كورد لەبەردەم عەقڵی ناوەندگەرایی نەتەوەكانی دراوسێدا بیروڕا

پ.ی.د.سەلام عەبدلكەریم

دوای زیاتر لەمانگێك بەسەر روخانی رژێمی بەعسی عەرەبی سوریاو رزگاركردنی ئەو وڵاتە لەژێر سایەی بنەماڵەی ئەسەددا، هێشتا سەرەتاكانی شادبوونەوەی گەلانی سوریاو گەلی كورد بەمافەكانی روون نییە، بەهۆی دەستوەردانەكانی وڵاتانی جیهانی و هەرێمیی لەكاروباری ناوخۆی سوریا هەریەكە بەبیانووی بونیاتنانەوەی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەو پاراستنی ئاساییشی وڵاتەكەی، هاوكات لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقیشەوە ئاسۆی چارەسەركردنی گرفتە بنەڕەتییە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەكان ڕوون نین، بەهۆی ئەوەی رەنگە ئەجێندای وڵاتانی جیهانی و ئیسرائیل لەوەدا خۆی ببینێتەوە، كە نەیانەوێت جارێكیتر سوریاو سوپاكەی و سیستەمە سیاسی و فەرمانڕەواییەكەی بەو بەهێزییە دابمەزرێنەوە، كەمایەی مەترسی بێت لەسەر ئاساییشی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەتا تەنانەت توركیاش سەرباری ئەوەی خۆی وەك پارێزەری سوریاو وەسیی بەسەر دەسەڵاتدارانی نوێی سوریاوە دەبینێت ئامادە نیە پێشهاتێكی لەو شێوەیە بخوازێت.

لەگەڵ بوونی ئەجێنداو بەرژەوەندی پێكداچووی وڵاتانی جیهانی و هەرێمی، بەڵام ئەوەی جێی لەسەر راوەستانە ئەوەیە، كە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقیش هێشتا دەستبەرداری بیركردنەوەو عەقڵیەتی ناوەندگەرایی نەبوون، وەكچۆن دەسەڵاتدارانی عێراقیش دوای بونیاتنانەوەو دامەزراندنەوەی نەیانتوانی خۆیان لەبیركردنەوەو عەقڵیەتی ناوەندگەرایی بەرامبەر بەكورد رزگار بكەن. ئەڵبەت هەمان بیركردنەوەو عەقڵیەت لای فارس و تورك لەتوركیاو ئێرانیش بوونی هەیە. بۆیە لەئێستادا، كە فۆكەسی جیهانی لەسەر پرسی بونیاتنانەوەی سوریای نوێیەو هەمووان دەخوازن هەموو نەتەوەو پێكهاتەو كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان لەدامەزراندنەوەیدا بەشداربن، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە، كە بێ گۆڕینی دیدگای دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بەرامبەر بەكوردو نەتەوەو پێكهاتەكانی تر كارێكی قورس بێت بیناكردنەوەی سوریای نوێ، چونكە هەریەک لە نەتەوەو پێكهاتەكانی تر، جگە لەعەرەب قبوڵی ئەو دۆخە نوێیە ناكەن، لەلایەکی تریشەوە بەرژەوەندی و ئەجێندای ئاشكراو نهێنی وڵاتانی جیهانی و هەرێمیش ئەوە ناخوازن سوریای نوێ لەسەر باڵادەستی نەتەوەیەك و بیركردنەوەو عەقڵیەتی ناوەندگەرایی نەتەوەیەكی تر دابمەزرێتەوە، كە پێشتر لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی رژێمی بەعسی سوریاو بنەماڵەی ئەسەد قوربانی ئەو مۆدێلە لەفەرمانڕەوایی بووە. 

ئەوەشی لێرەدا وەك ئەرگومێنت خۆی مانیفێست دەكات بریتییە لەناسنامەی سیاسی وڵاتی سوریا، كە دوای نەمانی رژێمی بەعس و دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدیش هێشتا وەكخۆی ماوەو نەگۆڕاوە، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات و نوسراوە (الجمهوریة العربیة السوریة) وەك ئەم تابلۆیەمان لەبەردەمی (ئەحمەد شەیبانی) وەزیری دەرەوەی حكومەتی راگوزەری سوریا لەكۆبوونەوەی سعودیەدا بینی. جا پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر سوریا كۆمارێكی عەرەبی بێت لەئێستاو داهاتووشدا مافی نەتەوەو پێكهاتە ناعەرەبەكانی تر دەكەوێتە كوێی ئاییندەی سوریاوە؟ ئایا لەدەستوری نوێی سوریادا، كە وەك ئەحمەد شەرع ئاماژەی پێداوە چوار ساڵی پێویستە ئەم ناسنامەی دەوڵەتی سوریایە لەدەستووردا بەهەمان شێوە دەچەسپێنرێتەوە؟ ئایا گەر چەسپێنرایەوەو بەردەوام بوو سەپاندنەوەی هەمان بیركردنەوەو عەقڵیەتی ناوەندگەرایی عەرەبی عێراق نییە بەسەر نەتەوەكانی تر بەگشتی و نەتەوەی كوردیشداو كە پێكهاتەو نەتەوەیەكی سەرەكییە لەسوریاو عێراقیشدا؟ 

ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، كە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق پێناچێت دەستبەرداری ئەم ناسنامەیەی كۆماری سوریا ببن لەداهاتووشدا، چونكە ئەو هێزەی لەسەر دەسەڵاتەو جڵەوی هەموو پۆستە هەستیارو سەرەكییەكانی سوریای نوێی گرتۆتە دەست بریتین لەهێزی ئیسلامی، كە خەسڵەتی عەرەبی و سوننییان تیدا رەنگداوەتەوەو نكوڵی لێناكەن و وەك خۆشیان رایانگەیاندووە دەیانەوێت بگەڕێنەوە ناو كۆمكاری عەرەبی و یەكەم سەردانی وەزیری دەرەوەی سوریای نوێ بەرەو سعودیەو بەشداری كۆبوونەوەی ئەو وڵاتە بەڵگەیەكی ئەو نەزعەو خولیایەیە، كە گەر توركیا رێگەیان پێبدات دەیهێننەدی. هاوكات یەكێكی تر لەو هۆكارانەی وادەكات دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا زیاتر پێداگربن لەسەر ناسنامەی عەرەبێتی كۆمارە نوێیەكەیان پاش روخانی رژێمی ئەسەد، بریتییە لەگوشارەكانی توركیا بۆمانەوەو پابەندبوونی زیاتر بەو ناسنامەوە، ئەوەش بۆئەوەی لەخواست و مافە سیاسیی و نەتەوەییەكانی كورد لەسوریای نوێدا رزگاری ببێت، چونكە مانەوەی سوریا لەسەر ناسنامە عەرەبییەكەی رێگە لەبەردەم گەیشتنی مافەكانی كورد لە ڕووی نەتەوەییەوە لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا دادەخات. كە توركیا هەستیاری پێی هەیەو ناخوازێت كورد لەداهاتووی سوریای نوێدا هیچ مافێكی نەتەوەیی بەدەستبهێنن.

 بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ناسنامەی سوریای نوێ چ لەپرۆسەی بونیاتنانەوەی سوریای نوێ و چ لەدانوستانی نێوان نەتەوەو پێكهاتەكان و گفتوگۆی نیشتیمانی، كە بڕیارە ئەنجام بدرێت و دواجار چ لەنووسینەوەی دەستورێكی نوێشدا دیسان جێگەی مشتەمڕ دەبێت، چونكە بۆ خۆی لەبنەڕەتدا بیركردنەوەو عەقڵیەتەكە مایەی پەراوێزخستنی نەتەوەكانی ترو پشتگوێخستنی مافی نەتەوەكانی ترە لەسوریای نوێداو فەرمانڕەواییكردنە لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی و بەپەراوێز بینینی نەتەوەكانی ترو مافەكانیان وەك چۆن ئەم دیدو بیركردنەوەو عەقڵیەتە لەعێراقی ئەمڕۆدا بوونی ماوەو تاڕادەیەكی زۆر كاری پێدەكرێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین