چه‌ند پێشێلكارییه‌ك له‌ شاره‌كانى عێراق كراون عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

میدیاكانى عێراق ئاشكرایان كرد، چه‌ند پێشێلكارییه‌ك له‌ شاره‌كانى عێراق تۆماركراون كه‌ بریتین له‌ وه‌ستانى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و رێگه‌نه‌دان به‌ چاودێرانى نێوده‌وڵه‌تى له‌وه‌ى بچنه‌ چه‌ند بنكه‌یه‌كى ده‌نگدانه‌وه‌.

دواى تێپه‌ڕبوونى چوار كاتژمێر له‌ ده‌ستپێكردنى ده‌نگدانى تایبه‌ت له‌ عێراق، میدیاكانى عێراق ئاماژه‌یان به‌ چه‌ند پێشێلكارییه‌ك كردووه‌، كه‌ له‌ شاره‌كانى سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار و زیقار تۆماركراون.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى دیجله‌ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌كى ده‌نگدان له‌ ئه‌نبار رێگه‌ به‌ چاودێرانى نێوده‌وڵه‌تى نه‌دراوه‌ بچنه‌ بنكه‌كانى ده‌نگدان، رێگرییه‌كه‌یش له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كراوه‌. وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێت رێگه‌نه‌دان به‌ چاودێرانه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكى ترى مووسڵ و سه‌لاحه‌دینیش دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌.

له‌ ده‌یان بنكه‌ى ده‌نگدان به‌هۆى له‌ كاركه‌وتنى ئامێره‌كان، پرۆسه‌ى ده‌نگدان وه‌ستاوه‌. وه‌ك میدیاكانى عێراق ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ بیانوویه‌ك بۆ زۆرێك له‌ بنكه‌ى ده‌نگدان.

ماڵپه‌ڕى به‌غدادیه‌ى عێراقى له‌ نوێترین هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ 50 بنكه‌ى ده‌نگدان له‌ زیقارى باشوورى عێراق پرۆسه‌ى ده‌نگدان وه‌ستاوه‌ و تا ئێستا هۆكاره‌كه‌ دیارى نه‌كراوه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ عێراق پێنجه‌م هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى له‌ دواى كه‌وتنى رژێمى به‌عس به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و عێراق به‌ سه‌ر 83 بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن دابه‌ش بووه‌ و نزیكه‌ى 25 ملیۆن كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 200 كاندید پێشبڕكێ له‌سه‌ر 329 كورسى ده‌كه‌ن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین