سەرۆکى ناوەندى لێکۆڵینەوە قەوقاز: بۆ ئازادکردنى دەمیرتاش تورکیا پەنا بۆ لێبووردنى گشتى دەبات تورکیە

نوچە نێت

حەسەن ئۆکتاى سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەوقاز راگەیاند، دوای جەژن پێشهاتی خێرا بەڕێوەن و لەبارەی ئازادکردنی گیراوە سیاسییەکانی کورد بەگشتیی و سەلاحەدین دەمیرتاش بەتایبەتی بۆ پتەوکردنی متمانە، دەوڵەت پەنا بۆ لێبووردنی گشتیی دەبات بۆ ئەوەی دەمیرتاش ئازاد بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (31/ئادار/ 2025) سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەوقاز بە رووداوى رایگەیاند، ئامادەکاری هەیە بۆ ئەوەی دەم پارتی ببێتە ئەندامێکی نوێی هاوپەیمانی جهموور و لیژنەی هاوبەش لەگەڵ ئاکپارتی و مەهەپە پێکدەهێنن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەستوور دابڕێژنەوە. پێشبینیشی کرد دەمیرتاش بە لێبووردنی گشتیی ئازاد بکرێت. 
سەرۆکى ناوەندى لێکۆڵینەوەى قەوقاز گوتیشى، "دوای جەژن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەران و داواکارانی گشتیی دەکرێت. دەمەوێ لە رێگەی رووداو ئەم زانیارییە ئاشکرا بکەم. لەم هەڵبژاردنە کورسییەکیش بۆ دەم پارتی جیاکراوەتەوە. لە قۆناخی داهاتوودا رەنگە دەم پارتی هاوشێوەی مەهەپە ئەگەر بەشداری لە حکومەتیش نەکات بەڵام رۆڵی دەبێت، هەنگاوەکان بەم شێوەیە بەڕێوەدەچن."
بەگوێرەى قسەکانى ئۆکتایى لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە باشترین ئاستدایە و بەشداریکردنی دەم پارتیش لە سیستمی حوکمڕانی و لە سووریاش پەیەدە دانوستاندنی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سووریا کرد، "ئەمەش بۆ کورد بەهارێکی خۆشە".
دەربارەى کۆبوونەوەکانیش حەسەن ئۆکتاى، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە،  "ئێستا لە پشت پەردەکان و لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا وەرگرتنی وەزارەت لەلایەن دەم پارتییەوە گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەیەکی بەرجەستەکراومان لە دەست نییە و بابەتەکەش هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە بۆیە ناتوانین بە راشکاوی ئەم پرسە بخەینەڕوو. بەڵام پێمان سەیر نەبێت ئەگەر دوو وەزارەت بە دەم پارتی بدرێت. دەم پارتی بەردەوام لە دەرەوەی بازنەی سیستمی حوکمڕانی بوو، بەڵام ئەم جارە گوێ لە قسەکانی دەگیرێت، پرس و راوێژی پێ دەکرێ و رای وەردەگیرێت." 
سەبارەت بە هەموارکردنەوەى دەستووریش دەڵێت، دەوڵەت باخچەلی کرد، کە تێیدا تیشکی خستبووە سەر بابەتی هەموارکردنەوەی دەستوور، کە پێویستی بە رەزامەندی (400) پەرلەمانتار هەیە. کۆی دەنگی ئاکپارتی و مەهەپە و ئەندامەکانی دیکەی هاوپەیمانی جمهوور دەگاتە (324) دەنگ. ئەگەر دەم پارتیش بێتە ناو ئەم بەرەیەوە، دەنگەکان دەگاتە (385) دەنگ و بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانیش رەنگە بگاتە 400 دەنگ. "ئەوسا پێگەی دەم پارتی لە دەسەڵات سەنگینتر و قسەڕۆیشتوو دەبێت". 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین