عێراق هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر عێراق، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نامەیەکی فەرمی ئاراستەی، "ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی دەکات".

ئەمڕۆ شەممە (23/تشرینی دووەمی/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە نامەیەکدا پەیامی خۆی ئاراستەی چوار لایەنی نێودەوڵەتی دەکات، جەخت دەکاتەوە لەوەی، "پەیامی ئیسرائیل بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، بەشێکە لە سیاسەتێکی سیستماتیکی بۆ دروستکردنی تۆمەت و بیانوو بە ئامانجی فراوانکردنی ململانێکان لە ناوچەکەدا".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژه‌ بۆ ئەوەش دەکات‌، "عێراق داوا دەکات ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ڕۆڵی خۆی له‌ پاراستنی ئاشتی، ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ببینێت، پێویستە دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر بۆ ڕاگرتنی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ و لوبنان، ئیسرائیل پابه‌ند بكات بەوەی واز لە هەڕەشە بەردەوامەکانی بهێنێت، توندوتیژییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ناوچه‌كه‌ بوەستێنێت".

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ڕونیشی دەکاتەوە، "ده‌ستێوه‌ردانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرنگ و کاریگەرە بۆ ڕاگرتنی ئه‌م ڕه‌فتارانەی کە ئیسرائیل دەکات، چونکە پێشێلكارییه‌كی ئاشكرایە بەرامبەر بە بنه‌ماكانی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

عێراق داواش دەکات، "هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تی و هەماهەنگی بوونی هەبێت لە پێناو ڕاگرتنی په‌ره‌سه‌ندنی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كه‌، ده‌سته‌به‌ركردنی ڕێزگرتن له‌ یاسا و ڕێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، كه‌ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌دا، پێویستە ئه‌و نوسراوه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌ندام بگوازرێته‌وه‌، تاوەکو وەک به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی بچێتە بەردەست ڕێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان".

جێگەی ئاماژە پێدانە ئەو نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوای ئەوە دێت، "ئیسرائیل لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گرووپە چەکدارەکانی عێراق تۆمەتبار کردووە بەوەی هێرشی کوشندەیان دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە، وەڵامی دانەوەی هێرشەکانیشی بە مافی ئیسرائیل وەسف کردووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین