له‌ دوایین دیدار سه‌دام چى به‌سه‌ر سه‌رۆكى میسر هێنا؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 27ى حوزه‌یران عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسر سه‌ردانى عێراقى كرد، میدیاكانى عه‌ره‌بى بایه‌خێكى زۆریان به‌و سه‌ردانه‌ دا، چونكه‌ زیاتر له‌ 30 ساڵ ده‌بێت هیچ سه‌رۆكێكى میسر سه‌ردانى عێراقى نه‌كردووه‌، ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى ئه‌م راپۆرته‌ى خواره‌وه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ باس له‌ ناوه‌ڕۆكى دوایین سه‌ردانى سه‌رۆكى میسر بۆ عێراق ده‌كات كه‌ له‌ ته‌مووزى 1990 بوو.

سه‌ردانى ئه‌مڕۆى عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى میسر بۆ عێراق یه‌كه‌م سه‌ردانى سه‌رۆكێكى میسر ده‌بێت كه‌ دواى تێپه‌ڕبوونى 30 ساڵ ئه‌نجام ده‌درێت. محه‌مه‌د حوسنى موباره‌ك له‌ 24ى ته‌مووزى ساڵى 1990 دوایین سه‌ردانى خۆى بۆ عێراق ئه‌نجام دا، له‌و سه‌ردانه‌دا چى روویدا؟

حوسنى موباره‌ك سه‌رۆكى كۆچكردووى میسر به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ ئه‌نجام درا، سه‌دام حوسێنى سه‌رۆكى ئه‌و كات رازى بكات له‌ داگیركردنى كوێت پاشگه‌ز بێته‌وه‌، دواى جه‌نگه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رووداوه‌كانى پشت په‌رده‌ى گێڕایه‌وه‌.

موباره‌ك له‌ میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى گوتى زانیارى ئه‌وه‌ى پێگه‌یشتووه‌ كه‌ عێراق هێزه‌كانى له‌ نزیك سنوورى كوێت كۆكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیار ده‌دات ده‌ستبه‌جێ سه‌ردانى به‌غدا بكات.

سه‌رۆكى پێشووترى میسر كاتژمێر هه‌شت و نیوى به‌یانى به‌ كاتى قاهیره‌ ده‌گاته‌ به‌غدا و به‌ره‌و كۆشكه‌كه‌ى سه‌دام ده‌چێت و له‌وێ جیا له‌ سه‌دام چاوى به‌ تارق عه‌زیزى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و چه‌ندان به‌رپرسى ترى عێراق ده‌كه‌وێ. موباره‌ك روونى ده‌كاته‌وه‌ پرسیارى له‌باره‌ى كۆكردنه‌وه‌ى هێز له‌سه‌ر سنوورى كوێت كردووه‌ و سه‌دام دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نایه‌وێ هیچ كارێكى دوژمنكارانه‌ بكات.

به‌ڵام موباره‌ك گومانى ده‌بێت، بۆیه‌ داوا له‌ سه‌دام ده‌كات دوور له‌ شاندى هه‌ردوو وڵات به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ ته‌نیا دابنیشن و به‌ راشكاوى باس له‌ نیازى خۆى بكات، كه‌چى جارێكى تر سه‌رۆكى ئه‌وكاتى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نایه‌وێ كوێت داگیر بكات.

موباره‌ك پێیى راگه‌یاندووه‌، ده‌كرێت هه‌موو شتێك به‌ راوێژ له‌نێو براكان چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ رێكده‌كه‌وێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ میرى كوێت كه‌ ئه‌و كات شێخ جابر ئه‌لسه‌باح بوو، بۆ رێك بخه‌ن و دواى چه‌ند رۆژێك هه‌ر ئه‌مه‌یش روویدا.

موباره‌ك ده‌ڵێ له‌كاتى سه‌ردانه‌كه‌م له‌ به‌غداوه‌ بۆ كوێت سه‌رم سوڕما له‌وه‌ى ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ لێدوانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ده‌گوازنه‌وه‌ و ده‌ڵێ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى من و سه‌دام ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌یه‌كى پرۆتۆكۆلى بووه‌ بۆ تاوتوێكردنى په‌یوه‌ندى دووقۆڵى و باسى كێشه‌ى نێوان عێراق و كوێت نه‌كراوه‌.

موباره‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات زۆر به‌م قسه‌یه‌ سه‌رم سوڕما، چونكه‌ ئامانجى ئه‌و نزیككردنه‌وه‌ى بۆچوونى براكان بووه‌، به‌رژوه‌ندییه‌كى له‌دواى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، ته‌نیا یه‌كڕێزى عه‌ره‌بى نه‌بێت، كۆششێكى گه‌وره‌یش ده‌كات له‌پێناو هاوكارى زۆرێك له‌ "برایانى عه‌ره‌ب".

موباره‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "له‌ راستیدا هه‌ستم به‌ دڵته‌نگى كرد، به‌ڵام گوتیشم كێشه‌ نییه‌، قه‌یرانه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێنین. بۆیه‌ رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 26ى ته‌مووز نێرده‌یه‌كى ترم ره‌وانه‌ى عێراق كرد و بۆئه‌وه‌ى لێیان بپرسێ: ئایا ئه‌مه‌ ده‌چێته‌ عه‌قڵ؟ كه‌چى وه‌ڵامى پێویستمان به‌ده‌ست نه‌هێنا".

دواتر موباره‌ك باس له‌وه‌ ده‌كات، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى دواتر دووى ئاب كاتێك داواكار بوو له‌ خودا كه‌ مانگى ئاب به‌ هێمنى به‌ڕێوه‌بچێت و بۆ ئه‌وه‌ى كه‌مێك پشوو بدات، كه‌چى زانى هێزه‌كانى عێراق چوونه‌ ناو كوێته‌وه‌.

موباره‌ك ده‌ڵێ، "بیركردنه‌وه‌م وه‌ستا، من كه‌سێكى سه‌ربازییم لێكه‌وته‌كانى ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌زانم، باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌ده‌كرد كه‌ رووی ده‌دا، عێراق و كوێت دوو وڵاتى عه‌ره‌بین و دوو ئه‌ندامى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بیین، كه‌چى ئه‌مه‌ له‌ نێوانیان رووبدات؟".

سه‌رچاوه‌: سكاى نیوز
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین