نەتەوە یەکگرتووەکان: (400) هەزار هاووڵاتی سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ئاماری ئەو هاووڵاتیانەی گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان بڵاوكردەوە و دەڵێت، نزیکەی (400) هەزار پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەشارەوە.

ئەمڕۆ شەممە (12/نیسان/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دوای ڕووخاندنی بەشار ئەسەدەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە سووریا و بەمەش کۆی گشتی ئەو هاووڵاتییانەی گەڕاونەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە (1.4) ملیۆن هاووڵاتی.

کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئامانجییەتی پاڵپشتیکردنی گەڕاندنەوەی (1.5) ملیۆن پەنابەر و (2) ملیۆن ئاوارە لە  (2025) لە ئەستۆ بگرێت. تا ئێستا تەنها (71) ملیۆن دۆلاری لە کۆی (575) ملیۆن دۆلاری پێویست بۆ دابینکردنی پرۆگرامەکانی لە سووریا وەرگرتووە.

ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەی کە ئەگەری گەڕانەوەی پێشبینیکراو کەمتر بێت و ئەگەر پارەی پێویست دابین نەکرێت لەوانەیە هەندێک لە پەنابەران ناچار بکرێنەوە هەڵبێن.

ئاژانسەکە دووپاتی دەکاتەوە کە (16.7) ملیۆن هاووڵاتی لە ناو سووریا کە دەکاتە نزیکەی (90٪)ی دانیشتوان، پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، لە کاتێکدا زیاتر لە (7.4) ملیۆن هاووڵاتیش لە ناوخۆدا ئاوارەن.

جێگەی ئاماژە پێدانە، لە ماوەی زیاتر لە (14) ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سووریا ئاوارە بوون، كە تا ئێستا )5( ملیۆن پەنابەری سووری لە وڵاتانی دراوسێ ماونەتەوە لەوانە: تورکیا، لوبنان، ئوردن، عێراق و میسر. ئۆپراسیۆنە مرۆییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەردەوامن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین