سه‌در جارێكى تر پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ و به‌شدارى هه‌ڵبژاردن ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چاودێرى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب پێشبینى ده‌كه‌ن، له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ بڕیارى بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردنى عێراق پاشگه‌ز ببێته‌وه‌ و سه‌ركرده‌یه‌كى ره‌وته‌كه‌یش ده‌ڵێ، "موقته‌دا سه‌در وڵات راده‌ستى پاسه‌وانانى كۆن ناكات".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31ى ته‌مووز، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا پێشبینى ده‌كات ره‌وتى سه‌در جارێكى تر بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى داهاتوو به‌ڕێوه‌ بچێت.

پێشتر موقته‌دا سه‌در له‌ په‌یامێكى تۆماركراوى ڤیدیۆیى كه‌ له‌ 15ى ئه‌م مانگه‌ په‌خشكرا رایگه‌یاند، بایكۆتى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌كات و متمانه‌ له‌ هه‌ر به‌رپرسێكى ره‌وته‌كه‌ى له‌ حكومه‌تى ئێستا و داهاتوو وه‌رده‌گرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چاودێرانى سیاسى بۆ رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" باسیان له‌وه‌ كردووه‌، له‌وانه‌یه‌ جارێكى تر سه‌در بگه‌ڕێته‌وه‌ و به‌شدارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بكات. راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌یش له‌ كه‌سایه‌تى موقته‌دا سه‌در شتێكى نامۆ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ سه‌لیقه‌ و بۆچوونه‌كانى جێگیر نیین و جیا له‌وه‌یش چاوى بڕیوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى سەرۆکایەتی حكومه‌تى داهاتوو به‌ده‌ست بهێنێ.


رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ، "له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌رهاتوو سه‌در له‌ بڕیارى بایكۆتكردنه‌ پاشگه‌زبووه‌وه‌، ئه‌وا رووداوێكى له‌ناكاو نییه‌، چونكه‌ ئه‌و پێشتریش سوێندى خواردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و پیاوێكى ئایینه‌ به‌ڵام شه‌رمى له‌وه‌ نه‌كردووه‌ له‌ سوێندى خۆى پاشگه‌ز ببێته‌وه‌".

له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌ رۆژنامه‌كه‌ ده‌نووسێ، "بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن بابه‌تێكى له‌ناكاو نییه‌، به‌هۆى راهاتنى سه‌لیقه‌ى ئه‌و پیاوه‌ و ناجێگرى هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانى".

دواتر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات بڕیاره‌كه‌ى سه‌در بۆ بایكۆتكردنى هه‌ڵبژاردن به‌هۆى ئه‌وه‌ بوو، خۆى له‌ به‌رپرسیارێتى به‌ دوور بگرێت، چونكه‌ كه‌رتى كاره‌با و ته‌ندروستى تووشى قه‌یرانێكى قوڵ بووه‌ته‌وه‌، وه‌زیرى هه‌ر دوو كه‌رتیش له‌سه‌ر ره‌وتى سه‌در هه‌ژمار ده‌كرێن، بۆیه‌ سه‌در ئه‌و كاره‌ى كرد تا خۆى له‌ ره‌خنه‌كان به‌ دوور بگرێت.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب لێدوانی سه‌ركرده‌یه‌كى سه‌در ده‌كاته‌ به‌ڵگه‌ له‌وه‌ى پێشبینى پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى سه‌در به‌هێزه‌، عیسام حوسێن سه‌ركرده‌ له‌ ره‌وتى سه‌در ده‌ڵێ، "له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا چاوه‌ڕوانى بڕیارى نوێى موقته‌دا سه‌در ده‌بین، چونكه‌ ئه‌و وڵات راده‌ستى پاسه‌وانانى كۆن ناكات".

موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و پاڵپشتى هاوپه‌یمانى سائیروون، پیاوێكى ئاینى و سیاسییه‌. ئێستا هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى 54 كورسى لە په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه‌. سه‌در له‌دواى داگیركردنى عێراق به‌ چه‌ند شێواز كارى سیاسى و میلیشیایى كردووه‌. سه‌ره‌تا له‌ دژى ئه‌مریكییه‌كان جه‌نگا، دواتر تێكه‌ڵ به‌ پرۆسه‌ى سیاسى بوو.
سه‌در سه‌لیقه‌ى سیاسى جێگرى نییه‌، له‌ ساڵى 2014 ته‌واوى ره‌وته‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و نووسینگه‌كانى داخست گوایه‌ واز له‌ كارى سیاسى ده‌هێنێ، كه‌چى دواتر پاشگه‌زبووه‌وه‌.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین