توركیایش ده‌چێته‌ ناو دۆسیه‌ى ململانێى لایه‌نه‌كانى شیعه‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

عه‌لى ره‌زا گوناى باڵیۆزى توركیا له‌ عێراق ده‌ستى به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ شیعه‌كان كردووه‌ و ئه‌مڕۆ دیدارێكى له‌گه‌ڵ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح ئه‌نجامداوه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ عامرى به‌ باڵیۆزى توركیاى راگه‌یاندووه‌ ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كان.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ى تشرینى دووه‌م "نۆڤێمبه‌ر" ئاژانسى هه‌واڵى عێراق "واع" بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح و میلیشیاى به‌در پێشوازى له‌ عه‌لى ره‌زا گوناى باڵیۆزى توركیا له‌ عێراق كردووه‌.

ماوه‌یه‌كه‌ لایه‌نه‌كانى شیعه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ناكۆكى له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى 10 تشرینى یه‌كه‌م، عامریش له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌یه‌ دایه‌ كه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زانیارى له‌سه‌ر دیداره‌كه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێ توركیایش بیه‌وێ بێته‌ ناو دۆسیه‌ى ململانێیه‌كه‌وه‌.

به‌گوێره‌ى راگه‌یێندراوێك كه‌ له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ى عامرى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، عامرى به‌ باڵیۆزى توركیاى راگه‌یاندووه‌، ئه‌وان قبووڵ ناكه‌ن هیچ وڵاتێك ده‌ست بخاته‌ ناو دۆسیه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، دووپاتیشى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق.

توركیایش چه‌ند بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له‌ عێراق هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ى رابردوودا لایه‌نه‌ شیعه‌كان ناڕه‌زاییان له‌ بوونى ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربڕیوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین