توركیا سوید و فینلەندا لێك جیا دەكاتەوە تورکیە

نوچەنێت

حكومەتی فینلەندا لە هەوڵی ئەوە دایە گفتوگۆكانی چوونە ناتۆ لەگەڵ سوید جیابكاتەوە، حكومەتی توركیاش پێشتر ئاماژەی بەوە كردووە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ فینلەندا نییە.

دووشەممە (شەشی/شوبات/ 2023) ماڵپەڕی (ئاڕتی) بڵاویكردەوە رۆژنامەی (IltaLehti) فینلەندی ئاشكرای كردووە، ئەگەر هەنگاریا و توركیا رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی فینلەندا دەربڕن بۆ وەرگرتنی لە ناتۆ، فینلەندا ئامادەیە بەبێ ستۆكهۆڵم بچێتە ئەو رێكخراوە. 

سەبارەت بەهۆكارەكەشی چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوە كردووە، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەهۆی سنوورەكانیان لەگەڵ رووسیا و پێگەی جیۆسیاسی دۆخی فینلەندا بە جیاواز لە سوید دەزانن.

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە توركیا رایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەكیان لە لایەن فینلەنداوە بەدەست نەگەیشتووە، بۆیە بەگوتەی ئەم سەرچاوەیە چاوەڕاوانی داوای راستەوخۆ دەكەن.

بەگوێرەی قسەكانی ئەو دیپلۆماتكارە پێشتریش توركیا لەگەڵ فینلەندا كێشەی كەمتر بووە، بۆیە ئەگەر فینلەندا داوا بە جیا ببێتە ئەندامی ناتۆ بكات، توركیا چاو بە بڕیاری پێشوویە دەخشێنێتەوە. 

دەربارەی دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكانیش ئەو سەرچاویە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەنقەرە چاوەڕوانە ستۆكهۆڵم مامەڵەی خۆی بگۆڕێت، پێشتریش سەرۆكی توركیا رایگەیاندووە، سوید چاوەڕوانی هیچ هەنگاوێكی ئەرێنی نەكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین