ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان ڕێگری لە بەرەو پێشچوونەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن وەرگێڕان

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

ن: ڕوەیدە مستەفا

لەگەڵ بوونی ناکۆکی سیاسی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا، سەربەخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بەگشتی پێشکەوتن بەخۆیەوە نابینێت و دەستێوەردانی دەرەکی زیاد دەبێت و چەندین ئاڵۆزی بۆ هەرێم و هاووڵاتینای دروست دەبێت. لە دوایین پێشهاتدا بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵیی عێراق توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێک لە پرسە جیاوازەکان سنووردار دەکات.

سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی مەترسیدا دەبێت ئەگەر یەکڕیزیی و یەکگرتووی فەراهەم نەبێت و کۆدەنگی نەبێت لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، لە مانگی شوباتدا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، دوو بڕیاری دژی هەرێم دەرکرد، گرژییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەهۆیانەوە زیاد بوو.

بە گوێرەی یەکەم بڕیاری دادگاکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە بەرپرسیارێتی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت بداتە حکومەتی فیدراڵی. ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت لە ڕێگای وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراقەوە لە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە، بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵی بەغدا لەسەر دارایی هەرێم زیاد دەبێت و ئۆتۆنۆمی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە.

هەروەها دادگاکە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مانگانە ڕاپۆرت پێشکەش بە بەغدا بکات. لە ڕاپۆرتەکەدا وردەکاریی خەرجکردنی مووچە و هەموو سەرچاوەکانی داهات ئاماژەی پێبکرێت و بە ووردی ئاماژە بە هەموو بڕە داراییەک بکرێت، لەوانە داهاتە نەوتی و سەرچاوە نانەوتییەکانیش. ئەم جەختکردنەی حکومەتی بەغدا بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی دارایی خۆی کەمدەکاتەوە و دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم زیاد دەکات، وا دەکات بەردەوام ڕێگە هەبێت تاوەکو بەغدا دەستێوەردانی زیاتر بکات.

ئاشکرایە بەهۆی ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵیی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاڵۆزی و ناکۆکی تێدەکەوێت و دەچێتە قۆناغێکی نەرێنی. ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە (2017) خاڵێکی وەرچەرخان بوو بۆ ئۆتۆنۆمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیان و هەرێم. هەمیشە لە لایەن بەغداوە قۆناغ بە قۆناغ چەوساندنەوەی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتی، ئێستا گەیشتووەتە ئاستی دەستێوەردان لە خۆبەڕێوەبردنی هەرێم، پرسی دارایی و چەندین پرسی گرنگ و تایبەتی تر. بەشێکی زۆری ئەم دەستوەردانانەش دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەیەک بڕیاری یەک لە دوای یەک لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراق، ئەم بڕیارانەش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە پاڵنەری سیاسی لە پشت حکومەتی بەغدا و دادگاکەوە دادەنرێت و بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەم بڕیارانە دژی حکومەتی هەرێمن و چەوساندنەوەی زیاتری گەلى کوردستانە لەلایەن بەغداوە.

ماوەی چەندین ساڵە مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی جۆراوجۆر بوونەتەوە، شایستە داراییەکانیان پی نەدراون یاخود تاخیر کراوە و بیانووی جیاوازی بۆ دۆزراوەتەوە. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەربارەی پرسی مووچە مامەڵەیەکی ئاسایی نییە لەگەڵ هاووڵاتییان و حکومەتی هەرێم، چونکە ناڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵ و سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە پرسێکی گرنگ. هەر کاتێک دەستێوەردان یاخود دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران بکرێت لەلایەن بەغداوە ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات و قوربانی سەرەکی تەنیا ئەوان دەبن.

لە بڕیارێکی تردا دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بەهۆی سکاڵایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، کورسی کۆتای کەمینەکانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دانا و هەڵیوەشاندەوە، لە کاتێکدا ئەمە چەندین ساڵە ئەم کورسی کۆتایانە بوونیان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان و کەمینەکانی هەرێم توانیویانە ئازادانە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و نوێنەریان هەبێت بۆ داواکردنی مافیان و پێکەوە ژیان لە هەرێمدا هەیە. کەمینەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی دژی ئەو بڕیارانە وەستانەوە و بە پێشیلکردنی مافی کەمینەکان و پێکەوە ژیانیان لە هەرێم وەسفکرد.

تەنیا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نین بۆ کەمبوونەوەی بەردەوامی ئۆتۆنۆمی کوردستان، بەڵکو بەهۆی ناکۆکی و بوونی گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکریزیی و یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان لاواز بووە. چەندین جار وڵاتان نێوەندگیریان کردووە و هەوڵی باشترکردنیان داوە یاخود باسیان لە گرنگی نەبوونی ناکۆکییە سیاسییە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئامادەییان پیشان داوە بۆ هاوکاری لایەنە جیاوازەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و نەهێشتنی ئاڵۆزییەکان لە پێناو دابین کردن و بەدەستهێنانی مافە سەرەکی، سەرەتایی و چارەنووسسازەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێگرن لە ڕێبازێکی یەکگرتوو بۆ حوکمڕانی پێشکەوتنەکانی هەرێم دوادەخات. پرسە گرنگەکان و لە کۆتاییدا پێگەی کورد لە دانووستاندنەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لاواز دەکات.

چەند نموونەیەکی ئاشکرا هەن کە لە ئەگەری پێکەوە بوون و هاوکاریکردنی یەکێتی و پارتی ئەنجامی باش بەدەستهاتوون و هەرێم سەرکەوتووە لە پەسە جیاوازەکاندا. بۆ نموونە، هەردوو لایەن گەورەترین خزمەتی گشتیان کرد و توانیان سەرکەوتن بەسەر ناخۆشییەکاندا کاتێک چەکدارانی داعش لە عێراق سەریانهەڵدا. هەردوولا جیاوازییەکانی خۆیان وەلانا و بە شێوەیەکی یەکگرتوو هاوکاری یەکتریان کرد و ستراتیژی پیکەوە کارکردنیان پەیرەو کرد بۆ ڕووبەڕوونەوەی چەکداران، بەرپەرچدانەوەیان و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

داهاتوویەکی باش و پرشنگدار بۆ چارەنووسی کورد پێویستی بە هەماهەنگی بەردەوام هەیە، پێویستە دابەشبوونی سیاسی ناوخۆیی هەرێم کۆتایی بێت و هەموو لایەنەکان لە پێناو هاووڵاتیان یەکریز بن بە تایبەت لە بەرەنگاربوونەوە و وەڵامدانەوەی بڕیارە بەردەوامەکانی دادگای فیدراڵیی بۆ چەوساندنەوەی هاووڵاتیان. بە هەبوونی دیپلۆماسییەتێکی بەهێز لە ناوخۆی هەرێمدا دەتواندرێت قۆناغێکی ئاسان پەیڕەو بکرێت بۆ هەبوونی دیالۆگی بەردەوام لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا. نیازپاکی، ویستی ڕێککەوتن لە نیوان لایەنە جیاوازەکانی هەرێم دەتوانێت سوود بە هاووڵاتیان بگەیێنێت و هەرێم بەرەو پێشەوە ببات.

بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێگەی هەرێمی کوردستان، حکومەت و پەرلەمان بەرز دەبێتەوە لە ئاستی ناوخۆ و نیودەوڵەتیدا، چونکە لە ئەگەری لەدەستدانی شەرعیەت حکومەتی هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت و ئاستەنگی جیاواز بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی دروست دەبێت. پارتی نیگەرانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان و بە پێشێلکردنی دەستوور و چەوساندنەوەی کەمینەکان وەسفی دەکات.

ئەگەر پارتی و یەکێتی یەکدەنگ و یەکگرتوو بن دەتوانن ڕووبەڕووی ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا ببنەوە. بە دڵنییاییەوەش هاووڵاتیانی هەرێم داهاتوو و قۆناغێکی تر چاوەڕوانیان دەکات و دۆخی گوزەرانیان باشتر دەبێت چونکە هاووڵاتیانی مەدەنی شایەنی ئەوەن ژیانێکی فەراهەم کراویان لە هەموو کەرتە جیاوازەکان، مافیان، بەرەوپێشچوونی هەرێم و شایستەیان. فشارە زۆرەکانی بەغدا و بەردەوام لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاستەنگ بۆ هەرێم دروست دەکەن و ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان.

سەرچاوە: پەیمانگای واشنتن

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین