سوننەكان دووپات لەسەر سێ‌ خاڵ دەكەنەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئەمڕۆ چەند لایەنێكی سوننەی عێراق كۆبوونەتەوە و دووپات لەسەر گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی و گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و بەشدارییكردنیان لە هەڵبژاردن دەكەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە هەشتی ئاب، ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی حزبى "للعراق متحدون"ی سوننە و لەگەڵ هەریەكە لە خەمیس خەنجەر سەرۆكی پڕۆژەی عەرەبی سوننە و خالید عوبەیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی عەزم كۆبووەوە.

ئەو كۆبوونەوانەی لایەنە سوننەكان وەك ئامادەكارییەك دێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، پێشتریش ئەو لایەنانە هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سوننەیان داوە، بەڵام شكستیان هێناوە. لە دوو راگەیێندراوی جیاواز هاوپەیمانی عەزم كە خەمیس خەنجەر سەرۆكایەتی دەكات، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لایەنە سوننەكانی ئاشكرا كردووە و بەگوێرەی ئەو راگەيێندراوانە بێت باسیان لە سێ‌ خاڵ كردووە.

 یەكەمیان ئەوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كاتی خۆیدا بكرێت، چونكە ئەو هەڵبژاردنە بە هەلێكی گرنگ دەزانن، بەو مەرجەی لە كەشێكی گونجاو بەڕێوەبچێت. دووپات لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان دەكرێتەوە. سێیەمیش ئەوەیە گفتوگۆی نێوان لایەنەكان "سوننەكان" بەردەوام بێت.  

بڕیارە لە 10ی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجام بدرێت. چەندان لایەن تا ئێستا بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان كردووە و پێیانوایە لە كەشی ئەمنی و ئابووری و سیاسی ئەمڕۆی عێراق ناكرێت هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و بێگەرد لە ئەنجام بەڕێوەبچێت.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین