت و سیستەم و دیدێکی سیاسی تەواویان لێ دروست کرد. دواتر کردیان بە بەڵگەنامەیەکی دانوستان و ستراتیژی نیشتمانی و خۆیان لە قوربانییەوە بۆ کەسانی خاوەن بڕیار گۆڕی. بەڵام نەورۆز؟ ئایا تەنها یادەوەرییەکی جوانە یان پڕۆژەیەکی سیاسی؟ ئایا تەنها سروتێکی میللییە یان پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو؟
کاتێک ئاهەنگ گێڕان دەبێتە بەرخودان
بیهێنە بەرچاوت ئەگەر هەموو تاکێکی کورد ئاهەنگی نەورۆزی بگێڕایە، بەڵام نەک تەنها وەک جەژن، بەڵکو وەک بەیاننامەیەکی سیاسی و بەڵگەنامەی بوون و پڕۆژەیەکی نەتەوەیی؟ هاوکات بیهێنە بەرچاوت ئەگەر هەر ئاگرێک کە داگیرساوە پەیامێک بووایە بۆ جیهان: "ئێمە لێرەین، و هەر لێرەش دەمێنینەوە"، لەبری ئەوەی تەنها سەمایەکی ڕاگوزەریی بێت، کە لە کۆتایی شەودا کۆتایی دێت؟ هەر وڵاتێک لە تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، بە شێوازی خۆی هەوڵی سەرکوتکردنی نەورۆزی داوە. لە هەندێک شوێن ئاهەنگگێڕان تاوان بوو، لە هەندێکی تردا تەنها لە فۆلکلۆردا کورت دەکرایەوە، واتە ڕووداوێکی بێمانای بەکاربەریی. بەڵام نەورۆز ئاهەنگ نییە، موزیکێکیش نییە، کە لە تەلەفزیۆنی فەرمییدا پەخش بکرێت، بەڵکو نەورۆز شوناسە، ناوێکی ترە بۆ کوردستان.
ئەگەر نەورۆز لە ڕۆژێک زیاتر بێت چی؟
لە هەموو ئەو ناوچانەی کە کورد هەر جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی هەیە، دەبێت نەورۆز ئاهەنگی فەرمی نەتەوەیی بێت، نەک تەنها ئاهەنگێکی جەماوەریی ڕاگوزەریی. دواتر دەبێت لە قوتابخانەکاندا وەک مێژوویەکی سیاسی و کەلتووریی کە ویژدانی نەوەکانی داهاتوو دادەڕێژێت، بخوێنرێت، واتە نەک تەنها وەک چیرۆکێکی نەرتیی.
هەروەها دەبێت هێمای یەکگرتوویی کورد بێت، نەک تەنها بۆنەیەک بێت و هەر لایەنێک بە شێوازی خۆی ئاهەنگی بۆ بگێڕێت، بەڵکو ئەوە ڕۆژێکە کە کوردەکان چارەنووسی هاوبەشی خۆیانی تێدا ڕادەگەیەنن و ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە تەنها گەلێکی بێ دەوڵەت بن. هاوکات وەک چۆن ئەرمەنییەکان یادەوەریی جینۆساید و جولەکەکان هۆلۆکۆست بەکاردەهێنن، دەبێت کوردەکانیش لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا نەورۆز وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنن، واتە نەک تەنها یادەوەرییەک بێت، کە جیهان لەگەڵ خۆرئاوابووندا لەبیری بکات.
میللەتێک لە خۆڵەمێش لەدایک دەبێت
بەمشێوەیە نەورۆز تەنها جەژنێک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ژیان، ئەو ساتەیە کە کورد بەدەوری خۆیاندا دەخولێنەوە، لە بڵێسەی ئاگردا ڕەنگدانەوەی مێژووی دوور و درێژی خۆیان دەبیننەوە. بەڵام پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: ئایا ئەوان لەوێ دەمێننەوە، بە دەوری ئاگرەکەدا سەما دەکەن، یان دواجار ئەم مەشخەڵە هەڵدەگرن و دەیبەن بۆ جیهان و سەرەتای چیرۆکێکی جیاواز دەنووسنەوە؟
نەورۆز تەنها ڕابردووش نییە، ئایندەشە، بەڵام کاتێک دەبێت بە ئایندە بۆ کورد، کە بیکاتە زیاتر لە ئاهەنگێک، بەڵکو ڕاگەیاندنێکی ڕوونە بەوەی کە ئەم میللەتە هەرچەند چاوەڕوانییەکانی درێژ بێت، بەڵام لەژێر خۆڵەمێشەوە لەدایک دەبێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment