ئاماری زیانەکانی شەڕ و پێکدادانی پەکەکە و تورکیا
نوچە نێت
ئامادەكردنی: دنیا ئەحمەد
شەڕی توركیا و پارتی كرێكاران مێژووێكی چل ساڵەی هەیە، تاوەكوو ئێستا دەیان هەزار كەس لە هەردوولا بووینە، زیانی چەندین تریلۆن دۆلاری لە توركیا داوە، كە بەشیكی زۆری ئەو زیانەش بەر ناوچە كوردییەكان كەوتووە، بەرپرسانی توركیا بە ئاشكرا ئەوەیان باس كردووە، كە ئەو شەڕە زیانی زۆری گیانی مادی لێداون.
بولەنت ئارنج سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باس لە زیانەکانی چەند ساڵەی شەڕی پەکەکە و حکومەتی تورکیا دەکات و دەڵێت، " ئەگەر پەلاماری (ئەروه) لە ساڵی 1948 وەک سەرەتای دامەزراندنی PKK دابنێین، ئەوا (40) ساڵ تێپەڕیوە. لەم (40) ساڵەدا نزیکەی (100) هەزار کەس لە تورکیا بە هەر جۆرێک بێت گیانیان لەدەستداوە. ئێمە ئەوانەی لە لایەنی دەوڵەت و میلـلەتەوە بوون بە شێوازێکی دیکە پێناسەیان دەکەین، بەڵام رێکخراوەکەش بێگومان زیانی زۆری بینیوە. ئەوانیش لای ئێمە هەمان کەسن، منداڵی هەمان خێزانن کە گولـلەیان لە یەکتر دەدا. ئێمە لەپاڵ دەوڵەتین، چونکە دژی تیرۆر خەبات دەکەین. تیرۆر بریتییە لە کوشتنی ناڕەوای خەڵک بە زۆر و تووندوتیژی، زیانگەیاندنە بە خەڵک. ماڵ سووتێنراون، خەڵک ناچارکران کۆچ بکەن، پیاوانی ئایینی، منداڵان، ژنان کوژراون. مامۆستایان شەهید کراون. ئێمە هەموو ئەمانەمان بینیوە. گەیشتووینەتە خاڵێک کە دوو برا لە یەک خێزان، یەکێکیان سەربازە و گولـلە لە تیرۆر دەگرێت، ئەوی دیکەیان لە چیایە و گولـلە لەو دەگرێتەوە. ئەمە مێژوویەکی رەشی تورکیایە. ئەوانەی ئەو دۆخەیان دروستکرد، بەرپرسیارێتیی گەورەیان دەکەوێتە سەرشان."
بولەنت ئارنج هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان راگەیاند و گوتی، بەڵێ، چاوەڕوانی پەیامێک دەکرا و هەموو کەسێک لەم بارەیەوە قسەی کرد، لە سیاسەتڤانان، رۆژنامەڤانان و هەموو ئەوانەی لەم بابەتە دەکۆڵنەوە. لێرەش لەبارەیەوە قسە و گفتوگۆ کرا. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و هاوڕێیانی دیکە لە حکومەت بۆچوونی ئەرێنییان دەربڕی لەبارەی دۆخەکە. من دەبێت بە شێوازێکی جیاواز سەیری بکەم. من پۆست و ئەرکی تایبەتم هەبووە. لە سەردەمی سەرۆکایەتیم لە پەرلەمانی تورکیا و لە سەردەمی جێگری سەرۆکوەزیران. من بەشداریی پرۆسەی چارەسەری ساڵانی (2009-2015) تورکیام کرد. من خۆم لەنێو رووداوەکان دا ژیاوم. لەنێو ئەرکەکانم لە حکومەت، سەرۆکایەتیی دەستەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریشم دەکرد. کەواتە من نزیک بووم لە هەموو بابەتەکان، ئۆپەراسیۆنەکان، کارەکانی ئەم رێکخراوە، تاوانەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا.
ئۆجەلان لە ساڵی (1999) دەستگیر کرا و هێنرا بۆ تورکیا و ئێستا (25) ساڵە وەک مەحکومکراوێک بە زیندانی هەتاهەتایی قورس لە ئیمرالی دەژی. لەگەڵ تێپەڕینی کات، هەوڵی زۆر و چالاکی نیازپاکانە هەبوون بۆ کۆتاییهێنان بەم پرۆسەیە، واتە کۆتاییهێنان بە تیرۆر، بەڵام رووبەڕووی خیانەتی رێکخراوی تیرۆریستی بووینەوە. ئەوان مەرجیان دانا بۆ بەردەوامبوونی خوێنڕشتن و جێبەجێکردنی داواکارییە جۆراوجۆرەکانیان. بە بەلاوەنانی هەموو ئەمانە دەڵێم، پەیامەکەی ئۆجەلان لە رێگەی هاوڕێیەکانییەوە لە ئیستەنبووڵ زۆر گرنگە. دەکرێت وەک سەرەتایەکی ئەرێنی وەریبگرین .
بەگوێرەی ئاژانسی (سی ئێن ئێن) لە بەرواری (2018/6/2) ڕایگەیاندووە، سێردار سێمنت، شرۆڤەکاری سەقامگیری سیاسی تورکیا لەبارەی زیانەکانی شەڕی پەکەکە و تورکیا لە (20) ساڵی ڕابردوو دەڵێت، بەهۆی ئەم شەڕەوە تورکیا (240) ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.
لەلایەکی دیکە ماڵپەڕی (تورکیا گەزەتە) لە ساڵی (2023) هەواڵێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە، عیسمەت بویوکوتامان، ئەمینداری گشتی مەهەپە لە کۆبوونەوەیەکدا ئاشکرای دەکات، لەسەرەتای دروستبوونی پێکدادانەکانی شەڕی پەکەکە و تورکیا (2) ترلیۆن دۆلار زیان بەر ئابووری وڵاتەکەمان کەوتووە.
لە ساڵی (2021) عیزەت ئاکیۆن، توێژەر و نووسەر لە ڕاپۆرتێکدا بە (دەنگی ئەمەریکا)ـی ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی تورکیا نەیتوانیوە تاوەکو ئێستا پرسی کورد چارەسەر بکات زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و بەردەوامیش ئەو زیانە لە هەڵکشاندایە، هەروەها لە (40) ساڵی ڕابردوو زیانەکەنی شەڕی پەکەکە گەیشتۆتە (3) ترلیۆن دۆلار.
ماڵپەڕی (یەنی شەفەق) رایگەیاندووە، لە بەرواری (2023/1/23) سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرای دەکات، کە وڵاتەکەیان لە پرۆسەی ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ پەکەکە تاوەکو ئێستا (3) ترلیۆن و (722) ملیار یێتێلەیان خەرجکردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی دۆغانی توركی لە بەرواری (2017/4/22) شەڕو پێكدادان لەنێوان پەكەكەو سوپای توركیا لە ئامەد روویدا، بههۆیهوه سەربازێكی توركیا كوژراو دوو سەربازی دیكەش برینداربوون.
شەڕو پێكدادانەكە دوای ئەوەبووە كە سوپای توركیا لەناوچە شاخاوییەكانی شارۆچكەی كولب ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پەكەكە ئەنجامداوە.
شەڕی نێوان پەكەكەو سوپای توركیا هاوینی ساڵی (2016) دەستیپێكردەوە، ئەوەش دوای وەستانی پڕۆسەی ئاشتیی نێوانیان كەماوەی 2 ساڵ بەردەم بوو، لەئێستاشدا ئەو پڕۆسەیە بەتەواوی پەكی كەوتووە.
دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ سوپای توركیا لە زۆرناوچەی باكوری كوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامداو چەند ناوچەیەك بەهۆی بۆردومانی توركیاوە بەتەواوی وێران بوون، وەك؛ گەڤەر، نسێبین، جزیرەو ناوچەی سوری ئامەد.
ئێرۆل کاتیرجئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئابووریناسێکی ناسراوی تورکیا، رایدەگەیەنێت، چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد و شەڕەکەی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا، زیانی ترلیۆن دۆلاری بە ئابووری تورکیا گەیاندووە و "پێویستە پەکەکە دەستبەرداری چەک بێت و حکومەتی تورکیا پرسی کورد چارەسەر بکات".
ئێرۆل کاتیرجئۆغڵو لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی شەڕی پەکەکە ئاماژەی بەوە کرد: "دەگوترێت زیانە ئابوورییەکانی شەڕەکە (شەڕی پەکەکە و حکومەتی تورکیا) لە سێ تریلیۆن دۆلار بۆ 40 تریلیۆن دۆلارە، ئەم قەیرانە ئابوورییەی کە ئێمە تێیداین، بەشێکە لە قەیرانی سیاسی. زۆر روونە ئەگەر تورکیا بتوانێت پرسی کورد چارەسەر بکات، کێشە ئابوورییەکانیشی چارەسەر دەبن. پێویستە پەکەکە شەڕی چەکداری رابگرێت و ناتوانێت لە رێگەی چەکەوە هیچ شتێک بەدەست بهێنێت. پێویستە پەکەکە زەمینەسازی بۆ سیاسەتی مەدەنی خۆش بکات و سیاسەتمەداران پشتیوانی لە پێدانی مافەکانی کورد بکەن. هاوکات پێویستە حکومەتی تورکیا مافی نزیکەی (30) ملیۆن کورد بدات".
لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا نزیکەی 80 هەزار کەس لە هەردوولا (چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا) گیانیان لەدەستداوە و بەشێکیشیان بریندار بوون. ئەم ئامارانە لە دەزگا فەرمی و نێودەوڵەتییەکان و لە لێدوانی بەرپرسانی پەکەکە وەرگیراون.
دوران کالکان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە هەفتەی رابردوو بۆ کەناڵێکی نزیک لە حزبەکەی رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە لە ساڵی (1984)ەوە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە (50) هەزار کەس.
لەلایەکی دیکەوە و بەپێی ئاماری ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە و گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی ورێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، نزیکەی (10) هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا و (15) هەزار هاوڵاتی مەدەنی کە زۆربەیان کوردن، لە شەڕی (39) ساڵەدا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها چوار هەزار گوند وێران بوون و نزیکەی ملیۆنێک کەس لە گوندەکانیان ئاوارە بوون.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی (800) گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
زیاتر لە (30) ساڵە شەڕی تورکیا و پەکەکە پەلی هاویشتووەتە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و لە سنووری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، جگە لە ناسەقامگیری ناوچەکە وێرانییەکی گەورەی بەسەر سرووشتی دەڤەرەکەدا هێناوە. بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی، چەندین جار ئاگر لە دارستانەکان کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی (10) هەزار دار.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment