عیساوى له‌ دژى حه‌لبووسى ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رافع عیساوى سه‌ركرده‌ى دیارى سوننه‌ كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن نوورى مالیكییه‌وه‌ به‌ تێوه‌گڵان له‌ تیرۆر تۆمه‌تبار كرا بوو، له‌ بانگه‌شه‌ى هاوپه‌یمانى عه‌زم له‌ ئه‌نبار ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌. ماڵپه‌ڕێكى عه‌ره‌بیش ده‌ڵێ "عیساوى له‌ دژى حه‌لبووسى ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ى ئه‌یلوول فارس ئه‌لفارس سه‌ركرده‌ له‌ هاوپه‌یمانى عه‌زم كه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز شانازى به‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى ده‌كات كه‌ توانیویه‌تى، رافع عیساوى سه‌ركرده‌ى به‌ناوبانگى سوننه‌ بخاته‌ ریزه‌كانى خۆى. 
فارس ئه‌لفارس له‌ لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "عیساوى قوڕسایى خۆى له‌ گۆڕه‌پانى سیاسى هه‌یه‌ و خزمه‌تى شارى ئه‌نبارى كردووه‌، دواى رۆیشتنى بۆشایى دروست كردووه‌". دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ركه‌وتنى عیساوى له‌گه‌ڵ خه‌میس خه‌نجه‌ر و هاوپه‌یمانى عه‌زم هاوكێشه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌نبار ده‌گۆڕن.
رافیع عیساوى له‌ حكومه‌تى مالیكى وه‌زیرى دارایى و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران بوو بۆ كاروبارى دارایى، به‌هۆى ناڕه‌زاییه‌كانى ئه‌نبار كه‌ له‌دواى 2012 به‌ڕێوه‌چوو، رافیع عیساوى به‌ تیرۆر تۆمه‌تبار كرا و دواتر له‌ ساڵى رابردوو دادگا بڕیارى بێتاوانى عیساوى ده‌ركرد. 
ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى پێیوایه‌ ده‌ركه‌وتنى عیساوى له‌ دژى محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ته‌قه‌دوم ده‌بێت، چونكه‌ حه‌لبووسى گره‌و له‌سه‌ر پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ى له‌ ئه‌نبار ده‌كات و رافع عیساوییش له‌ هاوپه‌یمانه‌ ركابه‌ره‌كه‌ى ده‌بێت.
بڕیاره‌ له‌ 10ى مانگى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت و هه‌ردوو هاوپه‌یمانى عه‌زم و ته‌قه‌دوم له‌ رۆژئاواى عێراق ركابه‌رى یه‌كتر ده‌كه‌ن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین