سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر كۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر دەکات و هیوادەخوازێت، "ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت بە تایبەت لە بواری ئەکادیمی و هەروەها هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ناوەندە ئایینی و زانستییەکانی زانکۆی ئەزهەر."

ڕۆژی دووشەممە (دووی كانوونی یەكەم/2024) لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد کە پێکهاتبوون لە دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر، و دکتۆر سەلامە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر، وائل بەخیت جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەر، و ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری کارووباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی بارزانی، لە كۆبوونەوەكەدا "شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی ئارامیی و سەقامگیری و بوژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستیان کرد و بە گرنگییەوە باسیان لە تەبایی و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە."

سەرۆک بارزانی سوپاسی شاندی میوانی کرد و ڕۆشنایی خستە سەر "پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی مسر، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێبدرێت بە تایبەت لە بواری ئەکادیمی و هەروەها هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ناوەندە ئایینی و زانستییەکانی زانکۆی ئەزهەر."

لە ڕاگەیێندراوەكەدا هاتووە، "مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی و پێویستیی هەماهەنگیی هەموو لایەک بۆ پاراستنی ئارامیی و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها دوایین گۆڕانکاریی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین