مەکتەبى سیاسى پارتى: دەتوانرێت رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت کوردستانی

نوچەنێت:

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر دۆخى عێراق ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت "داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جدی و پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا."

ئەمڕۆ شەممە (13/ئاب/2022) مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتنبکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە"

 

ده‌قی راگەیێندراو‌ی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:

سەبارەت بەبارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕه‌حەتی خۆی لەھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. ڕوونە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق، کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەرەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکراو لەسەر بنەمای سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو.

لە روانگەی ھەستکردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی کە لەقۆناغی ئێستایدا رووبەڕووی دەبێتەوە، داوا لەسەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەین لە ئاست بەرپرسیارەتی قۆناغی ئێستادابن و داواش لە ھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جدی و پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا.

ھەربۆیەش لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتنبکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن، کە بە ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دوبارە نەبێتەوە.

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

13ـی ئابی 2022

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین