شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگە لەگەڵ وەزیرى بەرگریى عێراق کۆدەبنەوە کوردستانی

نوچەنێت:

شاندێکى وەزارەتى پێشمەرگە لەگەڵ وەزیرى بەرگریى عێراق کۆدەبنەوە و پرسى دەستبەکاربوونى دوو لیوا هاوبەشەکە و باشترکردنى پەیوەندییەکانى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (23/حوزەیران/2022) شاندێکى وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانى بەغدایان کرد و  لەگەڵ جومعە عناد وەزیرى بەرگری عێراق و عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی بەرگری عێراق و جێگرى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کۆبوونەوە.

وەزارەتى پێشمەرگە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە دوو کۆبوونەوەی جیادا، گفتوگۆیان لەبارەی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری عێراقی کرد بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەهەموو بوارەکاندا، بەتایبەت لەڕووی مەشق و راهێنانەکان، هەماهەنگی لەکاتی ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، شاندى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ وەزیرى بەرگریى عێراق، بابەتى وەرگرتنى ئەفسەر و قوتابیانى کورد لە کۆلێژەکانی سەربازی عێراق و کۆلێژی جەنگ و کۆلێژی ئەرکان و کۆلێژی بەرگری نیشتیمانی خستۆتەڕوو.

پرسى وەرگرتنەوە و گێڕانەوەى پایە (منصب) وەک پشکى پێشمەرگە لەناو سوپاى عێراق، یەکێک ترى بوو لە داواکارییەکانى شاندەکەى وەزارەتى پێشمەرگە.

هەروەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری بەرگری بەڵێنی دا، کە هاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بابەتانە، کە هەندێکیان دەبێت بەپێی ئەو رێنمایی و یاسا و رێسا کار پێکراوانە بێت، کە وەزارەتی بەرگری کاریان پێ دەکات."

دەربارەى لیوا هاوبەشەکان، وەزیرى بەرگرى عێراق ڕاگەیاند، "رێکارەکانی دەست بەکاربوونی دوو لیوایەکە لە وەزارەتی بەرگری تەواو بوونە و لای خۆیانەوە هەموو ئاسانکارییەکیان ئەنجام داوە، ئەوەی ماوەتە دابین کردنی بودجە و شایستە داراییەکانە بۆ دوو لیواکە، کە دەبێ لە ئاستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆیان دابین بکرێت."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین