هوداپار، ئەڵقە ونبووەكەی دیدارەكانی پرسی چارەسەری كورد لەتوركیا بیروڕا

نوچە نێت

پ.ی.د.سەلام عەبدولكەریم

پاش لێدوانەكەی دەوڵەت باخچەڵی سەرۆكی پارتی مەهەپە و پێشنیازكردنی چارەسەری پرسی كورد، بەڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆو هاتنی ئۆجەلان بۆ ناو پەرلەمانی توركیا، وە پێشكەشكردنی گوتارێك بۆ وەڵامدانەوەی ئەرێنییەکانی ئۆجەلان بۆ ئەم پرسە. ئیدی لەوكاتەوە زەمینەسازییەك هاتۆتەئاراوەو شاندی (دەمپارتی)، دوای سەردانەكەیان بۆ ئیمرالی و دیداری ئۆجەلان، ژمارەیەك سەردانی پارتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی سیاسی توركیایان ئەنجامدا. لە پارتی مەهەپەوە تادەگاتە ئاكپارتی و ئاییندەو جەهەپە وپارتەکانی دیکەی نێو تورکیا، بەڵام ئەوەی نەبینراو تیبینی كرا، سەردانی نەكردنی شاندەكەی دەمپارتی بوو بۆ لای هوداپارو دیاریش نییە ئایا سەردانیان دەكەن یان نا، كە هوداپار پارتێكی سیاسی ئیسلامی كوردی توركیایە و چەقی كارو چالاكی سیاسییان ناوچە كوردییەكانی باكووری كوردستان و شارە كوردییەكانە، لەگەڵ ئەوەی لە پەرلەمانی توركیاشدا بوونیان هەیە، لەدوایین هەڵبژاردنیشدا توانیان ژمارەی كورسییەكانیان زیاد بكەن بۆ (٤) کورسی و بەراورد بەخولی هەڵبژردنەکانی پێشوو ژمارەی کورسیەکانیان زیادیکرد. 

  سەرباری ئەو ناكۆكییە قوڵە ئایدۆلۆژی و مێژووییە خوێناوییەی لەنێوان هوداپار(حزبوڵای كوردی)و پەكەكەدا هەبووە لەرابردووداو ئێستاشدا، كە پەیوەندییەكی ساردو سڕ بەدیدەكرێت لەنێوان هوداپارو دەمپارتی و پێشتریش لەگەڵ هەدەپەدا، بەڵام بەبڕوای ئێمە سەردانی شاندی دەمپارتی و ئیمرالی بۆ لای هوداپار، جگە لەوەی رێزگرتنە لەبوونی سیاسی هوداپار لەڕیزی پارتە توركییەكاندا، كەسەردانیان كردون و بەشداری ئەوان لەبەشداری پرۆسەی چارەسەری ئاشتی كێشەی كورد بەگرنگ و مەرج دەبینن. هاوكات بەشداری هوداپاریش هیچی كەمتر نییە لەبەشداری ئەو پارتانەی تر، كە شاندەكە سەردانیان كردوون، ئەمەش لەبەر چەند خاڵێكی گرنگ. ڕاستە هوداپار، كە ڕیشەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ حزبوڵای كوردی، لەكۆتایی ساڵانی حەفتاكان و ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی بیستەم، بەهۆی بەكارهێنانیان و تێوەگلانیان لەكوشتارو شەڕی كورد-كوردو پەلاماردانی یەكتری، بەهۆی دزەكردنی دەزگای سیخوڕی توركیا بۆ ناو ڕێكخستنەكانیان و كۆمەكی كردنیان و لەولاشەوە وەڵامدانەوەو هێرشكردنە سەریان لەلایەن پەكەكەوە، بەڵام لەئیستادا بارودۆخەكە گۆڕاوەو هوداپاریش تاڕادەیەكی زۆر بەخۆداچوونەوەیەكی كردووە.

هەربۆیە پاش ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی ئەم دواییە و بەرزكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانیان لەپەرلەمانی توركیا، وە دەركەوتنی زیاتر لەناوچەكانی باكووری كوردستان. ئەوە دەخوازێت لە دەمپارتی و هوداپاریش، كەلاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندی سیاسی و هاریكاری تەندروست لەمەڕ مافەكانی كوردو پرسی كورد لەتوركیا هەڵبدەنەوە. بۆیە بەلای ئێمەوە سەردانی شاندی ئیمرالی و دەمپارتی بۆ لای هوداپار گرنگە، چونكە:

  1. ئەم سەردانە دەبێتە هۆی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، كە دەمێكە پڕە لەناكۆكی و ساردو سڕی و نەبوونی هاوئاهەنگی پێویست لەمەڕ ماف و داواكارییەكانی كورد لەباكوری كوردستان و توركیا، دەشێ سەردانەكە بكرێتە زەمینەسازی بۆ هەنگاونان و كارو پرۆژەی هاوبەش بەتایبەت لەناو پەرلەمانی توركیا لەمەڕ باكووری كوردستان.
  2. ئەم سەردانە ماناو تێگەیشتن و وێنایەكی دیكە بەپەیوەندی سیاسی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمانی توركیا بەتایبەت دەمپارتی و هوداپار لەبەرامبەر پارتە توركییەكاندا، سەرباری ئەوەی سەردانیكردنی هوداپار گرنگی مەعنەوی و هێمایی خۆیی هەیە، چونكە هوداپاریش پارتێكی كوردی باكووری كوردستانەو خاوەن ئایدۆلۆجیاو ناسنامەیەكی ئیسلامی كوردییە، كە ئەمە دەبێتە هۆی ئاشتكردنەوەی جەماوەری كوردی بەهەردوو ئاراستەكەی نەتەوەیی و ئیسلامی لەكۆمەڵگەی كوردی باكووری كوردستانداو هێزێكی مەعنەویی دەبێت بۆ پرسی كورد لەم قۆناغەدا، كە هەمووان خوازیاری چارەسەری ئاشتییانەی ئەو پرسەن.
  3. سەردانەكە پانتایی و زەمینەی پەیوەندییەكانی نێوان دەمپارتی و هوداپار نزیك و ئاسایی دەكاتەوەو لەولاشەوە پەیوەندییەكانی هوداپارو ئاكپارتی رەنگە گرژو سست بكات، بەمەرجێ لەداهاتوودا دەمپارتی و هوداپار بتوانن درێژە بەو پەیوەندییە سیاسییە بدەن و بیگەیەننە ئاستی پرۆژەو كاری هاوبەشی پەرلەمانی، گەر نەشیانتوانی هاوپەیمانی پەرلەمانی ببەستن، چونكە چەند هوداپارو دەمپارتی لەیەك نزیك ببنەوە بەو ئەندازەیەش هوداپارو ئاكپارتی لەیەك دووردەكەونەوە.
  4. سەردانەكە ئەو بایەخەشی هەیە، كە هوداپار دەهێنێتە سەر رێگەی بایەخدانی جدی بەپرسی كورد لەكاری پەرلەمانی خۆیان و بەرجەستەبوونی لەناو پرۆژە یاساكانیان، كە پێشكەشی پەرلەمانی توركیای دەكەن، جیاواز لەوەی لەپرۆگرام و دیدگای سیاسی خۆیاندا رێگەچارەی سیاسییان بۆ پرسی كورد خستۆتەڕوو، یان لانیكەم ئەو تێڕوانین و تێزانەیان لەروانینی سیاسییاندا هەیە دەتوانرێت لەداهاتوودا بیكەنە پرۆژە یاسا بۆ چارەسەری پرسی كورد لەتوركیا، دیارترینیان ئەوەیە، كە هوداپار بڕوای بەوەیە دەبێ توركیا داوای لێبوردن لەكورد بكات بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی بەدرێژایی چەند ساڵ لەكوردی كردووە. هەروەها جەخت لەوە دەكەنەوە، كە مافی نەتەوەی كورد وەك هاوڵاتی توركیا لەدەستووردا بدرێت و بەدەستورو یاسا پارێزراو بێت، وەكچۆن مافی نەتەوەی تورك دراوەو پارێزراوە. هەروەها وازهێنانی دەوڵەتی لەسیاسەتی بەتورك كردنی كوردو قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی كوردی دەستی سیاسەتەكانی دەوڵەتی توركیا لەرابردوودا. سەرەڕای پیداگرتن لەسەر ئەوەی پێویستە كوردو تورك لەدەستووری توركیاداو وەك دامەزرێنەری توركیای نوێ ناویان پێكەوە بهێنرێت و زمانی كوردی وەك زمانی دووەمی توركیا بەفەرمی بناسرێت لەگەڵ چەند مافێکی دیکەی بنەمایی بۆ گەلی کورد، كە هەموو ئەو بیروبۆچوون و تێڕوانیانەی هوداپار گرنگن لەمەڕ ئاییندەی پرسی كورد لەتوركیاو هەڵوێست و بیروبۆچوونی سیاسی و نەتەوەیی بوێرانەشن.
  5. بەپێچەوانەشەوە سەردانی نەكردن و هەوڵی پەراوێزخستنی هوداپار، جگەلەوەی بە نەنگی و ڕەخنەیەكی جدی لەهەڵوێست و دیدو تێڕوانینی دەمپارتی و شاندی ئیمرالی لێكدەدرێتەوە، هاوكات هێندەی تر بۆشایی نێوان پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردی لەباكووری كوردستان و توركیاش فراوانتر دەكات و مایەی زیان دەبێت لەپرۆسەی سیاسی و ئاشتی كۆمەڵایەتی نێوان كوردو كاری سیاسی لەداهاتوودا.
  6. سەردانی نەكردنی هوداپار لەلایەن دەمپارتی و شاندی ئیمرالییەوە، بەدیوێكی تردا ناكۆكی سیاسی و جیاوازی ئایدۆلۆجی نێوان هوداپارو دەمپارتی توندترو فراوانتر دەكات، سەرباری ئەوەی بایەخ نەدانی دەمپارتی بەشوناسی ئایینی و ئیسلامی كورد تۆختر دەكاتەوە، كە بەهۆی ئەم بایەخ پێنەدانەی شوناسی ئایینی و ئیسلامی كورد لەباكووری كوردستان، بەهەند وەرنەگرتنی زیانی ملیۆنان دەنگیان لە كورد لەناوچەكانی باكووری كوردستان لەهەڵبژاردنەكانی ڕابردووی پەرلەمانی و شارەوانییەكان و سەرۆكایەتی كۆماریشدا داوە. بەدڵنیاییەوە بەردەوامبوونی دەمپارتی لەسەر ئەم جۆرە دیدو تێڕوانین و مامەڵەیە ئەو دۆخە بەردەوام دەبێت، كە پارتە سیاسییەكانی توركیا بەتایبەت ئاكپارتی بەهۆی ئاراستەكردنی گوتاری ئایینی و ئیسلامی و جەختكردنەوە لەناسنامەو شوناسی ئایینی و ئیسلامی لەباكووری كوردستان دەنگ و كورسی بەدەستبهێنن با رێژەو ژمارەكەشی كەمیش بێت. 
  7. دواجار سەردانیكردن و بەشداریپێكردنی هوداپار لەدیدارو وتووێژەكانی پرسی چارەسەری ئاشتییانەی كورد لەتوركیا ئەو بایەخە گرنگەی هەیەو ئەو پەیامە سیاسییە گرنگە دەگەیەنێت، كە پارتێكی سیاسی ناسنامە ئیسلامیش بایەخ بەپرسی كوردو چارەسەركردنی دەدات و هێزی مەعنەوی گەورە بەپرسی كورد لەداهاتووی توركیاو باكووری كوردستاندا دەبەخشێت، چونكە پێشتر هوداپار هاوپەیمان و هاوكاری سەركەوتنەكانی ئاكپارتی بووە لەهەندێ لەهەڵبژاردنەكاندا، بۆیە بەشداریكردنی تایبەتمەندی و هێزێكی ئایینی و ئیسلامی مەعنەوی دەبەخشێتە ئەم هەوڵی چارەسەرییەی هاتۆتە پێشەوەو مایەی بەهێزكردن و پتەوكردن و تۆكمەتركردنی  دەبێت.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین