سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی شاڵاوەكانی ئەنفال پەیامێكی بڵاوكردەوە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ساڵیادی شاڵاوەكانی ئەنفال لە لایەن رژێمی بەعسەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا دەڵێت، " لەم ياده‌دا، بە ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ شەهیدانی ئەنفالکراو بەبیر ده‌هێنینەوە و سڵاو له‌ بنەماڵە و كه‌سوكارى خۆڕاگریان دەکەین."

ئەمرۆ دووشەممە (14/نیسان/ 2025) سەرۆكی هەرێمی كورستان پەیامێكی لە ساڵیادی شاڵاوەكانی ئەنفال بڵاوكردەوە، كە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، " پێويسته‌ بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانى عێراق جێبه‌جێ بكات کە ئەنفالی وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووه‌."

دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

ئەمڕۆ، یادی به‌ئازاری سی و حەوت ساڵه‌ی شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانى ئەنفال ده‌كه‌ينه‌وه‌ کە ساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجام درا و تیایدا زیاتر لە 182 هەزار منداڵ و ژن و پیاوی گەلی کوردستان بوونە قوربانی‌. ئەنفال یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی جینۆساید بوو لە مێژوودا كه‌ هێشتا کاریگەرییە ئازاربەخشەکانی لە ویژدان و یادەوەریی گه‌له‌كه‌ماندا ئامادەن.

لەم ياده‌دا، بە ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ شەهیدانی ئەنفالکراو بەبیر ده‌هێنینەوە و سڵاو له‌ بنەماڵە و كه‌سوكارى خۆڕاگریان دەکەین. دووپاتی دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق، بەرپرسیاريه‌تيی یاسایی و ئەخلاقی هەیە لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌. پێويسته‌ بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانى عێراق جێبه‌جێ بكات کە ئەنفالی وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندووه‌.

جه‌خت ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان كار ده‌كه‌ن بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری و چاودێری بۆ بنەماڵەی شەهیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئەنفالکراوەکان و دۆزينه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ى ڕوفاته‌كانيان بۆ نيشتمان، هەروەها بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتيی تەواو بە تاوانی ئەنفالدا وەک جینۆساید.

قەوارە و ده‌ستكه‌وته‌كانى هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی شەهیدانن. لەم یادەدا، داكۆكى له‌ یەکڕیزی و پێکەوەيى بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانمان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشترى پڕ له‌ دادپەروەری و ئاشتی بۆ گەلى كوردستان، ده‌كه‌ينه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/4/14

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین