هاکان فیدان لەبارەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانییەوە: هەموو ناوچەکە دەزانن، کەسێکی چەندە بنیاتنەر و پاڵپشتیکارە کوردستانی

نوچە نێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیامێك ئاراستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و لەبارەی ڕۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە دەڵێت، "هەموو ناوچەکە دەزانن، کەسێکی چەندە بنیاتنەر و پاڵپشتیکارە."

ڕۆژی (هەشتی نیسان/2025) هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیمانەیەك لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، پەكەكە مەترسییە بۆ سەر عێراق، ''هیوادارم حکومەتی عێراق و نیشتیمانپەروەرانی عێراق، ئەو هەوڵەی پێویست بێت لە دژی پەکەکە بیدەن کە خاکی عێراقی داگیرکردووە و لە ناوچەی کوردی و عەرەبیدا نیشتەجێیە.'' 

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە هاكان فیدان ئاشكرای دەڵێت، ''ئێمە لەگەڵ هەولێر پەیوەندیی باشمان هەیە. سەیرکەن، بەڕێز مەسعود بارزانی ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و ناوچەکە لەدەستی بێت، دەیکات، چەندینجار ئەمەمان لێی بینی، جا چ لە بابەتی تیرۆر بێت، چ لە بابەتی وزە بێت، هەوڵی زۆری داوە.'' 

وەزیری دەرەوەی توركیا دەشڵێت، ''سەبارەت بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، هەموو ناوچەکە دەزانن، کەسێکی چەندە بنیاتنەر و پاڵپشتیکارە. واتە، کەسێکە لە هەموو پرسەکاندا هەوڵدەدات چارەسەرێکی ئەرێنی بۆ کێشەکانی ناوچەکە بدۆزێتەوە. بەڕێز مەسرور بارزانی، وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە، هەموو هەوڵێک بۆ باشترکردنی ژێرخانی ناوچە کوردییەکە دەدات. واتە هەمووان بە خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان سەرقاڵن. ئێمە کە ئەمە دەبینین، دڵخۆش دەبین.'' 

ئاماژەی بەوەشكرد، ''هیوادارین دۆستانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیشمان لە سلێمانی، هاوشێوەی ئەوانەی هەولێر، خۆیان لە رێکخراوی تیرۆریستی پاکبکەنەوە و تەنیا بە خزمەتکردنی خەڵکی خۆیان سەرقاڵ بن''.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین