ئەردۆغان و پرۆسەی چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسی وەرگێڕان

نوچە نێت

نووسینی: نەهال تابش

وەرگێڕانی: سۆران جەلیل

دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ، لە (19)ی مارچی 2025، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و گرژی سیاسی لێ کەوتەوە کە نەک تەنیا کاریگەری لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و ئازادییە مەدەنییەکانی تورکیا هەبوو، بەڵکوو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کاردانەوەی بەرفرەوانی لێ کەوتەوە. ئیمام ئۆغڵوو، کە بە ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی کۆماردا دادەنرا، بە تۆمەتی گەندەڵی و پێوەندی بە تیرۆرەوە دەستگیر کرا، هەنگاوێک بە بۆچوونی زۆرێک لە ڕەخنەگران بە هەوڵێک بۆ نەهێشتنی ڕکابەری سەرەکی دەیانبینی، بە تایبەت لە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەدا. ئەم ڕووداوە تەنیا بەشێکە لە پێشهاتە سیاسییە ئاڵۆز و تێکەڵاوەکانی تورکیا، پێوەندییەکی تایبەتی بە پلانی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی تورکیا هەیە. بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوەکانی ئێستەی تورکیا، پێویستە لە ڕەوتە سیاسییەکانی ڕابردوو و گۆڕانی هاوپەیمانییەکان بکۆڵینەوە.

ئەردۆغان لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە ساڵی 2003ەوە تا ئەمڕۆ بۆ چەسپاندن و پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆی، ڕێوشوێنی بەرفرەوانی لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا گرتووەتە بەر. ئەردۆغان لە یەکەم ڕۆژەکانی لە سیاسەتدا توانی لە قالبی ڕێبەرێکی دەسەڵاتدار و بە پشتبەستن بە گۆڕانکاری بەرفرەوان لە دامودەزگاکانی حکوومەت، پاکتاوکردنی سوپا و دەسەڵاتی دادوەری و چاکسازی دەستووری پایەکانی دەسەڵاتی خۆی بەهێزتر بکات. ئەو لەم ڕێگەیەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی وەک کوودەتاکەی 2016 و قەیرانی ئابووری بووەوە، بەڵام توانی ئەم کێشانە بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە.

ئاشتی لەگەڵ کوردەکان و دانوستاندنە نوێیەکانی ئەردۆغان لەگەڵ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری گرینگ لە سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی تورکیادا. ئەم گۆڕانکاریانە ئەوە دەردەخەن کە ئەردۆغان بۆ پاراستنی دەسەڵات، پێویستی بە ڕێککەوتنە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و تەنانەت کوردەکانیش.

تورکیای پێش ئەردۆغان

پێش هاتنەسەرکاری ئەردۆغان، تورکیا ڕووبەڕووی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری بووبووەوە. لە دەیەی 1990، تورکیا تووشی داڕمانی حکوومەتەکانی هاوپەیمانی و چەندان قەیرانی ئابووری بوو. لەو ماوەیەدا، سوپای تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتدا هەبوو و لە ساڵی 1997دا حکوومەتی نەجمەددین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی ئیسلامگەرا، لەژێر فشاری سوپادا ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرا، ڕووداوێک کە لە تورکیادا بە "کوودەتای پۆست مۆدێرن" ناسراوە.

سەرۆک وەزیرانی ئەردۆغان و ساڵانی سەرەتا (2003-2007)

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پێشتر سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ بوو، لە ساڵی 2001 پارتی داد و گەشەپێدانی دامەزراند. ئەم پارتە بە تیشک خستەسەر چاکسازییە ئابووری و دیموکراسییەکان، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2002دا سەرکەوتنی بەدەست هێنا. هەرچەندە ئەردۆغان بە هۆی ئەو سزایەی پێشتر لەسەری بوو، قەدەغە کرابوو ببێتە سەرۆک وەزیران، بەڵام دوای چاکسازی یاسایی لە مانگی مارچی 2003 بوو بە سەرۆک وەزیران.

ئەردۆغان لە ساڵانی سەرەتای سەرۆک وەزیرانییەکەیدا، بە هۆی چاکسازی و سەرکەوتنە ئابوورییەکانەوە ناوبانگێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و وردە وردە دەستی کرد بە چەسپاندن و پتەوکردنی دەسەڵات. لەم ماوەیەدا سوودی لە جەماوەرییەتی خۆی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری دامەزراوە گرینگەکان و ڕکابەرە تەقلیدییەکانی وەرگرت. لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، لاوازکردنی سوپا و فشار لەسەر میدیاکان.

ئەردۆغان لە ساڵی 2003، پرۆسەی پێوەستبوونی تورکیا بە یەکێتیی ئەورووپاوە وەک بیانوویەک بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەربازی بەکار هێنا. ئامانج لەم چاکسازیانە بەهێزکردنی دەسەڵاتی مەدەنی بوو بەسەر سەربازیدا و سنووردارکردنی ڕۆڵی سەربازی لە کاروباری سیاسیدا. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە بریتی بوون لە سنووردارکردنی بوونی سەربازی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەن لە جێبەجێکردنەوە بۆ ڕاوێژکاری و کەمکردنەوەی بەشداریکردنی سەربازی لە کاروباری مەدەنی وەک فێرکردنی زمانی بیانی.

جگە لەمەش، ئەو بە پشتبەستن بە پێویستی چاکسازیکردن بە مەبەستی چوونەناو یەکێتیی ئەورووپا، لە دوای ڕیفراندۆمی ساڵی 2010 گۆڕانکاری لە یاساکانی دادوەری لەوانە پێکهاتەی ئەنجومەنی باڵای دادوەران و داواکاری گشتی کرد. پاکێجی چاکسازیی حکوومەت هەموارکردنەوەی 26 مادەی لە دەستووری ساڵی 1982ی لەخۆ گرتبوو، کە بە گوتەی ڕەخنەگران دوو لەو مادانە، کاریگەری زۆری حکوومەت لەسەر دەسەڵاتی دادوەری و لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لێ دەکەوتەوە.

لەو ماوەیەدا ئەردۆغان زەمینەی خۆش کرد بۆ کۆمپانیاکانی نزیک لە حکوومەت کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بکڕن و بە سەپاندنی باجی قورس خستیانییە ژێر فشارەوە. ئەم هەنگاوانە هەمەچەشنی میدیاکان و دەنگە ناڕازییەکانی کەم کردەوە.

دەسەڵاتی ئەردۆغان لە نێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا زیاتر بوو، توانی پشتیوانی بەشێکی بەرچاوی خەڵک بۆ خۆی ڕابکێشێت.

خۆشویستنی ئەردۆغان لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیدا بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە، لە خوارەوە باسیان دەکەین.

یەکەم. گەشەی ئابووری و باشبوونی ژێرخانەکان

ئەردۆغان لەکاتێکدا هاتە سەر دەسەڵات کە تورکیا دوای قەیرانی دارایی سەختی ساڵی 2001، لە قۆناغێکی بوژانەوەی ئابووریدا بوو. پارتی داد و گەشەپێدان، لەژێر سەرکردایەتی ئەودا، بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئابووریی دروست، توانی داهاتی پوخته‌نه‌كراوی ناوخۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، قەرزی گشتی کەم بکاتەوە و وەبەرهێنانی بیانی ڕابکێشێت. لە نێوان ساڵانی 2002 تا 2011، ئابووری تورکیا بە تێکڕا ساڵانە لەسەددا 5 تا 6 گەشەی کردووە. پڕۆژەی ژێرخانی گەورە وەک دروستکردنی ڕێگەوبان، پرد، فڕۆکەخانە و نەخۆشخانەکان، وەک پردی سێیەمی بۆسفۆر و نەخۆشخانەکانی شار، کوالێتی ژیانی خەڵکیان باشتر کرد و هەستی پێشکەوتنی لە کۆمەڵگەدا دروست کرد. ئەم دەستکەوتانە بەتایبەتی بۆ چینی ناوەڕاست و چینە کەمدەرامەتەکان کە بە هۆی ناسەقامگیری ئابووری دەیەکانی پێشووەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوتبوو، گرینگ بوون.

دووەم. کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی و بەهێزکردنی دیموکراسیی مەدەنی

پێش سەردەمی ئەردۆغان، سوپای تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتدا هەبووە و چەندان جار لەوانە کوودەتای 1980، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستتێوەردانی لە کاروباری سیاسیدا کردبوو. ئەردۆغان بە جێبەجێکردنی چاکسازییە یاسایییەکان و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەربازی، کەشی لەباری بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان دروست کرد. ئەم گۆڕانکاریانە بۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی تورکیا کە ماندوو بووبوون لە هەژموونی سەربازی لە سیاسەتدا، بە سەرکەوتنێکی گەورە دادەنرا. جگە لەمەش، پارتی داد و گەشەپێدان بنەچەی ئیسلامگەرایی هەبوو و هەستی نوێنەرایەتی و ئامادەیی لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە گرووپە ئایینییە سەرکوتکراوەکانی پێشتر بەخشی.

سێیەم. پشتیوانی لە ناسنامەی ئایینی و کۆنەپارێزانە

ئەردۆغان بە پشتبەستن بە پێشینەی ئیسلامگەرایی خۆی، توانی پشتیوانی چین و توێژە ئایینی و کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگە بەدەست بهێنێت. لە کارەکانی ئەو دەتوانین ئاماژە بە ئاسانکردنی یاساکانی حیجاب لە زانکۆ و فەرمانگە حکوومییەکان بکەین کە بە سەمبولی ڕێزگرتن لە بەها ئایینییەکان دادەنرا. ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری قووڵیان لەسەر شارەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هەبوو، کە زیاتر ناسنامەیەکی نەریتی و ئایینییان هەیە.

چوارەم. کاریزما و پێوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵکدا

ئەردۆغان بە وتارە پڕ سۆزەکانی خۆی بە "خزمەتکاری گەل" ناساند. لەدایکبوون و ژیان لە گەڕەکی هەژارنشینی "قاسم پاشا" و ئەزموونەکانی وەک فرۆشتنی سمیت لەسەر شەقامەکان وای کرد خەڵکی ئاسایی ئەردۆغانیان خۆش بوێت. بە پێچەوانەی سیاسەتمەدارە نوخبەگەراکانەوە، ئەو بە زمانێکی سادە قسەی لەگەڵ خەڵکدا دەکرد، ئەمەش وای دەکرد خەڵک ئەو بە نزیکی خۆیان بزانن.

پێنجەم. سەقامگیری سیاسی دوای دەیان ساڵ لە پشێوی

تورکیا لە دەیەکانی 1980 و 1990، شایەدی قەیرانی سیاسی، هەڵاوسانی بەرز و هاوپەیمانییە لاوازەکانی حکوومەت بوو. ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکان لە هەڵبژاردنەکانی 2002 و 2007 و 2011، توانییان سەقامگیرییەکی سیاسی ڕێژەیی لە وڵاتدا جێگیر بکەن، بابەتێک بۆ زۆرێک لە دەنگدەران نیشانەی سەقامگیری و ئاسایش بوو. ئەمەش هاوکات لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووری، بووە هۆی بەهێزبوونی متمانەی نەتەوەیی لە تورکیا.

ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی: وەرچەرخانێک لە دژایەتیکردنی ئەردۆغان

ئەم سەقامگیرییە لە ساڵانی دواتردا بە هۆی قەیرانەکانی وەک ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی لە ساڵی 2013 و کاردانەوە توندەکانی حکوومەت، کەم بووەوە. ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی کە سەرەتا وەک ناڕەزایەتییەکی ژینگەیی لە دژی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی شارەکان دەستی پێ کرد، بەخێرایی گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەکی بەربڵاوی دژە حکوومەت. سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لە لایەن حکوومەتەوە بووە هۆی ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە ببێت بە یەکێک لە گرینگترین سەمبولەکانی ناڕازیەتی گشتی لە تورکیا. خەڵک بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی سنووردارکردنی مافەکان، سانسۆری میدیا، گەندەڵی سیاسی و زیادبوونی دەسەڵاتی حکوومەت ڕژانە سەر شەقامەکان.

حکوومەتەکەی ئەردۆغان بەخێرایی دەست بەکار بوو، بە بەکارهێنانی هێزی پۆلیس، گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ لە خۆپێشاندەران. لە کاتێکدا خۆپێشاندەران بە شێوەیەکی ئاشتیانە داوای گۆڕانکاری یاسایی و ڕێزگرتن لە ئازادییە مەدەنییەکانیان دەکرد، حکوومەت بە توندوتیژخواز و تێکدەر و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ناوزەدیانی کرد.

عوسمان کاڤالا، یەکێک لە چالاکوانانی مافی مرۆڤ کە ڕۆڵێکی کارای لە پشتیوانیکردنی خۆپێشاندەران و ئازادییە مەدەنییەکان هەبوو، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی پارکی گێزی لە ساڵی 2013 و کوودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016 دەستبەسەر کرا و لە کۆتاییدا لە ساڵی 2022دا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا. ئەم بڕیارە، ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توندی نێودەوڵەتی بووەوە، یەکێک بوو لە نیشانەکانی سەرکوتکردنی توندی ئۆپۆزسیۆن و چالاکانی سیاسی لە تورکیا.

هەرچەندە خۆپێشاندەرانی پارکی گێزی نەیانتوانی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی حکوومەتدا بەدی بهێنن، بەڵام بەرەنجامەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسیی تورکیا هەبوو. لە لایەک ئەم ناڕەزایەتییانە دەسەڵاتی ئەردۆغانی زیاتر کرد و توانی خۆی وەک بەرگریکاری سیستەم و سەقامگیری لە بەرانبەر هەڕەشە ناوخۆیییەکان پێشان بدات. لە لایەکی دیکەوە سەرکوتی خۆپێشاندەران و زیندانیکردنی چالاکوانانی وەک عوسمان کاڤالا بووە هۆی بێمتمانەیی بەربڵاو بە حکوومەت و زیادبوونی هەستی دژە حکوومەتی لەناو بەشێک لە کۆمەڵگەدا.

سەردەمێکی نوێ: سەرەتای سەرۆک کۆماری و سەرکەوتن بەرەو لووتکەی دەسەڵات

لە ساڵی 2014، ئەردۆغان دوای دە ساڵ لە سەرۆک وەزیرانی بوو بە سەرۆک کۆمار. ئەم گۆڕانکاریانە نەک تەنیا لە ڕووی پێکهاتەیییەوە بەڵکوو لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی تورکیا دادەنرا. وەرگرتنی ئەم پێگەیە لە لایەن ئەردۆغانەوە سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو لە سیاسەتی تورکیا کە هاوکات بوو لەگەڵ پێشهاتە گەورەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە.

سەردەمی سەرۆک کۆماری و گۆڕانکارییە پێکهاتەیییەکان (2014-2018)

لە 28ی ئۆگەستی 2014، ئەردۆغان بە سەرکەوتن لە یەکەم هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆک کۆماری تورکیادا هەنگاوێکی گەورەی بەرەو چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی نا. سیستەمی پەرلەمانی تورکیا بە شێوەیەکی نەریتی لەسەر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دامەزرابوو. لەم سیستەمەدا سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتی بێ دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوو و بەگشتی بەرپرسیاری ڕەمزی و ڕێوڕەسمییەکانی لە ئەستۆ بوو. لە بەرابەردا سەرۆک وەزیران کە لەناو ئەندامانی پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرا، بەرپرسی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بوو و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی لە ئەستۆ بوو. ئەنجومەنی باڵای نیشتمانیی تورکیا (TBMM) ڕۆڵی سەرەکی لە دیاریکردنی سیاسەتە باڵاکانی وڵات هەبوو و سەرۆک وەزیرانیش دەبوو پشتیوانی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت. لەم سیستەمەدا سەرۆک کۆمار بە بەراورد بە سەرۆک وەزیران و حکوومەت دەسەڵاتی کەمتری هەبوو.

ئەردۆغان هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا کە دەیەوێت لە پێگەی یاسایی خۆی زیاتر بڕوات. ئەو بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی قووڵی خۆی لە پارتی داد و گەشەپێدان و پاڵپشتی جەماوەری، بەکردەوە سوکانی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ئەحمەد داودئۆغڵوو وەرگرت.

ماوەی نێوان هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی لە مانگی جوونی 2015دا، ماوەیەکی ئاڵۆز و چارەنووسساز بوو. ئەردۆغان هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی زۆرینەی ڕەهای ئاکەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بپارێزێت و زەمینە بۆ گۆڕانکاری گەورەتر خۆش بکات، بەڵام هەڵبژاردنەکانی 7ی جوونی 2015 گورزێکی چاوەڕواننەکراوی لەم بەرنامەیە دا. پارتەکەی ئەردۆغان بە بەدەستهێنانی 40.9 لە سەددای دەنگەکان و 258 کورسی لە کۆی 550 کورسی پەرلەمان، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2002ەوە زۆرینەی دەنگی لەدەست دا. سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە سەرۆکایەتی سەلاحەددین دەمیرتاش کە بە لە 13.1 لە سەددای دەنگەکان هاتە ناو پەرلەمان، هاوکێشەکانی تێک دا.

ئەم شکستە کاتییە وای کرد ئەردۆغان بە جموجۆڵ بکەوێت. لە چەند مانگی دواتردا دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی گەیشتنە بنبەست. لە هەمان کاتدا نائەمنی لە وڵاتدا زیادی کرد؛ پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان و هێرشە تیرۆریستییەکانی وەک "تەقینەوەکەی سووروچ" کەشەکەی ئاڵۆز کرد. ئەردۆغان کە ئێستە ڕۆڵێکی سەرووتر لە سەرۆک کۆماری هەیە، ئەم ئاژاوەگێڕییەی لە بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە. ئەو بە ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 1ی نۆڤەمبەری 2015، دەرفەتێکی دیکەی بە پارتی داد و گەشەپێدان دا. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی داد و گەشەپێدان بە بەدەستهێنانی 49.5 لە سەددای دەنگەکان و 317 کورسی، زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنایەوە. ئەم سەرکەوتنە نەک هەر دەسەڵاتی پەرلەمانی بۆ ئەردۆغان گەڕاندەوە بەڵکوو نیشانی دا کە ئەو دەتوانێت قەیران بە دەرفەت بگۆڕێت.

هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی لە دوای هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری 2015 جددیتر بوو. لە جەنیوەری 2016، ئەو بە ئاشکرا باسی لە پێویستی گواستنەوە بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی کرد و ڕایگەیاند کە سیستەمی پەرلەمانی لە تورکیا کوودەتا یەک لە دوای یەکەکانی لەگەڵدا بووە و پێویستە بە سیستەمی سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت: "سیستەمی سەرۆکایەتی، فۆرمێکە لە حکوومەت کە لە مێژووی ئەم نەتەوەیەدا هەبووە و بەکردەوە جێبەجێ کراوە."

لەگەڵ ئەمەشدا، هەنگاوی دواتر بۆ گۆڕینی سیستەم، لە دوای کوودەتا شکستخواردووەکەی 15ی جوولای 2016 نرا. ئەردۆغان ئەم کوودەتایەی دایە پاڵ بە بزووتنەوەی گولەن، بوو بە بیانوویەک بۆ پاکتاوکردنی بەرفرەوانی دامودەزگاکانی حکوومەت، سەربازی و دەسەڵاتی دادوەری. زیاتر لە 107 هەزار کەس لە کارەکانیان دوورخرانەوە یان دەستگیرکران و ڕاگەیاندنی باری نائاسایی ڕێگەی بە ئەردۆغان دا لە ڕێگەی فەرمانی جێبەجێکردنەوە کۆنتڕۆڵی زیاتری وڵات بکات. کوودەتاکە نەک هەر نەیارانی ئەردۆغانی لاواز کرد بەڵکوو پشتیوانی گشتی لە بەرژەوەندی ئەو کۆ کردەوە. ئەردۆغان ئەم دەرفەتەی بەکار هێنا بۆ بەدیهێنانی خەونە لەمێژینەکەی. لە دیسەمبەری 2016، پارتی داد و گەشەپێدان، بە پاڵپشتی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی (مەهەپە) ڕەشنووسی هەموارکردنەوەی یاسایی بۆ گۆڕینی پێکهاتەی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی پێشکەشی پەرلەمان کرد. ئەم پلانە لە جەنیوەری 2017 پەسەند کرا و لە گشتپرسییەکەی 16ی ئەپریلی 2017، بە 51.4 لە سەددای دەنگەکان پەسەند کرا. سیستەمی نوێی سەرۆکایەتی، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 24ی جوونی 2018 دامەزرا، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی تەواو بە ئەردۆغان دا و ڕۆڵی پەرلەمانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردەوە. ئەم گۆڕانکاریانە ئەردۆغانی لە سەرۆک کۆمارێکی تەشریفاتییەوە گۆڕی بۆ سەرکردەیەکی خاوەن دەسەڵاتێکی بێ وێنە.

شکستی مێژوویی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئیستەنبووڵ و لێکەوتەکانی

دوابەدوای ئەو سەرکوتکردنە بەربڵاوانەی کە لە ئەنجامی کوودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016دا هاتە ئاراوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ لە 31ی مارچی 2019 خاڵی وەرچەرخان بوو لە پرۆسەی سیاسی تورکیادا. ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو، کاندیدای پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە)، بە جیاوازییەکی کەم و نزیکەی 13 هەزار دەنگ (0‪.17 %) لە بینالی یڵدرم کاندیدای پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانی ئەردۆغانی بردەوە. ئەمە یەکەمجار بوو لە ماوەی 25 ساڵدا پارتی داد و گەشەپێدان کۆنتڕۆڵی ئیستەنبووڵ لەدەست بدات. ئیستەنبووڵ نەک تەنیا گەورەترین شاری تورکیایە بەڵکوو ناوەندی ئابووری و سیاسی وڵاتەکەیە و داهاتی شارەوانییەکەیشی ڕۆڵێکی گرینگی لە دابینکردنی دەرامەت بۆ پارتی داد و گەشەپێدان هەبوو. ڕۆڵی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەم سەرکەوتنەدا زۆر گرینگ بوو، چونکە ئەم پارتە بە دوورکەوتنەوە لە ناساندنی کاندیدا و پشتیوانی لە ئیمام ئۆغڵوو، یارمەتی کۆکردنەوەی دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆنی دا. لەگەڵ ئەمەشدا، پارتی داد و گەشەپێدان بە بیانووی سەرپێچییەکانی هەڵبژاردنەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی قەبووڵ نەکرد و ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان (YSK) لە 6ی مەی 2019 هەڵبژاردنی هەڵوەشاندەوە. ئەم بڕیارە ڕەخنەی بەرفرەوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە و وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی دیموکراسی تەماشا کرا.

لە هەڵبژاردنی دووبارەی 23ی جوونی 2019، ئیمام ئۆغڵوو جارێکی دیکە، بەڵام ئەمجارەیان بە جیاوازییەکی بەرچاو کە نزیکەی 800 هەزار دەنگ (نزیکەی 10%) سەرکەوتنی بەدەست هێنا. ئەم شکستە قورسە نەک هەر گورزێکی سیاسی بوو بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی، بەڵکوو نیشانەی دابەزینی نفووزی ئەو لە ناوەندەکانی شار بوو. سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵوو نەک هەر کۆتایی بە هەژموونی ئاکەپە لە ئیستەنبووڵ هێنا بەڵکوو ورەی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023 بەهێزتر کرد.

زیندانیکردنی دەمیرتاش بووە هۆی ئەوەی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) ببێتە نەیاری سەرەکی ئەردۆغان و ئەم پێشهاتانەش بووە هۆی هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 2023. لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان کێبەرکێی لەگەڵ کەمال کلیچدارئۆغڵوو، سەرۆکی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) و کاندیدای هاوپەیمانی نەتەوەیی (Millet İttifakı)، ناوسراو بە "ئەلتیماسا" یان "مێزی شەش تایی" کرد. سەرەڕای قەیرانی ئابووری سەخت (هەڵاوسان لە سەرووی 53% و داڕمانی لیرە) ڕەخنەی بەربڵاو لە خراپی بەڕێوەبردن دوای بوومەلەرزەکەی فێبریوەری 2023 کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسی کوشت، ئەردۆغان لە خولی دووەم (28ی مەی)دا بە جیاوازییەکی کەم سەرکەوت و هاوپەیمانییەکەی زۆرینەی پەرلەمانی خۆی پاراست.

شکستی کلیچدارئۆغڵوو بووە هۆی ئەوەی ئۆزگور ئۆزێل ڕێبەرایەتی پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) بگرێتە دەست.

پتەوکردنی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پەرەسەندنی گرژییەکان

دوای سەرکەوتنی لاوازی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2023، ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری توندی وەک هەڵاوسانی بەرز و دابەزینی بەهای لیرە بووەوە، بەڵام بە پشتبەستن بە سیستەمی سەرۆکایەتی و کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە گرینگەکان، سوودی لە سیاسەتی پۆپۆلیستی وەک زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومی و دابینکردنی یارمەتییەکان بۆ پاراستنی پێگەی دەنگدەرەکانی وەرگرت. هاوکات، سەرکوتی ئۆپۆزسیۆن توندتر بوو، میدیای سەربەخۆ سنووردارتر بوو و فشار لەسەر دەسەڵاتی دادوەری بۆ لێپێچینەوە لە کەسایەتییە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر بوو.

لە هەڵبژاردنە ناوخۆیییەکانی مارچی 2024دا، پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) جارێکی دیکە لە شارە گەورەکاندا سەرکەوتنی بەدەست هێنا و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو جارێکی دیکە وەک سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە. ئەم سەرکەوتنە دەریخست کە سەرەڕای کۆکردنەوەی دەسەڵاتی لە دەستی ئەردۆغان، ناڕەزایی گشتی لە سیاسەتەکانی لە پەرەسەندندایە. لە بەرابەردا، لە نۆڤەمبەری 2024، حکوومەتی ئەردۆغان چەند سەرۆک شارەوانییەکی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی)ی لە شارە کوردنشینەکانی ماردین، باتمان و ئورفا لە کارەکانیان دوورخستەوە و قەیوومی لە شوێنیان دانا.

سەرکوت و دانوستاندن: ستراتیجی دووانەی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەسەڵات

لەگەڵ بەردەوامی قەیرانە ئابوورییەکان و ئاڵنگارییە سیاسییەکان، ئەردۆغان لە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیەتی. بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئامانجی ئەردۆغان لە دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵوو و دانوستاندن لەگەڵ کوردەکان ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە سیاسییەکان و پاراستنی دەسەڵاتە.

دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵوو لە کاتێکدا ئەو بە ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دادەنرا، هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی هەڵبژاردن و لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن و زاڵبوون بەسەر فەزای سیاسی تورکیادا.

دانوستاندنەکانی ئەردۆغان لەگەڵ کوردەکان و نێوەندگیریی دەم پارتی لە ڕەهەندەکانی دیکەی ستراتیجی دووانەی ئەون. بە گوتەی ڕەخنەگران ئەردۆغان کورسی پێویستی نییە و بۆیە لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەم پارتەیە بۆ گۆڕینی دەستوور یان بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم. پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵی بە "کوودەتای مەدەنی" ناوبرد: "وەکوو ئەوەی پێشتریش چەندان جار ئاماژەمان پێ داوە، هەموو ئەم کردەوانە بە ئاشکرا نموونەی کوودەتای مەدەنین. تورکیا لە ئێستەدا لەناو (کوودەتایەکی مەدەنی)یە کە نەک تەنیا دەسەڵاتی دادوەری بەڵکوو تەواوی پێکهاتەی حکوومەت ڕۆڵیان تێیدا هەیە. ئەم کوودەتایە بە شێوەیەکی تایبەت لە هەوڵی بە ئامانجگرتنی هەموو نەیارانی سیاسی و کۆمەڵایەتییە."

ئامانج لە دەستگیرکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ و ئاشتی لەگەڵ کوردەکان چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان و کەمکردنەوەی هەڕەشە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن و کەمینە نەتەوەیی و سیاسییەکانی ئەم وڵاتەیە. بەگشتی ئەردۆغان هەوڵ دەدات بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو دەسەڵاتە سیاسی و قانوونییەکان پێگەی خۆی لە بەرابەر فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بپارێزێت.

سەرچاوە: ماڵپەڕی آسو

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین