هاوکێشەی جیۆستراتیژی هیندستان و پاکستان لە سیستەمی جیهانی فرەجەمسەردا بیروڕا

نوچە نێت

د.ئارام ئەحمەد، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان/ زانكۆی راپەڕین

 سیستەمی جیهانی ئێستا لە قۆناغێکی گواستنەوەی مێژوویی و ستراتیژی دایە، کە تێیدا هاوکێشە کلاسیکییەکانی هێز بەرەو ئاڕاستەیەکی نوێ هەنگاو دەنێن. لەم چوارچێوەیەدا، ململانێی نێوان هیندستان و پاکستان، وەک دوو دەوڵەتی ناوکی و دوو هێزی کاریگەری ناوچەیی، نەک تەنها ڕەهەندێکی دووقۆڵی هەیە، بەڵکوو بووەتە ئاوێنەی ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی. لێکۆڵینەوە لە هاوپەیمانییەکانی ئەم دوو دەوڵەتە، دەرگای تێگەیشتن لە قووڵایی ستراتیژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکاتەوە.

ڕەهەندە مێژوویی و ئایدیۆلۆژییەکانی ململانێی هیندستان-پاکستان

نزیکەی حەفتا و پێنج ساڵە ملمانێ لە نێوان دەوڵەتانی هیندستان و پاکستان بەردەوامە، کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی دابەشبوونی نیمچە-کیشوەری هیندستان لە ساڵی 1947 لەژێر سایەی کۆتاییهاتنی داگیرکاری بەریتانیدا. ئەم ملمانێیە، کە لەسەر بنەمای جیاوازی ئایدیۆلۆژی، مێژوویی، و ناسنامەیی دروست بووە، لە سەردەمی هاوچەرخدا گەشەی کردووە و چووەتە چوارچێوەیەکی ئاڵۆزتری ستراتیژی جیهانییەوە کە پێویستە بە ووردی شرۆڤەی بکەین.

ڕیشەی ئەم ململانێیە لە بنەڕەتدا بۆ جیاوازی لە تێڕوانینی ناسنامەی نەتەوەیی دەگەڕێتەوە: پاکستان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی-ناسیۆنالیستی دامەزرا، لە کاتێکدا هیندستان خۆی وەک دەوڵەتێکی سێکیولار و فرەچەشن پێناسە کرد. ئەم جیاوازییە بنەڕەتییە بووە سەرچاوەی چەندین شەڕی سەربازی و قەیرانی دیپلۆماسی کە بەردەوام سایەی خستووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان. لەم چواچێوەیەدا خوێندنەوەی هاوپەیمانییەکان بە پێی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان دەخەینر ڕوو: 

هاوپەیمانانی پاکستان: ستراتیژی هەمەلایەنە، چین و پاکستان: هاوپەیمانی "ئاسنین" لە دژی هەژموونی هیندی

پەیوەندی نێوان پاکستان و چین، کە بە "هاوپەیمانی ئاسنین" ناسراوە، یەکێکە لە درێژخایەنترین و قووڵترین هاوپەیمانییەکانی جیهانی هاوچەرخ. ئەم هاوپەیمانییە لە ساڵانی 1960ەوە دەستی پێکرد و لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێکی ستراتیژی کە هەموو بوارەکانی سەربازی، ئابووری، دیپلۆماسی و تەکنەلۆژی دەگرێتەوە. چین وەک گەورەترین هێزی ناوچەیی کە لە ملمانێی ستراتیژی لەگەڵ هیندستان دایە، پاکستانی وەک بەرگریکارێکی سروشتی بەرژەوەندییەکانی لە باشووری ئاسیا دەبینێت.

پڕۆژەی ڕێڕەوی ئابووری چین-پاکستان (CPEC) بە بەهای زیاتر لە 62 ملیار دۆلار، قووڵایی ئەم پەیوەندییە دەردەخات. ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها گرنگی ئابووری بۆ پاکستان هەیە، بەڵکو لە چوارچێوەی ستراتیژی "یەک کەمەربەند، یەک ڕێگا"ی چینیشدا، کاریگەری ژیۆپۆلیتیکی چین فراوان دەکات بەرەو ڕۆژئاوای ئاسیا و زەریای هیندی. هاوکاری چین لە پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی و ئاسایشی پاکستان، ئاستی دیکەی ئەم هاوپەیمانییە دەردەخات کە مەبەستی سنوورداکردنی هەژموونی هیندستانە لە ناوچەکەدا.

سعودیە و پاکستان: قووڵایی پەیوەندی ئیدیۆلۆژی و ئابووری

پەیوەندی نێوان پاکستان و شانشینی سعودیە لەسەر بنەمایەکی چەند ڕەهەندی دامەزراوە کە چەندین دەیەیە بەردەوامی هەیە. سعودیە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی نەوت و یارمەتی ئابووری بۆ پاکستان، لە قەیرانە ئابوورییەکاندا چەندین جار فریاکەوتنی پاکستان بووە. تەنها لە ساڵی 2018، سعودیە بڕی 6 ملیار دۆلاری وەک پشتگیری داراییی بەخشی بە پاکستان بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانی هەڵاوسان.

لە ڕووی ئایدیۆلۆژیشەوە، پاکستان خۆی وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلامی دەبینێت و پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ سعودیە هەیە وەک پاسەوانی حەرەمەینی پیرۆز. ئەم پەیوەندییە ئایدیۆلۆژییە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی پاکستان و بەتایبەت پەیوەندی لەگەڵ ئێران داناوە. بەڵام پاکستان هەوڵی داوە لەم ساڵانەی دواییدا هاوسەنگی لە نێوان پەیوەندی لەگەڵ سعودیە و ئێراندا بپارێزێت، هەرچەندە ئەمە بووەتە مایەی ناڕەزایی سعودیە لە هەندێک بارودۆخدا.

تورکیا و پاکستان: نزیکبوونەوەی ستراتیژی و کەلتووری

پەیوەندی نێوان پاکستان و تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغاندا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم پەیوەندییە زیاتر لەسەر بنەمای هاوبیری ئیسلامی-سیاسی و بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەش دامەزراوە. تورکیا وەک هێزێکی ئابووری و سەربازی گەشەکردوو، بەرەو کاریگەری زیاتر لە جیهانی ئیسلامیدا هەنگاوی ناوە و پاکستان وەک هاوبەشێکی گرنگ دەبینێت لەم ڕێگەیەدا.

پەیوەندی سەربازی نێوان هەردوو وڵات بەرەو ئاستێکی بەرز گەشەی کردووە، بەتایبەت لە بواری پیشەسازی بەرگری و نوێکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی پاکستان. پڕۆژەی هاوبەشی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی لە نێوان پاکستان و تورکیا نموونەیەکی ڕوونی ئەم هاوکارییە ستراتیژییەیە. هەروەها، تورکیا پشتگیری پاکستان دەکات لە پرسی کەشمیردا و لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا مەوقیفی نزیک لە پاکستان وەردەگرێت.

بەریتانیا و پاکستان: میراتی کۆلۆنیالی و بەرژەوەندییە نوێکان

سەرەڕای کۆتاییهاتنی سەردەمی داگیرکاری، پەیوەندی نێوان بەریتانیا و پاکستان بەهێز ماوەتەوە. پاکستان ئەندامی کۆمنوێڵسی بەریتانییە و پەیوەندییەکی بەهێزی دیپلۆماسی و سەربازی لەگەڵ بەریتانیا هەیە. بەریتانیا وەک هێزێکی ڕۆژئاوایی، پاکستانی وەک فاکتەرێکی سەقامگیرکەر لە ناوچەی ئاسیای باشوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێت.

هاوکاری ئەمنی لە دژی تیرۆر و هەڕەشە نوێیەکان، و هەروەها پشتگیری دارایی و سەرمایەگوزاری بەشێکی گرنگی ئەم پەیوەندییەیە. بەریتانیا لە ساڵی 2019 بڕی یەك ملیار پاوەندی وەک قەرز بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی پاکستان تەرخان کرد. هەروەها، پەیوەندی کەلتووری لە ڕێگەی زمانی ئینگلیزی و سیستەمی پەروەردەوە، پردێکی بەهێزی نێوان هەردوو وڵاتە.

کۆریای باکوور و پاکستان: پەیوەندی نهێنی تەکنەلۆژی سەربازی

پەیوەندی نێوان پاکستان و کۆریای باکوور کەمتر باس دەکرێت لە میدیای جیهانیدا، بەڵام ئەم پەیوەندییە قووڵایی ستراتیژی هەیە. بەڵگەکان ئاماژە دەکەن کە هاوکاری نێوان پاکستان و کۆریای باکوور لە بواری تەکنەلۆژیای مووشەکی و چەکی ناوکیدا بەردەوام بووە. کۆریای باکوور پێویستی بە سەرچاوەی داهات هەیە و پاکستانیش پێویستی بە تەکنەلۆژیای سەربازییە کە لە ڕێگەی ئاساییەوە ناتوانێت بەدەستی بهێنێت.

ئەم هاوکارییە نهێنییە لە ژێر چاودێری چینەوە ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای سەربازی پاکستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی هیندستان. هەرچەندە هەردوو لا بە فەرمی نکۆڵی لە هاوکاری ستراتیژی دەکەن، بەڵام شیکارییە سەربازییەکان ئاماژە بە لێکچوونی سیستەمە مووشەکییەکانی هەردوو وڵات دەکەن.

هاوپەیمانانی هیندستان: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هیندستان: هاوپەیمانی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین

لە دوو دەیەی ڕابردوودا، پەیوەندی نێوان هیندستان و ئەمریکا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینیوە. لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد، ئەمریکا بەرەبەرە هیندستانی وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی لە ناوچەکەدا پەسەند کردووە. ئەم نزیکبوونەوەیە لە ساڵانی دواییدا خێراتر بووە، بەتایبەت لە ڕووی هەوڵی ئەمریکا بۆ سنوورداکردنی هەژموونی چین لە ناوچەی ئاسیا-پاسیفیکدا.

ڕێککەوتنی هاوکاری ناوکی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2005، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو کە لە ڕێگەیەوە هیندستان توانی وەک دەوڵەتێکی ناوکی بە فەرمی بناسرێت، سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕێککەوتنی NPT واژۆی نەکردبوو. هاوکاری سەربازی لە ڕێگەی مەشقی هاوبەش و فرۆشتنی سیستەمە سەربازییە پێشکەوتووەکان، پەیوەندی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتی بەهێزتر کردووە.

هەروەها لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی QUAD کە هیندستان، ئەمریکا، ژاپۆن و ئوسترالیا کۆدەکاتەوە، وەک بەرەیەکی دیموکراتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین لە ناوچەکەدا دەبینرێت. ئەم هاوپەیمانییە ئاسایشی تەنگەی مالاکا و دەریای چین بەرەو بەرژەوەندی هێزە دیموکراتییەکان دەپارێزێت.

ئیسرائیل و هیندستان: تەکنەلۆژیا و ڕێککەوتنی بەرگری

پەیوەندی نێوان هیندستان و ئیسرائیل لە دوای ساڵی 1991 گەشەی کرد، کاتێک هیندستان بە فەرمی دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا. لە سەردەمی نارێندرا مۆدیدا، ئەم پەیوەندییە ئاستێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە. ئیسرائیل یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی تەکنەلۆژیای سەربازی و ئەمنی بۆ هیندستان و هاوکاریش لە بواری ئاسایشی سایبەر و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. لە ساڵی 2017، نارێندرا مۆدی یەکەمین سەرۆک وەزیرانی هیندستان بوو کە سەردانی فەرمی ئیسرائیلی کرد، کە نیشانەی قووڵبوونی پەیوەندییەکان بوو. ڕێککەوتنی هاوکاری بەرگری بە بەهای نزیکەی 2 ملیار دۆلار و هاوکاری لە بواری کشتوکاڵی و تەکنەلۆژیای ئاو، بەشێکی گرنگی ئەم پەیوەندییەیە. ئەم هاوپەیمانییە ئەگەرچی بۆ هەردوولا سوودی ستراتیژی هەیە، بەڵام هەندێک جار هیندستان کەوتووەتە بارودۆخێکی سەختەوە لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا، کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل لاوازە.

ئێران و هیندستان: هاوپەیمانی بەرژەوەندیخواز

پەیوەندی نێوان هیندستان و ئێران یەکێکە لە سەیرترین هاوکێشەکان لە سیاسەتی دەرەوەی هیندستاندا. هیندستان سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ ئێران نییە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی ستراتیژی لە نێوانیاندا دروست کردووە بریتییە لە بەرژەوەندییە ئابووری و ژیۆپۆلیتیکییەکان:

هیندستان بەندەری چابەهاری ئێرانی وەک دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە ئاسیای ناوەڕاست، ئەفغانستان، و لە دوا ئامانجدا بازاڕەکانی ئەورووپا دەبینێت. پڕۆژەی بەندەری چابەهار بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار، ئامانجی کورتکردنەوەی ڕێگای بازرگانی و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە پاکستانە بۆ گەیشتن بەم ناوچانە. ئێران سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە بۆ هیندستان، بەتایبەت نەوت و غاز. سەرەڕای گەمارۆکانی ئەمریکا، هیندستان هەوڵی داوە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران بپارێزێت، هەرچەندە ناچار بووە لە هەندێک بارودۆخدا کڕینی نەوتی ئێرانی کەم بکاتەوە. ئەم هاوپەیمانییە هاوسەنگی نێوان پەیوەندی هیندستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تێک نادات، چونکە هیندستان توانیویەتی سیاسەتێکی پراگماتیکی لەم بارەیەوە بگرێتە بەر.

گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، گواستنەوەی سەنتەری هێز بەرەو ئاسیا

سەرهەڵدانی چین وەک هێزێکی ئابووری و سەربازی، و گەشەی هیندستان وەک هێزێکی ناوچەیی، بووەتە هۆی گواستنەوەی سەنتەری قورسایی سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو ئاسیا. لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانییەکانی هیندستان و پاکستان ڕەنگدانەوەی ملمانێی هێزە گەورەکانن بۆ کاریگەری زیاتر لە ناوچەکەدا.

چین و ئەمریکا وەک دوو هێزی سەرەکی لەم ملمانێیەدا، هیندستان و پاکستانیان وەک ئامرازێک بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکارهێناوە. پاکستان لە چوارچێوەی "هاوپەیمانی ئاسنین" لەگەڵ چین، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی چین دەکات و وەک هاوسەنگکەری هیندستان ڕۆڵ دەبینێت. هیندستانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا، وەک بەشێک لە ستراتیژی "هێندۆ-پاسیفیک" بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی چین، ڕۆڵی کاریگەر دەبینێت.

لە لایەکی تر، هاوکێشەی نێوان هیندستان و پاکستان و هاوپەیمانییەکانیان، سیستەمێکی فرەجەمسەری ناوچەیی دروست کردووە کە تێیدا چەندین هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەوڵ دەدەن بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن. ئەم سیستەمە فرەجەمسەرییە ئاڵۆزییەکی زیاتری بەخشیوە بە ناوچەکە و ئەگەری ناسەقامگیری زیاتر کردووە. بوونی هێزی ناوکی لە لای هەر دوو دەوڵەت، بارودۆخەکەی نازکتر کردووە. هەڵەیەکی بچووک لەم هاوکێشەیەدا دەتوانێت کاریگەری مەترسیدار لەسەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دروست بکات. بۆیە ڕۆڵی هێزە گەورەکان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، گرنگییەکی تایبەتی هەیە.

ئایندەی هاوکێشەکە: سیناریۆ چاوەڕوانکراو ەکان

سیناریۆی یەکەم: بەردەوامی هاوسەنگی نێوان دوو جەمسەر

لە سیناریۆی یەکەمدا، هاوسەنگی هێز لە نێوان هیندستان و پاکستان و هاوپەیمانەکانیان بەردەوام دەبێت. هیندستان بەرەبەرە وەک هێزێکی ئابووری گەورەتر گەشە دەکات، بەڵام پاکستان لە ڕێگەی هاوپەیمانی لەگەڵ چین، توانای خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هیندستان دەپارێزێت. ئەم هاوسەنگییە ڕەنگە ببێتە هۆی بەردەوامی ناسەقامگیری، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگر دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەورە.

سیناریۆی دووەم: هاوسەنگی نوێ لە سایەی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان

لە سیناریۆی دووەمدا، گۆڕانکاری لە هاوکێشەی هێزی نێودەوڵەتیدا کاریگەری قووڵ لەسەر پەیوەندی هیندستان-پاکستان دادەنێت. لاوازبوونی هەژموونی ئەمریکا لە ئاسیا و بەهێزبوونی زیاتری چین، دەکرێت هاوسەنگی هێز بەرەو لایەنی پاکستان بگۆڕێت. لە بەرامبەردا، هیندستان ناچار دەبێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ ڕووسیا و هێزە ئەوروپییەکان بەهێزتر بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی. لەم سیناریۆیەدا، ئەگەری دروستبوونی بلۆکی نوێی هێز لە ناوچەکەدا زیاترە، کە دەشێت ببێتە هۆی گەشەی ڕکابەری و ملمانێی زیاتر. ڕۆڵی ڕووسیا و هێزە ئەوروپییەکان گرنگتر دەبێت، و هاوپەیمانی نوێ دروست دەبێت کە جێگای هاوپەیمانییە کلاسیکییەکان دەگرێتەوە.

سیناریۆی سێیەم: ئاشتەوایی و هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشە هاوبەشەکان

لە سیناریۆی سێیەمدا، گۆڕانکارییە جیهانییەکان وەک گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی ئاو، و پەتای نوێ دەبنە هۆی نزیکبوونەوەی هیندستان و پاکستان لە یەکتر. بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەڕەشە نادیاریکراوەکان، هەردوو وڵات هان دەدەن کە هەندێک لە ناکۆکییەکانیان لاوە بنێن و بەرەو هاوکاری ستراتیژی هەنگاو بنێن. ئەم سیناریۆیە دەشێت بەهێزکردنی ڕێکخراوی شانگهای و ڕێکخراوی هاوکاری ئاسیای باشوور (SAARC) بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە هەردوو وڵات لەخۆدەگرێت و دەتوانێت ببێتە چوارچێوەیەک بۆ دیالۆگ و هاوکاری.

سیناریۆی چوارەم: ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و قەیرانی سنووردار

سیناریۆی مەترسیدارتر ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی سنووردارە لە نێوان هەردوو وڵاتدا. پێشێلکاری سنووری، ڕووداوی تیرۆریستی، یان گرژی لە ناوچەی کەشمیردا دەکرێت ببێتە هۆی شەڕێکی کورتخایەن. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەشێت بەشێوەیەکی خێرا کۆنترۆڵ بکرێت لە ژێر فشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام کاریگەری درێژخایەنی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات. لەم حاڵەتەدا، ڕۆڵی چین و ئەمریکا لە ئاڕاستەکردنی هاوپەیمانەکانیان زۆر گرنگ دەبێت، و ئەگەری ئەوە هەیە کە شەڕەکە بەرەو پرۆکسی-وار (جەنگی نوێنەرایەتی) بچێت لە ناوچەکەدا.

دەرئەنجام: پێشبینیکردنی ئایندەی هاوکێشەی هیندستان-پاکستان

بە شێوەیەکی گشتی، هاوکێشەی هێز لە نێوان هیندستان و پاکستان و هاوپەیمانییەکانیان، تەنها لە چوارچێوەی دووقۆڵیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتییە. بۆیە، ئەگەری ئەوە زیاترە کە بارودۆخەکە بەرەو سیناریۆی یەکەم یان دووەم بچێت، کە تێیدا هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت، بەڵام لە فۆرم و چوارچێوەی جیاوازدا.

ئەوەی گرنگە و پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە، بریتییە لە ئەگەری زیادبوونی ململانێی نێوان چین و ئەمریکا لە داهاتوودا، کە دەکرێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندی هیندستان و پاکستان هەبێت. پاراستنی هاوسەنگی هێزی ناوکی و دووربوون لە هەڵەی حیسابکردن، پێویستی بە دیپلۆماسییەکی بەهێز و کاریگەرە لە نێوان هێزە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی گەورەتر لە ناوچەکەدا.

هەروەها، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان وەک گۆڕانی کەشوهەوا، چالاکییە سایبەرییەکان، تیرۆری نێودەوڵەتی، و گۆڕانکاری لە سەرچاوەکانی وزەدا، دەتوانن مەودای نوێ بخەنە نێو ئەم هاوکێشەیەوە، کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی بەردەوام و چاودێری هەیە بۆ پێشبینیکردنی ئایندەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین