توركیا چاوەڕوانە ترەمپ هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا بكێشێتەوە
نوچە نێت
وەرگێرانی: ئیسماعیل تەها
لەدوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا گەشبینی خۆی نیشاندا بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا، ئەوەش بەهۆی لێدوانەكانی پێشووی سەرۆكی تازە لەسەر كشانەوەی هێزەكانیان لە رۆژئاوای سووریا، كە دەبێتە هۆی لاوابوونی پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ ئیدارەی خۆسەری لەو ناوچەیە و ئەنقەرە دەتوانێت ئامانجەكانی لە ناوچەی ئارام لە سەر سنوورەكان بەدەستبهێنێت، ئەو سیناریۆیەش بۆتە هۆی دڵەڕاوكێی كورد لەو ناوچەیە.
ئەردۆغان بە گەشبینیەوە لە بونیادنانەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتن دەڕوانێت، ئەوەش لە میانەی بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپە بۆ ئەنقەرە، گوتیشی، "لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، ترەمپ زۆر بە ئەرێنی باسی لە توركیا كردووە."
رۆژی هەینی رابردوو سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، لە داهاتوو گفتوگۆ لەسەر كشانەوەی ئەمەریكا لە سووریا دەكەین، داواش لە ئەمەریكا دەكەم پاڵپشتییەكانی بۆ یەكینەكانی پاراستنی گەل كەم بكاتەوە، پێشموایە گفتوگۆكانم لەگەڵ ترەمپ رێگە بۆ ئەوە خۆش دەكات."
بەرپرسێكی ئاكپارتی رایگەیاندووە، ئەنقەرە پێشبینی دەكات، ئیدارەی ترەمپ نەرمی و تێگەیشتنی بۆ ناڕەزاییە ئەمنییەكان زیاتر بێت، بەتایبەت دژ بە پارتی كرێكارانی قەدەغەكراو لە سووریا و عێراق.
دۆسیەی سووریا لایەنە كاراكان تێیدا بەشدارن، ئەنقەرە یەكێكە لەو وڵاتانەی بەشدارە، ئەوە جگە لە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی سووریا، لە هەمانكات رۆڵی ئەمەریكاش لەو وڵاتە كاریگەری هەیە، رووسیا پاڵپشتی سەرەكی بەشار ئەسەدە، داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دەكات.
بە پشتبەستن بە هەڵوێستەكانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ ئەو لایەنانە هەست بە گەشبینی دەكەن، لە (2019) ترەمپ زۆربەی سەربازەكانی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا كشاندەوە، هەندێكی بۆ پارێزگاری لە وێستگە نەوتییەكان هێشتەوە، بەرپرسانی ئەمەریكا ئەو كات راگەیاند، كشانەوەی ئەو هێزانە بۆ پارێزگاری بوو لە تووش بە ململانێیەكی خوێناوی، ئەوەش لەدوای ئەوەی توركیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنی سەربازی لە باكووری سووریا دەستپێدەكەن، گوتەبێژی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەد) رایگەیاند، واشنتن خەنجەری ژەراوی لەپشتەوە لێداین.
تا ئێستاش بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا ماون، كە بەشێكی هێزەكان لە پارێزگای رەقە و حەسەكەن، ئەمەریكا لە (2016) لە بنكەی تەنەفن، كە كەوتۆتە ناوچەی سێگۆشەی سنووری عێراق ــ ئوردنی لە پارێزگای حومس، سەبارەت بە ژمارەی سەربازەكانیش پنتاگۆن راگەیاندووە، (900) سەربازی ئەمەریكا لە سووریان.
ئەردۆغان لە لێدوانەكانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، ئیدارەی دۆناڵد تەرمپ بەشێوەیەكی فراوان كاریگەری لەسەر هاوسەنگی سیاسی و سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ، هەروەك باسی لەوەش كرد، حیساب بۆ دیپلۆماسیەتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە لەگەڵ سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا دەكات.
ئەردۆغان جەختی لەسەر دۆسیەی پەیوەست بە پشتێنەی ئەمەنی (30 بۆ 40) كیلۆمەتر لەسەر سنووری وڵاتەكەی لەگەڵ سووریا و عێراق كردەوە، گوتیشی، "گفتوگۆكانمان لەگەڵ ترەمپ لە قۆناغی نوێ لەسەر دۆخی رووداوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت."
ئەردۆغان دەشڵێت، "بۆ نموونە هەڵسەنگاندن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دەكەین، چۆن كۆتایی بە پاڵپشتیەكانی واشنتن بۆ یەپەگە و بەیەدە و پارتی كرێكاران بهێنن."
پرسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا پرسێكی ئاڵۆزە تەنانەت لە ئەمەریكاش ئەو دیدە هەیە، كە پێیوایە كشانەوەی ئەو هێزانە زیانی گەورە بە بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمەریكا دەگەیێنێ، چونكە هیوایە بە تاران دەدات بۆ ئەوەی ئامانجە دوورمەوداكانی بە دەركردنی ئەمەریكا لە رێگەی پاڵپشتی گرووپە چەكدارەكان بهێنێتەدی.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات هۆشداری دەدات لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا ئاڵۆزی گەورە لەو ناوچەیە روودەدا، ئیلهام بە رۆژنامەی دیر شبیگلی ئەڵمانی راگەیاندووە، ئاسایش و سەقامگیری ئیدارەی خۆسەری لە رۆژئاوای سووریا پشت بەردەوامی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەو ناوچەیە دەبەستێت، ئەگەر ئەمەریكا هێزەكانی بكشێنێتەوە، بۆشایی دەسەڵات دەقۆزرێتەوە، بەتایبەتیش توركیا، دەستبەجێ شەڕ هەڵدەگیرسێ.
ئیلهام لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دەڵێت، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری لە باكووری رۆژهەڵات سێیەكی خاكی سووریا دەگرێتەوە، ئەو ناوچەیەش هەڕەشەی دەستدرێژی چەندین لایەنی لەسەر، هێزەكانی سووریای دیموكراتیش بە هاوكاری لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا هەزاران ئەندامی رێكخراوی تیرۆرستی داعشیان دەستگیركردووە و پارێزگارییان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری كردووە.
هاوسەرۆکی هێزەكانی سووریای دیموكرات جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، سەرەڕی ئەوەش كوردەكانی سووریا هەست دەكەن لەگەڵ گۆڕانكارییە جیۆسیاسییەكان و زیادبوونی فشاری زیاتر لەدەرەوە بۆ سەر ئەمەریكا بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی زیاتر دەستبەرداریان بووە.
ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ لە (2019) بە شێوەیەكی لە ناكاو هێزەكانی لە سووریا كشاندەوە، ئەوەش وایكرد خۆپاراستن لەو بڕیارە لە رێگەی هەوڵی دیپلۆماسی كارێكی قوورس بێت.
ئیلهام ترسی لە بڕیارە هاوشێوەكانی ئیدارەی نوێی ترەمپ هەیە، دەشڵێت، "ئیدارەی خوسەری كە كورد سەرۆكایەتی دەكات خراوەتە بەردەم هەڕەشە نوێكانی توركیا و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و پاشماوەكانی داعش."
سەرچاوە: عەرەبی لەندەنی
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment