دەم پارتی چۆن شیكاری بۆ پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی دەكات؟ شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانی: دنیا ئەحمەد

بانگەوازەکەی دەولەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەیی تورك (مەهەپە) بۆ ڕێبەری پەکەکە، كە داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان و دانانی چەک بەیەکجاری دەكات، لەبەرامبەردا بەڵێنی "مافی هیوا"ی پێدان، هەروەها رێگەشیدا لەدوای چەندین مانگ یەکێک لە بنەماڵەکەی سەردانی بکەن، ئەمەش بووە رێگاخۆشکەرێک بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ و هەنگاوێکی کۆنکرێتی لە تورکیا.

ماڵپەڕی (بی بی سی) تورك لە راپۆرتێكدا شیكاری بۆ لێکدانەوەکانی دەم پارتی بەرامبەر بە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات، پەیامەکەی رێبەری پەکەکە لەڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازایەوە کە لە زیندانی ئیمرالی سەردانی کردبوو بە ڕای گشتی راگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، "گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو بڕەخسێندرێت، لەتوانامدایە زەمینەی جەنگ و پێکدادان و تووندوتیژی بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی بگۆڕم."

عائیشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، "ئەو ڕۆڵەی بەرێز ئۆجەلان بۆ دەستپێشخەری و بەرپرسیارێتی لەئەستۆی گرتووە بۆ پرسی کورد بەرێگەی دیموکراسی گرینگە."

دۆغان ئاشکرای دەکات کە چەندین ڕۆژە داوا دەکرێت ئۆجەلان ڕۆڵی هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان و رایدەگەیەنێت، "ئەوەی دەستێکی باڵای هەیە لە پەیوەندییەکان لە گۆشەگیری دایە و دەبێت هەڵبگیرێت، هەروەها پێویستە مەرجەکان ئامادەبکرێت بۆ بەشداریکردن لەم دانوستاندنانە."

ئۆجەلان: من دەسەڵاتی ئەوەم هەیە پرۆسەکە بگەینمە زەمینەی یاسایی و سیاسی 

عومەر ئۆجەلان لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، کە چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوتووە و لەگەڵی کۆبوویتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، "لە بەرواری سێی ئاداری ساڵی (2022) چاومان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوت، لەدوای چەندین مانگ لە (23)ـی ئەم مانگە دیدارێکمان ئەنجامدا، لەمەوبەدوا سەردانێکی خێزانیمان دەوێت وەک مافێکی یاسایی بێ ئەوەی بارودۆخەکە لەبەرچاوبگیرێت."

برازاکەی ئۆجەلان ئەمانەشی خستەڕوو، "کۆبوونەوەکەمان لە دورگەی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرێوەچوو لە چوارچێوەی خێزانی بوو، جگەلەوەش لە دیدارەکە هەڵسەنگاندنمان بۆ دواین پێشهاتەکانی سیاسی کرد، داوای لەمن کرد پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بگەینم و گوتی، گۆشەگیری بەردوامە، ئەگەر دەرفەتم بۆ برەخسێنن  من دەسەڵاتم هەیە کە ئەم پرۆسیە  لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی، تەندروستییەکی باشی هەبوو وە سڵاوی بۆ هەمووان هەبوو."

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی (1999) دەستگیرکرا و سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، پاشان سزاکەی گۆردرا بۆ هەتاهەتایی، لەئێستادا لە زیندانی ئیمرالی بەندکراوە، هەروەها پەکەکە لەلایەن وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا لە لیستی  رێکخراوی تیرۆرستییە. 

دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی داوایەکی ئاراستەی حکوومەت کرد و رایگەیاند، "با گۆشەگیری سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بابێت لە کۆبوونەوەی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا بەدەنگی خۆی هاوار بکات و بڵێت تیرۆر کۆتایی هاتووە و پەکەکە هەڵوەشایەوە، ئەوکات ئێمەش پێویستە یاسای سەبارەت بە مافی هیوا بەکاربهێنین و ببێتە دەرفەتێک بۆی خەڵک سوودی لێوە ببینن."

گوتەبێژی دەم پارتی: ئۆجەلان ئامادەیە، بەڵام ئایا دەوڵەی ئامادەیە؟ 

عایشەگول دۆغان وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بە سەبارەت بە هێرشە خۆکوژییەکەی سەر دامەزراوەی کۆمپانیای پیشەسازی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی جەنگی (توساش) بە رۆژنامەوانی راگەیاند، "دەمەوێت پێش هەموو شتێک ئیدانەی ئەو هێرشە بکەین، بۆ ئەم رووداوە دڵمان زۆر تەنگە کەتێیدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکیش بریندابوون."

دۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، "لەکاتێکدا لەتورکیا باس لە دەستپێکردنەوەی چارەسەر و ئەگەری گفتوگۆ لەنێوان کورد و حکوومەتی تورکیا هەیە هێرشێکی لەو جۆرە بە مانادار دەزانین دەبێت لێکۆلینەوەی لەسەر بکرێت و زیاتر لە جاران ئاگاداری ئاشتی بین."

لەدوای ئەو هێرشە تورکیا هێرشێکی ئاسمانی چڕی بۆسەر عێراق و سووریا دەستپێکردووە، گوتەبێژی دەم پارتی پێیوایە ئەم هێرشانە توندوتیژی ناوچەکە زیاتر دەکات و دەڵێت، "بەردەوامبوونەی شەڕ و پێکدادان تەنیا دەبێتە هۆکاری ئازار و لە دەستدان، بانگەوازی هەموو لایەنەکان دەکەم رێگەی چارەسەری ئاشتی و گفتوگۆ پەیرەو بکەن چونکە خەڵکی سڤیل کراوەتە ئامانج."

سەبارەت بە رۆڵی عەبدولڵا ئۆجەلان لە پڕۆسەی ئاشتی گوتی، "تاوەکو ئێستا گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان بەردەوامە، بەڵام ئەو یئمادەیە بۆ چارەسەر، ملیۆنان کەس ئۆجەلان وەک ئیرادەی خۆیان دەبینن، ئەو رۆڵێکی گرینگی هەیە لە پرس و کێشەکانی نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا چونکە خاوەنی ئەزموون و عەقلییەتێکی کراوە و پڕۆژەیەکی باشی هەیە و چونکە قسەکەری چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد ئۆجەلانە."

گوتەبێژی دەم پارتی دەشڵێت، "ئۆجەڵان ئامادەیە ڕۆڵ بگێرێت لە چارەسەری دەستپێکردنەوەی ئاشتی لە تورکیا، کەواتە کوا دەوڵەت ئایا ئامادەیە؟ ئێمە وەک دەم پارتی پرسیاردەکەین، سیاسەتی دیموکراسی ئامادەیە، ئۆجەلان ئامادەیە بۆئەوەی ئەو هەلومەرجانە دروست بکات بۆ نەهێشتنی گۆشەگیری و دروستکردنی بنەمای یاسایی و سیاسی بەرێگەی دیموکراسیانەی پرسی کورد، ئێمە ئامادەین لەم چوارچێوەیە دەستپێشخەری بکەین و پەرەی پێبدەین بەرێگەی  خەباتی خۆمان."

لەیلا زانا: بەردەوام دەبین لە ئاودانی تۆی ئاشتی 

لەیلا زانا، کەسایەتی سیاسی باکووری کوردستان پەیامێکی  لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردوە لەبارەی بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی چارەسەری ئاشتی بڵاوکردوە و تێیدا دەڵێت، "تروسکایی ئومێد بۆ هەموو ئەوانەی گرفتاری شەڕ و ململانێ بوونە بەدەرکەوت، چاوتان ڕوون و سڵاو لەوکەسانەی چاوەروانی ئاشتین."

زانا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، "ئێمە لەو کەسانەین هەمووکات تینوی ئاشتین، پستیوان و لەپال ئەوکەسانەین کە هەوڵی گۆڕینی ئەو پێشهاتانە دەدەن بۆ چارەسەری دیموکراسی و ئاشتی بەرێگەی یاسایی و سیاسی، دەمەوێت ئەوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆی ئاشتی دەچینین بزانن ئێمە لەگەڵیان بەردەوام دەبین لە ئاودانی تۆیەکانیان، کێشەکە وەک ڕەگ و ریشە مێژووەکەی کۆن و قورسە هەموومان بەرپرسیارین بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە بەلایەنی کەم سەت ساڵە بەردەوامە."

لەیلا زانا لەساڵی (1994) بەتۆمەتی ئەندام بوونی لە رێکخراوی نایاسایی دەستگیرکرا و سزای (15) ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لەساڵی (2004) ئازاد کرا، لە ساڵی (2011) وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنی پەرلەمان خۆی کاندید کرد لە دیاربەکر و گەیشتە پەرلەمانی تورکیا، لەدوای کۆتایی هاتنی قەدەغەی سیاسی لەساڵی (2015) پەیوەندی بە پارتی هەدەپە کرد و لەساڵی (2018) بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوون لە پەرلەمان  دورخرایەوە.

دەمیرتاش: "ئەگەر ڕێگەی سیاسەت بۆ ئۆجەلان بیەوێت خۆش بکەن، ئێمە بەهەموو توانامانەوە پشتیوانی لێدەکەین."

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەدوای هێرشە خۆکوژییەکەی سەر بەرێوەبەرایەتی توساش پەیامێکی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەو ئەقڵیەتەی دەیەوێت بەخوێن کۆتایی بەچارەسەری کێشەکان بێنێت لەبڕی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەت، با باش بزانێت ئەگەر ئۆجەڵان ڕێبەری پەکەکە بیەوێت دەستپێشخەری بکات و رێگەی بۆ خۆشکەن بۆ سیاسەت ئێمەش بە هەموو توانامان پشتیوانی دەبین، ئێمە هیچ ڕێبازێک قبوڵ ناکەین کە بیەوێت رێگەی سیاسەت و دیموکراسی و گەران بەدوای ئاشتی بێناوبکات، دەبێت هەموولایەک ئەوە بزانێت هەرگیز رێگەنادەین ئەمجارە دەنگی ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتی سەربکەوێت ون بێت و گرینگیش نییە ئاشتی لە کوێوەدێت."

سەرچاوە: ماڵپەڕی بی بی سی

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین