زه‌برێكى گه‌وره‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ عێراق ئاشكرا ده‌بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌رپرسانى عێراق ئاشكراى ده‌كه‌ن، پاشماوه‌ى چه‌ك و جبه‌خانه‌ى رژێمى عێراق پارێزراو بووه‌، تا ئه‌و كاته‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌و كات ره‌زامه‌ندى داوه‌ له‌وه‌ى ته‌واوى چه‌كه‌كان به‌ میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى بدرێن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ى ته‌مووز، دوو به‌رپرسى باڵاى عێراق كه‌ ناویان ئاشكرا نه‌كراوه‌، زانیارى ئه‌وه‌یان به‌ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید داوه‌، ئه‌و چه‌كانه‌ى حه‌شدى شه‌عبى له‌ 26ى مانگى رابردوو له‌ مانۆرێكى سه‌ربازى نمایشى كردن، زۆربه‌یان مێژووییه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌مى رژێمى سه‌دام حوسێن ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و به‌ هاوكارى ئێران حه‌شدى شه‌عبى نۆژه‌نى كردوونه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن به‌هاى ئه‌و چه‌كانه‌ سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌بێت، دواى كه‌وتنى رژێمه‌كه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كى عێراق دانرابوون به‌ "گۆڕستانى چه‌كه‌كانى رژێم" ناوده‌بران و بۆ هیچ هێزێك نه‌بوو له‌و جبه‌خانه‌یه‌ نزیك ببێته‌وه‌.

له‌ راپۆرتى رۆژنامه‌كه‌ هاتووه‌، جۆرى ئه‌و چه‌كانه‌ بریتین له‌: تانك، زرێپۆش، تۆپهاوێژى نه‌مساوى، هاون، رۆكێتى دژه‌تانك و دژه‌فڕۆكه‌، چه‌ندان جۆرى ئۆتۆمبیلى سه‌ربازى. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش كراوه‌، زۆرێك له‌و پێداویستییه‌ سه‌ربازییانه‌ به‌ هاوكارى ئێران نوژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ و بزووێنه‌ریان له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ بۆ دابینكراوه‌.

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت بنكه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌و چه‌كانه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كى نزیك تاجى بووه‌ له‌ باكوورى به‌غدادى پایته‌خت. سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێ، بۆ نموونه‌ تانكى (كه‌فیل1 ) كه‌ حه‌شدى شه‌عبى نمایشى كردووه‌، بریتییه‌ له‌ تانكى (تى 72)ى سوپاى عێراق له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حوسێن.

دووپاتى ئه‌وه‌یش كراوه‌ته‌وه‌، بۆ هیچ هێزێك نه‌بووه‌ ده‌ست بۆ ئه‌و چه‌كانه‌ ببات، به‌ڵام له‌ مانگه‌كانى سه‌ره‌تاى حكومڕانى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ كۆتایى 2019، ئه‌و سه‌رۆكه‌ ره‌زامه‌ندى داوه‌، به‌وه‌ى حه‌شدى شه‌عبى چه‌كه‌كان بدات.

عادل كرعاوى گوته‌بێژى میلیشیاكانى ئه‌نساڕوڵا ئه‌وفیا، لێدوانى بۆ رۆژنامه‌كه‌ داوه‌و پشتڕاستى زانیارییه‌كانى كردووه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تى، "هیچ نهێنییه‌ك له‌و بابه‌ته‌ نییه‌ و به‌ ئاگادارى حكومه‌ت و ره‌زامه‌ندى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ئه‌نجام دراوه‌".

ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ حكومه‌تى عێراق هه‌وڵى داماڵێنى چه‌كى حه‌شدى شه‌عبى ده‌دات، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ رۆژ له‌دواى رۆژ چه‌كى قوڕسترى ده‌كه‌وێته‌ ده‌ست. دواجار له‌ نمایشێكى سه‌ربازى كه‌ له‌ 26ى مانگى رابردوودا به‌ ئاماده‌بوونى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان  له‌ شارى دیاله‌ به‌ڕێوه‌چوو، میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى چه‌ندان چه‌كیان ده‌رخست به‌ فڕۆكه‌ى بێ فڕۆكه‌وانیشه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین