سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و ئیمانوێل ماكرۆن دۆخى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كەن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماكرۆن بڵاوكردەوە و دەڵێت، "هه‌ردوو سه‌رۆك پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسایان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان تاوتوێ كرد."

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (14/نیسان/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ڕێوڕه‌سمێكى فه‌رمیدا له‌ كۆشكى ئه‌لیزێ له‌ پاریس، له‌لایه‌ن ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازیى لێكرا.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تیێدا هاتووە، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دووقۆڵیدا، "هه‌ردوو سه‌رۆك پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسایان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان تاوتوێ كرد. سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیریى به‌رده‌وامى فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپات كرده‌وه‌."

لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، هه‌ردوو سه‌رۆك جه‌ختیان "له‌ خواستى دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوەندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و دوورخستنه‌وه‌ى وڵات له‌ ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌."

له‌ ته‌وەرێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، "ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، دۆخى سووریا و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و به‌رده‌وامیى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌. هه‌ردوو سه‌رۆك داكۆكییان له‌ گرنگیى مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌ سووریا و گفتوگۆ و لێكگه‌ییشتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتییانه‌ى كێشه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌‌، كرده‌وه‌."

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەش دەكات، "چه‌ند پرس و بابه‌تێکى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین