حەسەن نەسڕوڵا: ئێمە و ئێران ئاگاداری هێرشەكانی حەماس نەبووین عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبانی لە وتارێكدا سەبارەت ئۆپەراسیۆنەكانی باهۆزی ئەقسا گوتی، ئەو جەنگە لە زیاتر لەبەرە و رووبەرێكی گرتۆتەوە، ئەو بڕیارەش بڕیارێكی تەواو فەڵەستینی بوو، ئێمە و ئێران ئاگاداری نەبووین.

ئەمڕۆ هەینی (سێ/ تشرینی دووەم/ 2023) ماڵپەڕی (واع) بڵاوی كردەوە، حەسەن نەسڕوڵا لە وتارەكەی ئەمڕۆی رایگەیاند، نهێنی رەخای سەركەوتنی باهۆزی ئەقسا لە حەوتی مانگی رابردوو، ئەوە بوو كە ئەو بڕیارە بەتەواوی فەڵەستینی بوو، لە پێناو فەڵەستینیش بوو، هیچ بەرەیەكی مقاوەمەشی تووڕە نەكرد. 

سەبارەت بە رۆڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش نەسڕوڵا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، تاران هیچ ئیشتێك بەسەر هێزەكانی مقاوەمە و سەركردە و بڕیارەكانیان ناسەپێنێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی ئاماژەی بەوە كرد، رووداوی حەوتی تشرینی یەكەم لەسەر ئاستی ئیسرائیل بوومەلەرزەیەكی ئەمنی و سەربازی و سیاسی و دەروونی بوو، ئەنجام و لێكەوتەی ستراتیژی دەبێت و كاریگەریی لەسەر ئێستا و داهاتووی ئەو تەلئەبیب دەبێت.

حەسەن نەسڕوڵا گوتیشی، “ئیسرائیل لە یەكەم رۆژەوە داوای هاوكاری دارایی و چەكی لە ئەمەریكا كردووە، لە كاتژمێرەكانی سەرەتاش روون بۆوە، كە ئیسرائیل سەری لێشێواوە."

سەبارەت بە هەوڵە سەربازییەكانی ئیسرائیلیش گوتی، سوپای ئیسرائیل تا ئێستا نەیتوانیووە دیلەكانی ئازاد بكات، یەكێك لە هەڵە گەورەكانی ئیسرائیلیش ئەوەیە كۆمەڵێك ئامانجی دیاری كردووە، كە ناتوانێت بە دییان بهێنێت، كە یەكێك لەوانە كۆتاییهێنانە بە حەماس و حزبوڵا.

دەربارەی سەركەوتنی غەزەش گوتی، سەركەوتنی غەزە سەركەوتنی گەلی فەڵەستین و دیلەكان مزگەوتی ئەقسا و كەنیسەی قیامەیە، هەروەك سەركەوتنی وڵاتان و گەلانی ناوچەكە و دراوسێ و لەرژەوەندی نیشتیمانی میسر و ئوردن و سووریا و لوبنانە.

حزبوڵای لوبنان حزبێكی شیعە مەزهەبە لە ساڵی هەشتاكانی سەدەی رابردوو دامەزراوە، بە یەكێك لە حزبە بەهێزەكانی ئەو ناوچەیە دادەنرێت، چەند جارێك لەگەڵ ئیسرائیل رووبەڕووی یەكتر بووینەوە، لە ساڵی (2006) شەڕێكی گەورەیان لەگەڵ ئیسرائیل كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین