په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری به‌رانبه‌ر ئافرەتان."

ئەمڕۆ دووشەممە (24/تشرینی دووەم/2024) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ئارام بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە."

 

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان:

لە ڕۆژی جیهانیی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پابەندیمان به‌ پاراستنی مافەکانی ژنان لە کوردستان نوێ دەکەینەوە، هه‌روه‌ها دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و جیاکاری به‌رانبه‌ر ئافرەتان. تواناسازى و بەهێزکردنی پێگەی ژن، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووترە.

هەرێمی کوردستان پێشەنگ بووە لە پشتگیریکردنی مافەکانی ئافرەت و دابینکردنی دەرفەت بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و کارگێڕی بە یەکسانی لەگەڵ پیاودا. ئێمە باوەڕمان وایە کە ژن نەک تەنها هاوبەشێکی سەرەکییه‌ لە بڕیاردان، بەڵکو بنەمایەکە بۆ گۆڕانکاری و گەشەپێدانی بەردەوام.

لەم ڕۆژەدا، داواى هاوکاریی زیاتر دەکەین لەنێوان دامەزراوە حکوومییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکاندا، بۆ بڵاوکردنەوەی زیاترى هۆشیاری و بەهێزکردنی بەهاکانی لێبوردەیی و یەکسانی. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووانە بۆ دڵنیابوون لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش و ئارام بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.

هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا بەڵێن بە ئافرەتانی کوردستان ده‌ده‌ین کە بێ وچان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و به‌هێزكردنى تواناكانیان بۆ جێبەجێکردنی ڕۆڵی گرنگیان لە خزمه‌تكردن و بنیاتنانی وڵاتدا.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

25ى نۆڤبه‌رى 2024

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین