نێچیرڤان بارزانی: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئه‌وپه‌ڕى مایەی خۆشحاڵیى ئێمه‌ و ته‌واوى گه‌لى كوردستانه‌ کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م."

ئەمڕۆ دووشەممە (14/نیسان/2025) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان  لە پەیامەكەیدا، بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە ئەوپەڕی ئه‌وپه‌ڕى خۆشحاڵیى خۆی و ته‌واوى گه‌لى كوردستان ناو دەبات و دەڵێت، "بۆ خزمه‌تكردنى باشترى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه، ئێمه‌ هه‌ر زوو له‌ هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌ى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌مان ده‌ست پێكرد."

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەشڵێت، "به‌ بۆنه‌ى ده‌نگدان و په‌سندكردنى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ گه‌رمى پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م. سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشى پێشكه‌ش به‌‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و هه‌موو لایه‌ک له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كه‌م كه‌ له‌م پرۆسه‌ درێژه‌دا هاوكار و یارمه‌تیده‌رمان بوون. ئه‌مه‌ مایه‌ى ئه‌وپه‌ڕى خۆشحاڵیى ئێمه‌ و ته‌واوى گه‌لى كوردستانه‌." 

 سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی دەكاتەوە، "بۆ خزمه‌تكردنى باشترى خه‌ڵكى هه‌ڵه‌بجه، ئێمه‌ هه‌ر زوو له‌ هه‌رێمى كوردستان پرۆسه‌ى به‌پارێزگاكردنى هه‌ڵه‌بجه‌مان ده‌ست پێكرد، ته‌واوبوونى ئه‌مڕۆى رێكاره‌كانى له‌ عێراق و به‌ فه‌رمى ناساندنى وه‌ک پارێزگا‌، كه‌مترین پاداشتى قوربانى و ئێش و ئازارى هه‌ڵه‌بجه‌ و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌یه‌تى. هیوادارین ببێته‌ هۆى باشتربوونى ژیان و گوزه‌ران و بووژانه‌وه‌ و گه‌شانه‌وه‌ و پێشكه‌وتنى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. ئه‌ركى هه‌موو لایه‌كمانه‌ بێ درێغیكردن، ئه‌وپه‌ڕى خزمه‌تى هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ین.

 هەروەها دەشڵێت، "هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا به‌ رێز و پێزانینه‌وه‌ شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوى كوردستان به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ و دروود و سڵاو بۆ گیانى پاكیان ده‌نێرین."

هاوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت کرد.

نوخشە ناسیح بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، "بە ناوی خۆم و سەرجەم کەسوکاری شەهیدان و پارێزگەی هەڵەبجە، زۆر سوپاسی هەڵوێستی جوانی جەنابت دەکەین، دەزانین لە دەرەوەی وڵاتی، بەڵام دڵت هەر لەگەڵ هەڵەبجەدایە."

پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت هەروەها گووتیشی، "چاوەڕێ دەکەین، ئاهەنگی خۆشی لە هەڵەبجە و لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجە بگێڕین، بانگهێشتیشت دەکەین بۆ ئاهەنگەکە." بە گوێرەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بێت، نێچیرڤان بارزانی رەزامەند بووە و گوتوویەتی "بەسەرچاو". نوخشە ناسیح بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "چاوت خۆش بێت، گەورەمان دەکەی."

ئەمڕۆ (14/4/2025) پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە وەك (19) هەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان دیاریكرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین