ره‌وتى سه‌در پێشنیارى درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى حكومه‌تى كازمى ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ره‌وتى سه‌در ئاماژه‌ به‌ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق ده‌كات و ئاشكراى ده‌كات له‌ حاڵه‌تى دواخستنى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، پێشنیارى درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى حكومه‌تى مسته‌فا كازمى بۆ مانگى نیسان یان تا ته‌مووزى ساڵى داهاتوو هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ دووى ئاب، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، دواى راگه‌یاندنى بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن، ره‌وتى سه‌در ئاماژه‌ بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق ده‌كات.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ لێدوانێكى رامى سه‌كینى كراوه‌ كه‌ په‌رله‌مانتارى ره‌وتى سه‌دره‌ و دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ره‌وته‌كه‌يان پابه‌ند ده‌بێت به‌ بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن، جیا له‌وه‌یش ئاشكراى ده‌كات كه‌ پێشنیارى دواخستنى هه‌ڵبژاردن كراوه‌.

ئه‌و لێدوانه‌ى رامى سه‌كینى دواى كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان دێت، كه‌ تێیدا دووپات له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆى كراوه‌ته‌وه‌، رامى سه‌كینى ده‌ڵێ، "شوێنگره‌وه‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى ئێستا تا نیسان یان ته‌مووزى ساڵى داهاتوو به‌رده‌وام بێت".

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئاشكرایان كردووه‌، عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكى ره‌وتى حیكمه‌ و حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نه‌سر له‌ په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامدان بۆئه‌وه‌ى ره‌وتى سه‌در له‌ بڕیارى بایكۆتكردن پاشگه‌ز بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و هه‌وڵانه‌ ئه‌نجامى نه‌بووه‌.

موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در، كه‌ پاڵپشتى گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانى ده‌كات له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ ناوى هاوپه‌یمانى "سائیروون" له‌ 15ى مانگى رابردوودا راگه‌یاند ره‌وته‌كه‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ناكات و له‌ حكومه‌تى ئێستا و داهاتوویش پاڵپشتى له‌ هیچ كه‌سێك ناكات.

بڕیاره‌ له‌ 10ى مانگى تشرینى یه‌كه‌مى داهاتوو، هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق به‌ڕێوه‌ بچێت. واده‌ى هه‌ڵبژاردنى ئاسایى په‌رله‌مانى عێراق مانگى ئایارى 2022 بوو، به‌ڵام له‌ دواى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق داواى خۆپیشاندانى پێشوه‌خته‌ كرا و ئه‌وه‌ بوو سه‌ره‌تا مانگى حوزه‌یرانى ئه‌مساڵ دیارى كرا و دواتر بۆ مانگى تشرینى یه‌كه‌م دواخرا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین