سه‌در ده‌ستبه‌ردارى حكومه‌تى زۆرینه‌ بوو عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چاودێرانى سیاسى بۆ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌ستبه‌ردارى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ بووه‌ كه‌ پێشتر بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرد و ده‌شڵێن ئێران له‌م بابه‌ته‌دا فشارى كردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌در.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ى ئادارى 2022 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌ستبه‌ردارى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ بووه‌. غانم عابد توێژه‌رى سیاسى بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئێران فشارى كردووه‌ته‌ سه‌ر سه‌در بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر به‌ڕووى به‌ره‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌ بكرێته‌وه‌.

عابد دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ حكومه‌تى داهاتوو به‌ ره‌هایى ته‌وافووقى ده‌بێت، نه‌وه‌ك به‌و جۆره‌ بێت كه‌ سه‌در بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرد.

چاودێرانى سیاسى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ى نێوان مالیكى و سه‌در كه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو ئه‌نجام درا، زۆر شتى له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان گۆڕیوه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حكومه‌تى داهاتوو ته‌وافووقى بێت، وه‌ك چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگیش داواى ده‌كرد.

موجاشع ته‌میمى توێژه‌رى سیاسى نزیك له‌ ره‌وتى سه‌در له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ نییه‌ و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ى له‌ پرۆسه‌كه‌ نوێ بێت، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى سه‌در و مالیكییه‌، ئه‌گینا كێشه‌كان هه‌ر وه‌كو خۆیان ماونه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى 2021 به‌ڕێوه‌چوو. ره‌وتى سه‌در به‌ 74 كورسى براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو. هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كه‌ 32 كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌لایه‌ن ره‌وتى سه‌دره‌وه‌ هه‌وڵى دوورخستنه‌وه‌ى له‌ پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌درا. دواجار رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو 10ى ئادار موقته‌دا سه‌در په‌یوه‌ندى به‌ نوورى مالیكى سه‌رۆكى  هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا كرد و تاوتوێى پێكهێنانى حكومه‌تیان كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین