هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا و تێڕوانینی بەرامبەر تورکیا شیکاری

نوچە نێت

ئامادەكردن: دنیا ئەحمەد

ماڵپەری (NTV) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا و تێروانینی سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە دەكات، کە چ کاریگەرییەکی بەسەر تورکیا دەبێت، لەو راپۆرتەدا، لەکاتێکدا ئەمریکا خەریکە سەرۆکی نوێی وڵاتەکەی هەڵبژێرێت، تورکیاش لە نزیکەوە چاودێری دواین پێشهاتەکانی ئەو وڵاتە دەکات، لەئێستادا ترەمپ سەرکەوتنێکی نوێ بەدەستهێناوە و لەنێو تورکیادا پرسیاری ئەوە هەیە ئایا هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا چ کاریگەریەکی لەسەر وڵاتەکەیان دەبێت؟ 

بە هەڵبژاردنی لەوانەیە ترەمپ پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ تورکیا دروستبکات، چونكە ئەوكاتەشی سەرۆکی ئەمریکا بوو ڕوانگەیەکی ئەرێنی بەرامبەر بە تورکیا هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێنج جار سزای بەسەر تورکیا سەپاند، لەوانەش دوو سزا بەهۆی دۆسیەی  قەشە برونسۆن بوو، دووانیش بەهۆی کرینی سیستەمی بەرگری (ئێس 400) رووسی بوو، یەکێکیش بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر یەپەگە و پەکەکە بوو.

لێرە بەدواوە، ئەو بڕیارانەی دەیدات کە پەیوەستن بە تورکیا گرینگە، لە بارەی پرسەکانی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا و پشتیوانی ئەمریکا لە ڕێکخراوەکانی یەپەگە و پەکەکە لە سووریا و پرسی فڕۆشتنی فڕۆکەی (ئێف 35 و 16) و پرسی سیستەمی (ئێس 400).

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لێکەوتەی گرینگی بۆ تورکیا هەیە، چونکە سەرۆکی نوێ ئەو سیاسەتەی جێبەجێی دەکات، ئەگەر هەیە سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا دەستپێبکات، دۆنالد ترەمپ لە خوای پێشووتری ماوەی سەرۆکایەتی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دامەزراندبوو، بەڵام  بەهۆی کاریگەری بیرۆکراسی و کۆنگرێسی ئەمریکا کەلەنێکی گەورە و ناکۆکیەکی زۆر لەنێوان پەیوەندییەکانی هەردوولا لەوماوەیەدا دروست بوو.

ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ تورکیا چۆنە؟

هەرچەندە ترەمپ هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تورکیا بدات، بەڵام چەندین سزا و لێدوانی توندشی بەرامبەر بە تورکیا داوە، چەندین لێدوانی توند درا بەهۆی لاوازبوونەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، هەروەها چەندین جار ئەردوغان و ترەمپ لە چەندین پلاتفۆرمی جیاواز بەیەکەوە کۆبوونەوە و لە کۆشکی سپیش بەیەکەوە کۆبوونەوە.

یەکەم کۆبوونەوەیان لە (16)ـی ئایاری ساڵی (2017) ئەنجامدرا، ئەوکات ترەمپ چوار مانگ لە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكار بوو، لەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند، ئەمریکا پشتیوانی تورکیا دەکات هاوشێوەی داعش لە شەڕی دژی پەکەکە و بەیەکەوەش کاردەکەن بۆئەوەی شوێنێکی سەڵامەت بۆ ئەو گروپە تیرۆرستیانە نەهێڵن.

دووەم کۆبوونەوەی لوتکەیان لە کۆشکی سپی لە (13)ـی تشرینی دووەمی ساڵی (2019) بەڕێوەچوو، لەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا ترەمپ ستایشی ئەردۆغانی کرد و گوتی، "ئەردۆغان شەڕی تیرۆر دەکات، هاوشێوەی ئێمە کە چۆن شەڕی تیرۆر دەکەین."

بەڵام ناکۆکی سەرەکی تورکیا لەوەدابوو ئەو پاڵپشتیەی ئەمریکا بۆ چەکدارانی پەکەکە و پەیەدە لە سووریا کە لەسەردەمی بارک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ ترەمپ مابوو بە بیانووی شەرکردن لە دژی داعش.

ترەمپ ئامانجی بوو کۆتایی بە داعش بهێنێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

ترەمپ ڕێگەی بە پێنتاگۆ و فەرماندیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریکا دا کە بەردەوام بن لە هاوکارییەکانی بۆ ڕێکخراوەکانی پەکەکە و پەیەدە لە سووریا، هەرچەندە ئەو هاوکارییە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕەقە بوو لەژێر دەستی داعش، ئەو لیستەی ئامادە کرابوو بریاربوو لەگەڵ تورکیا هاوبەش بکرێت و ئەو چەکەی بەو گرووپانە دراوە لەدوای ئۆپەراسیۆنەکان کۆبکرێتەوە بەڵام بەپێچەوانەبوو لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی رەقەش هاوکارییەکان لە چەک و کەلوپەلی سەربازی بە بارهەڵگر یۆیان رەوانەدەكرا، جگە لەوەش ڕۆل و  پشتیوانی پێنتاگۆ و سێنتکۆم زۆر گرینگ بوو بۆ ئەو گروپانە.

ترەمپ پەیمانیدا لە سووریا هێزەکانیان بکشێننەوە بەڵام نەکشانەوە 

لەساڵی (2018) ترەمپ لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەل رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بریاریدا هێزەکانیان بەتەواوی لە سووریا بکشێننەوە، ئەو بڕیارە نارەزایی واشنتنی بەدوای خۆی هێنا و برێت مەکگۆرگ، نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا لە هاوپەیمانییەتی دژ بە داعش، کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سووریا هەبوو دەستیلەکارکێشایەوە.

لەپاشان ترەمپ رازی کرا و رایگەیاند، کە کشانەوەیان لە سووریا بە هێواشی و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت وە پرۆسەی کشانەوەیان وەستاند.

لەدوای ئەو پرۆسەیە وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا  بۆ ئەوەی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا دروست بکەن، بەڵام کارکردنەکەیان سەرکەوتوونەبوو نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک.

ترەمپ لە ساڵی (2019) بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا گفتوگۆیان هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و رایگەیاند، کە هێزەکانیان لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەکشێنەوە، وە لەدوای ئۆپەراسیۆنەکە بەتەواوی خاکی سووریا بەجێدەهێڵن، بەڵام ئەمریکا خاکی سووریای جێنەهێشت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی پەکەکە و پەیەدە نەپچڕاند.

سەرهەڵدانی کێشەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ 

تێروانینی ترەمپ بەرامبەر بە یەپەگە و پەکەکە نەگۆرا، لەبەرامبەر ئەو رەخنانە ترەمپ نامەیەکی بۆ ئەردۆغان نوسیبوو، کە پابەند نەبووە بە زمانی دیپلۆماسی و بێڕێزی بە دەوڵەت کردووە، نامەكە بە نهێنی گەیشتە دەستی ڕۆژنامەنوسان.

لەساڵی (2019) ئەردۆغان لە سەردانەکەی بۆ واشنتن نامەکەی گەراندەوە لای ترەمپ، لە هەمان مانگ ئەمریکا سزای بەسەر وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی وزە و وەزیری بەرگریی و وەزیری وزە و سامانە سروشتیەکان و وەزیری ناوخۆی تورکیا سەپاند، بەهۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی، لەدوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکە ترەمپ بریاریدا ئەو سزایانە لەسەر دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵبگیرێت.

کێشەیەکی تری تورکیا و ئەمریکا لەسەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی و قەشەی کەنیسەی زیندووبوونەوەی ئینجیل لە ئیزمیر دەستیپێکرد، کە تورکیا دەستگیری کردبوو، دواتر دادگای تورکیا سزای زیندانی بۆ دەرکرد، لەبەرامبەر ئەو رووداوە ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی تورکیای کرد و وە لەساڵی (2018) کۆشکی سپی باجی لە گومرگی پۆڵا و ئەلەمنیۆم بۆ تورکیا دووهێندە زیاد کرد بەهۆی ئەو دۆسیەوە.

وەزیرەکانی تورکیا خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکا 

لە (26) تەمموزی ساڵی (2018) ئیدارەی ئەمریکا وەزیری ناوخۆی تورکیا و وەزیری دادی تورکیای خستە لیستی سزاکان، هەروەها لە دوای ئازادکردنی قەشە ئەمریکیەکە و گەراندنەوەی بۆ وڵاتەکەی لەلایەن تورکیاوە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سزای سەر وەزیرانی تورکیایان هەڵگرت.

لە سەردەمی ترەمپ کێشەی (ئێس 400) سەریهەڵدا لەگەڵ تورکیا

کێشەی گەورەی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، لەدوای ئەوە هات، كاتێ ئەنقەرە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (ئێس 400)ـی لە رووسیا کڕی، کڕینی ئەو سیستەمە لە ڕووسیا کە ئەندامێکی ڕێكخراوی ناتۆ نییە و هاوپەیمانانیش پێیانوایە مەترسیەکی گەورەیە، لەکۆتایش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا سزای (CAATSA) بەسەر تورکیا بسەپێنێت، هەروەها لەدوای ئەو بڕیارە پێنتاگۆ بڕیاریدا لە ساڵی (2019) بەفشاری کۆنگرێس فڕۆشتنی فڕۆکەی جەنگی (ئێف 35) بە تورکیا رابگرێت، هەرچەندە ترمپ تێروانینێکی ئەرێنی بەرامبەر بە تورکیای هەبوو بەڵام پێنج جار سزای بەسەر تورکیا سەپاند لەوماوەی کە سەرۆکی ئەمریکا بوو.

کێشەیەکی دیكەی تورکیا و ئەمریکا ڕادەستنەکردنەوەی ئەندامانی بزووتنەوەی خزمەت بوو، هەرچەندە تورکیا حەوت جار داوای کرد فەتحوڵڵا گولەن سەرۆکی خزمەت ڕادەستی تورکیا بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ سوود بوو، ئەگەرچی ترەمپ تاڕادەیەک نەرمی بەرامبەر تورکیا دەنواند، بەڵام ئەم کێشەیە بەردەوام بوو، هەروەها دەستگیرکردنی جێگری بەڕێوەبەری گشتی پێشووی بانکی خەڵك لە فڕۆکەخانەی نیویۆرک لەساڵێ (2017) بووە ناکۆکیەکی دیکەی نێوان پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ.

ئایا ترەمپ هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا دەکێشێنتەوە؟ 

بەگوێرەی چاودێرانی سیاسی ئەگەر هەیە لە سەردەمی ترەمپ سیاسەتی واشنتن لەسەر سووریا گۆرانکاری تێیدا ڕووبدات، ئەوەش هەموو ویستی تورکیایە کە دەیەوێت ئەمریکا پشتیوانی پەکەکە و یەپەگە لە سووریا نەکات و هێزەکانیان بکشێننەوە، ترەمپ یەکەمجار رایگەیاند، کە دەیەوێت هێزەکانیان لە سووریا بکشێنەوە بەڵام رێگری لێکرا و لەوانەشە لەو خولەی سەرۆکایەتی گۆرانکاری سەرسورهێنەر ڕووبدات.

لەو سەردەمەدا پرسەکانی وەک جینۆسایدی ئەرمەنییەکان و سنوردارکردنی فڕۆشتنی فڕۆکەی (ئێف 35) و پرسی سیستەمی  بەرگریی (ئێس 400) و ڕادەستکردنەوەی ئەندامانی فیتۆ و پرسی قوبرس و پشتیوانیەکانی ئەمریکا بۆ گروپە چەکدارەکانی سووریا و هێرشەکانی ئیسرائیل، تەوەری سەرەکی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن دەبێت، هەرچەندە ترەمپ دەڵێت، کۆتایی بەشەڕی ئۆکراینا دە‌ینین ئەمەش هەمان بۆچوونی تورکیا و بە دڵیەتی، بەڵام لێدوانەکای تورکیا لە دژی ئیسرائیل دەبێتە پرسێکی گرینگی نێوان ئەم دوو وڵاتە و چاوەرواندەکرێت پێشهاتەی نوێ لەنێوانیان سەرهەڵبدات.

هەر دەربارەی قۆناغی نوێی پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمەریكا ماڵپەڕی (bbcلە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە دەكات، سینان ئۆلگن، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ئابووری و سیاسەتی دەرەوە دەڵێت، ئەگەر ترەمپ لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەستبەکارەکانی بکات لە کۆشکی سپی دەستکەتێکی کۆنکرێتی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا ڕوودەدات.

ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "پەیوەندیەکی باش لە رابردوو لەنێوان هەردوو وڵات هەبووە، بەتایبەت لەنێوان هەردوو سەرۆک هەربۆیەش گۆرانکاری چاوەروانکراو بەڕێوەیە لە پەیوەندییەکانیان، وە ئەگەرێکی زۆر هەیە بەهاتنی ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا بگۆرێت و ئەمەش بە دڵی تورکیا دەبێت."

ئۆلگن جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لاپەری سۆشیال میدیای خۆی ئاهەنگی سەرکەوتنی ترەمپی لە هەڵبژاردنەکان راگەیاندوو  گوتی، "پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپی هاورێم دەکەم." بەڵام سەرهەڵدانی کێشەی تورکیا و ئەمریکا بەهۆی تێروانینی تورکیا بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین ڕوودەدات، کە پێچەوانەی سیاسەتی ئیسرائیل و ترەمپە، دەتوانێت ببێتە کێشەیەکی نوێ لەنێوان ئەنقەرە و واشنتن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین