رۆیته‌رز: هه‌ڵبژاردن عێراقییه‌كانى نیگه‌ران كردووه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئاژانسى رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌ به‌رده‌وامبوونى هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكانى عێراق ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ى به‌م بارودۆخه‌ى ئێستا بێت هه‌ڵبژاردنت مه‌ترسییه‌ و ره‌وایه‌تی به‌ میلیشیاكان ده‌دات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24ى حوزه‌یران ئاژانسى رۆیته‌رز راپۆرتێكى له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى هه‌ڕه‌شه‌ى میلیشیاكانى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌شێك له‌ راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. به‌رپرسێكى حكومه‌تى عێراق كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئێستا میلیشیاكان له‌ حكومه‌ت به‌هێزترن.

ئه‌و چالاكوانانه‌ى كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ى رۆیته‌رز قسه‌یان كردووه‌ دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر بارودۆخ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بێت ئه‌وا هه‌ڵبژاردن مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ بۆ عێراق دروست ده‌كات، چونكه‌ حزبه‌ نوێیه‌كان كه‌ چالاكوانان دایانمه‌زراندون له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ن بۆیه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان كاندید بكه‌ن.

هیشام مه‌وازنى یه‌كێكه‌ له‌ چالاكوانه‌كان، باسى له‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و حزبێكى سیاسى نوێى داناوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى لێكراوه‌ و ته‌نانه‌ت ئۆتۆمبیله‌كه‌یشى سووتێنراوه‌، ئێستا جیا له‌وه‌ى حزبه‌كه‌ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى نه‌كردووه‌، خۆیشى رایكردووه‌.

گوته‌بێژى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ى پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ كاندیده‌كان كشاونه‌ته‌وه‌.

حه‌نا ئیدوار كه‌ چالاكوانێكى تره‌ ده‌ڵێ، "ده‌وڵه‌تى عێراق به‌سه‌ر بارودۆخه‌كه‌ زاڵ نییه‌، به‌رده‌وام چالاكوانان و كاندیده‌كان تیرۆر ده‌كرێن و له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌، زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ بارودۆخێكى وه‌ها هه‌ڵبژاردنى ئازادانه‌ ئه‌نجام بدرێت".

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و نیگه‌رانه‌ حزبه‌ كۆنه‌كان متمانه‌یان به‌خۆیان و بۆ هه‌ڵبژارن خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ ئه‌نجام بدرێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین