پێگه‌ى دانوستاندنى كورد و سوننه‌ به‌هێز ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌ هۆى ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌ تونده‌ى له‌نێوان ره‌وتى سه‌در و لایه‌نه‌ میلیشیاكان هه‌یه‌، پێگه‌ى دانوستاندنى كورد و سوننه‌ به‌هێزتر ده‌بێت و له‌وانه‌ كورد ده‌توانێ به‌ ئاسانى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ مالیكى یان سه‌در بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت بكات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16ى تشرینى یه‌كه‌م "ئۆكتۆبه‌ر" رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ هۆى ئه‌و ناكۆكییه‌ى له‌نێوان سه‌در و لایه‌نه‌ خاوه‌ن میلیشیاكان دروست بووه‌، پێگه‌ى دانوستاندنى كورد و سوننه‌ به‌هێز ده‌بێت.

له‌باره‌ى سوننه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم كه‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات 41 كورسى به‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات یه‌كه‌م لایه‌نى سوننه‌ بێت دانوستاندن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكات.

سه‌باره‌ت به‌ كوردیش به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان كه‌ مه‌سعود بارزانى رێبه‌رایه‌تى ده‌كات، به‌ 32 كورسى له‌ناو كورد به‌ پله‌ى یه‌كه‌م دێت. ئه‌ویش به‌ ئاسانى ده‌توانێ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نه‌ شیعه‌كه‌ بكات كه‌ مه‌به‌ست ره‌وتى سه‌در و ده‌وڵه‌تى یاسایه‌.

شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات پارتى له‌ ماوه‌ى رابردوو گفتوگۆى له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیان كردووه‌، به‌ڵام به‌ بڕواى رۆژنامه‌كه‌ هه‌ر دوولا بۆ كورد به‌گوێره‌ى پێویست نابێت، چونكه‌ تێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ سه‌در ناكرێت به‌دوور بێت له‌ كاریگه‌ره‌ ده‌ره‌كى و ناوخۆییه‌كان، به‌تایبه‌تى به‌م دواییه‌ سه‌در هه‌ڵوێستى توندى سه‌باره‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌ربڕیوه‌. سه‌باره‌ت به‌ نوورى مالیكیش راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات به‌هۆى ئه‌زموونى رابردوو بێ متمانییه‌ك به‌رانبه‌ر نوورى مالیكى هه‌یه‌. له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا پارتى ده‌توانێ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ چه‌ند وه‌زاره‌تێك دانوستاندنیان له‌گه‌ڵ بكات.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك كۆماریش ده‌ڵێ له‌وانه‌ نییه‌ پارتى له‌م پۆسته‌ ، به‌هۆى پێداگریى یه‌كێتى له‌ كاندیدكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، بكشێته‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین