دوای 17 ساڵ كۆمپانیاكانی دۆزینەوەی نەوت دەگەڕێنەوە لیبیا ئابووری جیهان

نوچە نێت

لەدوای (17) ساڵ وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی نەوت دەگەڕێنەوە بۆ لیبیا، ئەو هەنگاوەش لەدوای كۆبوونەوەی ئەمەریكا و بەریتانیاوە دێت، بەرێوەبەری كۆمپانیای نیشتیمانی ئەو وڵاتەش ئاشكرای دەكات، لە مانگی (11)ی ئەمساڵ لەگەڵ كۆمپانیاكان دەست بە واژۆكردنی گرێبەستەكان دەكەن.

هەینی (18/نیسان/2025) ماڵپەڕی (ئەنادۆڵ) بڵاوی كردەوە، خەلیفە عەبدولسادق وەزیری نەوتی لیبیا و مەسعوود سلێمان سەرۆكی دامەزراوەی نەوتی لیبیا و ئەحمەد تورك ئۆغلۆ، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیا  كۆمپانیای نەوتی توركی و نوێنەری چەندین كۆمپانیا لە ئیستەنبۆڵ بەڕێوەچوو.

وەزیری نەوتی لیبیا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، وڵاتەكەی لەنزیك گرووپێكی ئابووری و بازرگانی گرنگی وەك ئەوروپایە، ئەمە جگە لەوەی لە چەندین بازاڕی تازەی دیكە نزیكە.

دەربارەی نەوتی وڵاتەكەشی گوتی، لیبیا خاوەنی گەورەترین یەدەگی گاز و نەوتە لە كیشوەری ئەفریقیا، گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ وڵاتەكەمان دەبێتە هاندەر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەو بوارە تاوەكوو وەبەرهێنان بكەن و دەست بە چالاكی دۆزینەوە بكەن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی گوتی، لە ئیستەنبۆڵەوە بانگەوازێكی كراوە دەكەم، دواتان لێدەكەم وەبەرهێنانی نەوت لە لیبیا بكەن بەشداربن لە چەسپاندنی دیدگامان بۆ كەرتی نەوت و گاز، ئەوەش لەدوای (17) ساڵ پچڕان یەكەم گەڕی تەندەرەكان دەبێت، مەرجی گرێبەستی نوێ و سەرنجڕاكێش پێشكەش بە وەبەرهێنەرانی ئەو بوارەش دەكەین.

هەر لەو كۆبوونەوە سەرۆكی كۆمپانیای نەوتی لیبی جەختی لەسەر قووڵكردنەوەی پەیوەندی مێژوویی و هەماهەنگی گشتگیری لە ژمارەیەك بواری نێوان توركیا و لیبیا كرد.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی روونی كردەوە، كە لیبیا خاوەنی رووبەرێكی فراوانی جوگرافییە، یەكێك لە درێژترین كەناراوەكانی لەسەر دەریای سپیی ناوەندە لە باكووری ئەفریقیا، خاوەنی ترلیۆنان تۆن یەدەگی نەوت و گازە. 

هەروەك لە قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، كە بە قۆناغێكی گشتگیری گۆڕانكاری لە بواری نەوت تێدەپەڕن، تەركیزیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانە لەبواری پیشەسازیی نەوتی جیهانی بەشێوەیەكی بەهێزتر لە رابردوو.

بڕیارە لە (2025/11/15) تەندەرەكان و واژۆكردنی گرێبەستەكان لە (22 بۆ 30/11/2025) دەست پێبكات.

بەگوێرەی ئاماری دامەزراوەی نیشتیمانی نەوتی لیبیا رۆژانە یەك ملیۆن و (400) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، پێشتریش رێكخراوی پۆپێك پلەس بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ لیبیا دەركردبوو، بەهۆی ئەوەی بە رێژەی لە (90%) بۆ بوودجە پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین