تورکیا و کورد هەوڵی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەدەن وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

ئاشکرایە پرۆسەی ئاشتی چەندین جار و لە کاتی جیاجیادا هەوڵی بۆ دراوە، لە ئێستادا هەندێک لەو کەسانەی لە نزیکەوە ئاگاداری پرۆسەکەن باس لەوە دەکەن عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری چەکدارانی پەکەکە لەوانەیە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، داوا لە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان بکات کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن. بەڵام لە بەرامبەردا ڕای جیاواز هەیە دەڵێن، "چەکدارانی پەکەکە ئامانجیانە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن و بەردەوام دەبن لە خەبات کردن".

فشاری جیاواز هەیە لەسەر تورکیا بۆ خێراکردنی گفتوگۆکانی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نیوان چەکدارانی پەکەکە و تورکیا کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە (40) هەزار کەس و پەکخستنی گەشەپێدان لە ناوچەکانی تورکیا و لاوازکردنی پێشکەوتنی دیموکراسی و کاریگەری خراپی دەبیت بۆ سەر گەشەپیدانی مافەکانی مرۆڤ.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا دۆخێکی خراپ بوونی هەبوو لە نێو تورکیادا، هەر لایەنە و ئامانجی بوو دەسەڵاتی زیاتر بەهێز بکات و پەرە بە چالاکییەکانی بدات. 

حوسێن یەیمەن، پرۆفیسۆری زانکۆ لە تورکیا گوتی، "سوپای تورکیا نیگەرانە لەوەی پرۆسەی ئاشتی پەکەکەی بەهێز کردووە، لە کاتێکدا گرووپە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن ڕۆڵی خۆیان لە گفتوگۆکاندا بگێڕن".

یالچین ئاکدۆگان، جێگری سەرۆک وەزیران کە کەسایەتییەکی سەرەکییە لە پرۆسەکەدا ڕایگەیاند، "گەشبینە و لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر ڕووناکی کۆتایی تونێلەکە دەبینێت"، هەروەها بەڵێنی دا کە حکومەتی تورکیا، "هیچ هەنگاوێک نانێت کە قبووڵکراو نەبێت لەلایەن کۆمەڵگەوە".

سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە (1999)وە لە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کراوە، بەڵام بەردەوام دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، "کە لە خابات کردن بەردەوام دەبێت".

هەروەها بەرپرسان و چەکدارانی پەکەکە لە قەندیل ئاماژە بەوە دەکەن، "هیچ هێرشێک لە دژمان بەبێ وەڵام نامێنێتەوە، پەرە دەدەن بە بەرگری کردن، ماف و دیموکراتی خۆیان".

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپ) ڕایگەیاند، "ئەگەرچی دانووستاندنیش هەبێت، بەڵام دەبێت بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە بین حکومەت ڕێککەوتن بکات، باوەڕ ناکەم ئەگەری ڕێککەوتن لەلایەن حکومەتەوە واقیعی بێت".

هاسیپ کاپڵان، پەرلەمانتاری هەدەپە جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێویستە حکومەت کۆتایی بەم پرسە بهێنێت، چوارچێوەیەک بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی دابڕێژێت، خشتەی کاتی سنووردارە، ئێمە لە قۆناغێکداین کە پێویستە بڕیاری گرنگمان هەبێت لەسەر چەمک، دامەزراوەکان و مەرجەکان".

پێدەچێت ئەنقەرە بێهیوا بووبێت لە کۆتایی هێنان بە چەکدارانی پەکەکە چونکە باوەڕی وایە ئەوان بەردەوام دەبن لە خەبات کردن، پەکەکەش هێشتا هیوای بە لێبووردنی تایبەت بۆ ئۆجەلان و لێبووردنی گشتی بۆ بەندکراوانیان هەیە و باوەڕیان وایە، "بە ئامانجی خۆیان دەگەن".

هەندێک لایەن بەردەوام ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، "ئۆجەلان چەندین جار بە ئاشکرا دوای پرۆسەی ئاشتی کردووە و  دەستی بە پرۆسەکە پێکردووە"، باسی لەوەش کردووە، "کاتی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە". 

ڕێبەری پەکەکە دووپاتی کردووەتەوە، "تەنها یەک تروسکە هیوا هەبێت بۆ ئاشتی، بەردەوام دەبم لە گفتوگۆکان، ئامادەی سەر مێزی گفتوگۆم".

سەرچاوە: ماڵپەڕی (ئەهرام)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین