تارق حه‌رب : هه‌ردوو فراكسیۆنى گه‌وره‌ى دراونه‌ته‌ په‌رله‌مان كه‌موكوڕییان هه‌یه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

تارق حه‌رب یاساناسى به‌ناوبانگى عێراقى ده‌ڵێ، هه‌ر دوو داوا كه‌ به‌ ناوى فراكسیۆنى گه‌وره‌ دوێنێ له‌ لایه‌ن ره‌وتى سه‌در و چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى به‌ جیا به‌ په‌رله‌مان دراون، كه‌موكوڕییان هه‌یه‌.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ نۆى كانوونى دووه‌م له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى یه‌كه‌م دانیشتنى په‌رله‌مان داواكاریى دوو لیست به‌ په‌رله‌مان دران، بۆ دیاریكردنى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن. یه‌كه‌میان له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانتارانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بوو، كه‌ به‌ مه‌حمود مه‌شهه‌دانى سه‌رۆكى كاتى "ته‌مه‌ن"ى په‌رله‌مان درا.

دووه‌میشیان له‌ لایه‌ن ره‌وتى سه‌دره‌وه‌ به‌ محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى تازه‌ هه‌ڵبژێردراوى په‌رله‌مانى عێراق درا. ئه‌مڕۆ تارق حه‌رب یاساناسى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر هه‌ردوو لیست ده‌دات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكیان كه‌موكوڕییان هه‌یه‌.

له‌باره‌ى لیسته‌كه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ڵێ، "ئه‌و داوایه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى پێشكه‌شى سه‌رۆكى ته‌مه‌نى كردووه‌ هیچ به‌هایه‌كى ده‌ستوورى و یاسایى نییه‌، چونكه‌ پێشكه‌شى سه‌رۆكى ته‌مه‌ن كراوه‌، نه‌وه‌ك سه‌رۆكى هه‌میشه‌یى، جیا له‌مه‌یش هیچ قه‌واره‌یه‌ك به‌ ناوى چوارچێوى هاوئاهه‌نگى له‌ فه‌رمانگه‌ى حزبه‌كان و كۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كان تۆمار نه‌كراوه‌".

سه‌باره‌ت به‌و داوایه‌ى كه‌ ره‌وتى سه‌در بۆ گه‌وره‌ترین فراكسیۆن كردوویه‌تى، حه‌رب ده‌ڵێ، "باشتر بوو سه‌رۆكى په‌رله‌مان بیخاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رووى ده‌ستووره‌وه‌ دووپات بكرێته‌وه‌".

ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، لیستى ره‌وتى سه‌در كه‌ دوێنێ به‌ په‌رله‌مان درا ته‌نیا له‌ 76 په‌رله‌مانتار پێكهاتبوو، كه‌چى لیسته‌كه‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى 88 په‌رله‌مانتارى له‌خۆگرتبوو.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین