كەتائیبی حزبوڵا بەشداری هەڵبژاردن ناكات بەڵام پاڵپشتی دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

میلیشیای كەتائیبی حزبوڵای عێراقی لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای دەكات، بە هیچ شێوەیەك كاندیدیان لە هەڵبژاردن نییە و هانی خەڵكیش دەدەن بۆئەوەی بەشێوەیەكی فراوان بەشداری لە هەڵبژاردن بكەن.

شەوی رابردوو هەشتی ئاب، كەتائیبی حزبوڵای عێراق كە میلیشیایەكی عێراقی راستەوخۆ سەربە ئێرانە، لە راگەیێندراوێكدا باس لە هەڵوێستی خۆی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەكات و لایەنگری خۆی بۆ چەند لایەنێك ئاشكرا دەكات.
حزبوڵای عێراقی سەبارەت بە بوونی لیست و كاندیدی خۆیان دەڵێ‌، "حزبوڵا هەرگیز بەشداری لە رێكخستنی هەڵبژاردنەكان ناكات و كادیرەكانی وەك كاندید ناچنە ناو هەڵبژادن، لە پۆستی حكومی بەشدار نابن".
ئەو میلیشیایە باس لە هەڵوێستی خۆی دەكات كە گوایە پشتگیری لە چەند لایەنێك دەكات، هەر چەندە ناویان ناهێنێ‌ بەڵام دەڵێ‌، "ناسراون" ئەوانەن كە لە"باوەڕەوە" لە حزبوڵا نزیكن. سەبارەت بەوانەی لە میلیشیاكە جیابوونەتەوە و قەوارەی سیاسیان پێكهێناوە، حزبوڵا باسی لەوە كردووە ئەوانیش لەو لایەنانە جیاناكرێنەوە كە پاڵپشتیان دەكات.
لە كۆتایی راگەیێندراوەكەی ئەو میلیشیایە كە بە ئەنجامدانی چەندان كردەوەی تووندڕەوی تۆمەتبار دەكرێت، دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێت هانی خەڵك بدرێت، بۆئەوەی بەشێوەیەكی فراوان بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن.
لەكاتێكدا كە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق گومانیان هەیە، بتوانرێت هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و بێگەرد لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، تەنانەت هەندێك لایەن بایكۆتی هەڵبژاردنیشیان كردووە، كەچی هەندێك لە لایەنە شیعەكان و میلیشیاكان دەستیان بە بانگەشە كردووە و هەوڵ دەدەن خەڵكێكی زۆر بەشداری هەڵبژاردن بكات.
كتائیب حزبوڵای عێراقی لە نیسانی 2007 لەلایەن ئێرانەوە دامەزراوە، زیاتر لە 10 هەزار چەكداری هەیە. حزبوڵای لبنانی مەشقی بە چەكدارەكانی كردووە. ئەو میلیشیایە راستەوخۆ سەربە ئێرانە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین