دەم پارتى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەیانى لەگەڵ ئەردۆغان بڵاوکردەوە شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانى: دنیا ئەحمەد
دەم پارتی لەدوای کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێن، کۆبوونەکەیان هیوا بەخش بووە و لە داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەکە دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی ماڵپەڕی (گەل) بڵاویکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازی لە شاندی ئیمراڵی دەم پارتی کرد. 
لەدوای کۆبوونەوەکە دەم پارتی لە بارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی تورکیا  ڕاگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و شاندەکە زۆر ئەرێنی و هیوابەخش و بەرهەمدار بۆ داهاتوو بەرێوەچوو."
لە ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، "باس لە گرینگی ئەو خاڵە کرایەوە کە لە پرۆسەی ئاشتی گەیشتونەتە کوێ، تاوتوێی قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکە کرا و کە قۆناغێک دوور بێت لە توندوتیژی و ململانێ، قۆناغێک تێدا دیموکراسی و سیاسی بەهێز بکرێت و سوودی بۆ وڵاتان و هاووڵاتیانی ناوچەکە هەبێت."
دەشڵێت، "شاندی پارتەکەمان لە قۆناغی داهاتوو بە ئیرایەکەی بە هێزەوە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ جێبەجێکردنی بانگەوازی ئاشتی، جێگەی شانازییە ئێمە بەڕایگشتی ڕابگەیەنین لە ئەمڕۆ گەشبینترین لە دوێنێ و لە داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەکە دەکەن."
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا شاندی دەم پارتی سوپاسی تەواوی لایەنە سیاسیەکان و توێژە کۆمەڵاتییەکان دەکەن و دەڵێن، "پێشنیار و هۆشداری و رەخنەکانتان پرۆسەی ئاشتی نوێیان بەهێزتر کردووە."
دوێنێ هەریەک لە سری سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری ئەستەنبۆڵ لە فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان پەرلەمانتاری وان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و بە بەشداری ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی دەزگای هەوڵگریی تورکیا و ئەڤکان ئاڵن یاریدەدەری سەرۆکی ئەکپارتی لە کۆشکی سەرۆکایەتی نزیکەی (1:25) کۆبوونەوە. 
کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی دەم پارتی. 
ماڵپەڕی (جمهوریەت) بڵاویکردەوە، لەدوای (13) ساڵ جارێکی تر دەم پارتی سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیایان کردەوە، بەر لە کۆبوونەوەیان سری سورەییا ئۆندەر پەرلەمانتاری دەم پارتی ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکە سەرنج و پێشنیارەکانمان دەخەینە ڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەکەین، لەدوای ئەم کۆبوونەوە بواری سیاسی و دیموکراسی و ئاشتی چالاکتر دەبن و هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی خێراتر و شیاوانەتر دەبێت."
پەروین بوڵدانیش ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمە یەکەمین جارە بەڕێز ئەردۆغان لەم پرۆسەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕامان لەگەڵدا دەکات. بیروڕای خۆی لەبارەی ئەوە کە چی بکرێت باشە لە داهاتوو دەخاتەڕوو. ئێمەش زانیاریی لەبارەی تەواوی ئەو دیدارانە پێدەدەین کە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و بەرێز ئۆجەلان کردوومانە. هیوادارین ئەمە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەموو وڵات." 
لەدوای ئەم کۆبوونەوەیە چاوەروان دەکرێت بۆ جاری چوارەم شاندی ئیمراڵی دەم پارتی داواکاری پێشکەش بکەن بۆ سەردانی ئیمراڵی و کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەرێ پەکەکە و پەیامی سەرۆکی تورکیای پێبگەیەنن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین