گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بەرەو کوێ؟ وەرگێڕان

نوچە نێت: تایبەت

ئا: سنوور یاسین

ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا مێژوویەکی درێژی هەیە چەندین جار و لە ڕێگەی جیاوازەوە هەردوو وڵات داوای گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ یەکتردا کردووە، ناکۆکییەکانی ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین و بە تایبەتتر لەگەڵ دووبارە بوونەوەی دۆناڵد ترەمپ، بە سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر بوو، ئێران بەردەوامە لە هۆشداریدان بە وڵاتانی ناوچەکە و هەرگیز ڕەتیناکاتەوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمەریکا وڵاتان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێوەدەگلێنە ناو پرسەکەوە.

بەرپرسانی باڵای ئێران دژایەتی داواکارییەکانی ئەمەریکا دەکەن سەبارەت بە دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەیان و ویستی خۆیان دەربڕیوە دەربارەی بەردەوام بوونی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکان لە ڕێگەی عومانەوە بەهۆی ئەوەی دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ هەڵسەنگاندنی جدی واشنتن سەبارەت بە چارەسەری سیاسی لەگەڵ ئێراندا.

هەروەها ئێران ئاگاداری هەریەکە لە وڵاتانی عێراق، کوێت، ئیمارات، قەتەر، تورکیا و بەحرەینی کردووەتەوە کە هەر پشتیوانییەک بۆ هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان لە کاتی هێرشکردندا بە کردەوەی دوژمنکارانە دادەنرێت. ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران هێزە چەکدارەکانی ئێرانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە لە هەر ئەگەرێکی لەم شێوەیەدا.

نیگەرانییەکان لە ئاڵۆزییەکی فراوانتر لە ناوچەکە وڵاتانی دەوروبەری کەنداوی نیگەران کردووە، چونکە لە لایەکەوە هاوسنوورن لەگەڵ ئێران و لەلایەکی دیکەشەوە بەرژەوەندی بازرگانی و جیاوازیان هەیە لەگەڵ ئەمەریکا.

میدیای فەرمی ئێران ڕایگەیاند، "کوێت ئێرانی دڵنیا کردووەتەوە کە قبوڵ ناکات هیچ کردەوەیەکی توندوتیژی لە خاکی خۆیەوە دژی وڵاتانی دیکە بکرێت".

هەروەها ڕووسیاش ڕایگەیاندووە، "هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی قبووڵکراو نین".

لە بەرامبەردا، ئێران نایشارێتەوە کە هەرگیز بێئاگا نابن لە بەرژەوەندی و پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا.

لە لایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران دووپاتکردەوە، بەهۆی ئەوەی ئەم شێوازەی گفتوگۆی پێ باشترە.

وەک وەڵامێک بۆ سەرۆکی ئەمەریکا مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆیەک کە لەسەر بنەمای یەکسان بێت لەگەڵ ئەمەریکا".

چەندین جار ئێران ئامادەیی  بۆ دیالۆگ دەربڕیوە بەڵام هەموو شێوازە گفتوگۆیەک لەژێر فشار و هەڕەشەدا ڕەت دەکاتەوە.

حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "ئێران ئامانجی دەستپێکردنی جەنگ نییە، بەڵام بەتەواوی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی سەربازی لە لایەن دوژمنانەوە، ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆیەک".

پێشتریش عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری نزیک لە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی هۆشداری دا کە تاران بەدوای چەکی ئەتۆمی ناگەڕێت، بەڵام ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر هیچ بژاردەیەکی تری نابێت جگە لەوەی ئەو کارە بکات، چونکە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ماوەیەکی زۆرە ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، تاران ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تەنها بۆ مەبەستی مەدەنی بووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین