یاسا چۆن سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌دات كه‌ داواى ئاشته‌وایى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كه‌ن؟ ناوخۆیی

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دواى كۆنگره‌ى “ئاشتى و گێڕانه‌وه‌” كه‌ رۆژى هه‌ینى له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ عێراقییه‌كان بێ به‌شدارى كورد به‌ڕێوه‌چوو، كاردانه‌وه‌یه‌كى زۆر دروست بووه‌ و رۆژنامه‌كان له‌ چه‌ندان لایه‌نه‌وه‌ شرۆڤه‌ى ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌ لایه‌نه‌كان لایه‌نى یاساییه‌، چونكه‌ عێراق به‌ نیازه‌ سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌ به‌شدارییان كردووه‌، به‌ڵام چۆن و به‌ چ تێكیستێك؟

به‌ پێچه‌وانه‌ى یاساى سزادان، ده‌ستوورى عێراق
ئیسرائیل به‌ دوژمن نازانێت

 

رۆژى هه‌ینى رابردوو به‌ به‌شدارى 300 كه‌سایه‌تى عێراقى و ئه‌مریكى و ئیسرائیلى كۆنگره‌یه‌ك به‌ ناوى "ئاشتى و گێڕانه‌وه‌" له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كورد به‌شدارى نه‌كردووه‌ و ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان دووپاتیان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كانى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كورد و هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ نییه‌.
خاڵێكى تر كه‌ جێى سه‌رنج بوو، له‌و كۆنگره‌یه‌ داوا كرا په‌یوه‌ندى عێراق له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایى بكرێته‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى عێراق "سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و كۆمار و په‌رله‌مان" له‌دژى راگه‌یێندراوى كۆنگره‌كه‌ وه‌ستانه‌وه‌ و داواكه‌یان به‌ نایاسایى و ناده‌ستوورى وه‌سف كرد. ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ى ئه‌یلوول ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌رى له‌ عێراق بڕیارى گرتنى بۆ سێ به‌شداربووى دیارى كۆنگره‌كه‌ ده‌ركرد، كه‌ ئه‌وانیش ویسام حه‌ردان، میسال ئالووسى، سه‌حر كه‌ریم تائی بوون. 
دوێنێ نووسینگه‌ى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا باس له‌وه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان هاوئاهه‌نگى ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌ به‌شدارییان كردووه‌ و به‌رپرسن له‌ راگه‌یێندراوى كۆنگره‌كه‌. لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ تایبه‌تى شیعه‌كان داواى سزادانى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌شداربوون له‌ كۆنگره‌كه‌.
له‌ عێراق و زۆرێك وڵاتانى ترى دنیا كار به‌ بنه‌مایه‌كى یاسایى ده‌كرێت كه‌ ده‌ڵێ، "بێ ده‌قى یاسایى هیچ تاوان و سزاییه‌ك بوونى نییه‌". لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌كه‌ پرسیارێك دروست ده‌بێت، ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌شدارییان له‌ كۆنگره‌كه‌ كردووه‌ و یان داواى ئاشته‌واییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كردووه‌، به‌گوێره‌ى یاسایى عێراقى چ تاوانێكیان كردووه‌؟ سزاكه‌یان چییه‌؟
له‌ دوو رۆژى رابردوودا شاره‌زاییانى یاسایى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌یان داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌قێكى یاسایى ئاماده‌ هه‌یه‌، هه‌ر چه‌نده‌ لێكدانه‌وه‌ى جیاواز هه‌ڵده‌گرێت. 
یاساى سزادانى عێراقى كه‌ به‌ ژماره‌ى 111 ى ساڵى 1969 ده‌رچووه‌، له‌ ماده‌ى 201 ى هاتووه‌، "هه‌ر كه‌سێك هاوسۆزى بۆ بنه‌ماكانى زایۆنیزم هه‌بێت له‌گه‌ڵ ماسۆنیه‌ت، یان پروپاگه‌نده‌یان بۆ بكات، یان له‌ یه‌كێك له‌ دامه‌زراوه‌كانیان ببێته‌ ئه‌ندام، هاوكارى مادى و ئه‌ده‌بیان بكات، یان به‌ هه‌ر شێوازێك كار به‌دیهێنانى ئامانجه‌كانیان بكات، ئه‌وا به‌ له‌سێداره‌دان سزا ده‌درێت". 

دواتر له‌ ماده‌ى 204ى هه‌مان یاسا هاتووه‌، "به‌ سزاى زیندانى كه‌ له‌ 15 ساڵ زیاتر نه‌بێت یان به‌ پێبژاردن كه‌ له‌ هه‌زار دینار زیاتر نه‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ سزا ده‌درێت كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دابمه‌زرێنێ یان رێكى بخات، یان به‌ڕێوه‌ى ببات و ئه‌و كارانه‌ ئه‌نجام بدات كه‌ له‌ ماده‌كانى 200 و 201 و 202 هاتوون".

تارق حه‌رب:
به‌گوێره‌ى ده‌ستوور حكومه‌ت ناتوانێ 
سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ داواى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل كردووه‌


وه‌ك تێبینى ده‌كرێت له‌ یه‌كه‌میان به‌ ره‌هایى سزاى له‌ سێداره‌دان دانراوه‌، كه‌چى له‌ ماده‌ى 204 جارێكى تر ئاماژه‌ به‌ ماده‌ى 201 كراوه‌ و سزاكه‌ى گرتن له‌ 15 ساڵ كه‌متر و پێبژاردن له‌ هه‌زار دینار كه‌متر دیارى كراوه‌.
شاره‌زایانى یاسایى له‌م دوو رۆژه‌ى رابردوودا به‌ دوو جۆر قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م ماده‌یه‌ كردووه‌، یه‌كه‌میان ده‌ڵێن ماده‌ى 201 هیچ كێشه‌یه‌كى تێدا نییه‌ و وه‌ك خۆى جێبه‌جێ ده‌كرێت، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ى بانگه‌شه‌ بۆ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بكات، ئه‌وا سزاكه‌ى له‌ سێداره‌دانه‌. له‌وانه‌ ئه‌میر ده‌عمى كه‌ شاره‌زاییه‌كى یاساییه‌ لێدوانى بۆ شه‌رق ئه‌وسه‌ت داوه‌، ده‌ڵێ، "یاساى سزادانى عێراق ژماره‌ 111ى ساڵى 1969 سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ  هه‌ر كه‌سێ دیارى كردووه‌ كه‌ پروپاگه‌نده‌ بۆ زایۆنیزم و ماسۆنیه‌ت بكات و یان تێیدا ببێته‌ ئه‌ندام" دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "ئێمه‌ هێشتا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ حاڵه‌تى دوژمنایه‌تین"
كۆمه‌ڵێكى ترى یاساناسان لێكدانه‌وه‌ بۆ ماده‌كه‌ ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ ده‌كرێت لێكدانه‌وه‌ى زۆرى بۆ بكرێت و به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت ئه‌م سزادانه‌ كه‌ بۆ دۆسیه‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل دانراوه‌، له‌ ده‌ستوور نییه‌.
تارق حه‌رب كه‌ شاره‌زاییه‌كى یاسایى و ده‌ستوورى به‌ناوبانگى عێراقه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى "عه‌ره‌بى 21" ده‌ڵێ، "یاساى سزادان كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر یه‌كێك پروپاگه‌نده‌ بۆ هزرى زایۆنیزم بكات، لێره‌دا مه‌به‌ست پروپاگه‌نده‌ى حزبییه‌، واته‌ حزبه‌كان له‌ به‌رژوه‌ندى زایۆنیزم بن، له‌ناو عێراق هه‌ڵگرى بیروڕاكه‌ى بن"
دواتر حه‌رب باس له‌ ده‌ستوورى عێراق ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌و ده‌ستووره‌ى له‌ ساڵى 2005 دانراوه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ى دیارى كردووه‌ كه‌ عێراق له‌گه‌ڵیان له‌ حاڵه‌تى شه‌ڕه‌، كه‌چى ئیسرائیلى به‌ ده‌وڵه‌تى نه‌یار دانه‌ناوه‌، به‌ڵگه‌یش بۆ ئه‌مه‌ كورسى عێراق له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نزیك كورسى ئیسرائیله‌".
حه‌رب له‌ لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق بێت، ئه‌وا حكومه‌ت ناتوانێ ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ تاوانبار بزانێت كه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌ى هه‌ولێر به‌شدار بوون، چونكه‌ عێراق له‌ حاڵه‌تى شه‌ڕ نییه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل"
وه‌ك له‌ شرۆڤه‌كردنه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت، عێراق له‌ مه‌سه‌له‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل رووبه‌ڕووى گیروگرفتێكێك ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و  پێناسه‌یه‌ى بۆ ئیسرائیل كراوه‌ له‌ یاساكه‌دا، له‌ ده‌ستووردا نییه‌، ده‌ستووریش له‌ هه‌ر وڵاتێكدا بێت به‌ دایكى یاساكان ده‌ناسرێت!. 
 

به‌گوێره‌ى ده‌ستوور كێ دوژمنى عێراقه‌؟ 

تارق حه‌رب له‌ لێدوانێكى بۆ شه‌فه‌ق نیوز ده‌ڵێ، "ده‌ستوورى عێراق ناوى هیچ ده‌وڵه‌تێكى نه‌هێناوه‌، تا به‌ دوژمنى بزانێت، تاكه‌ دوژمن كه‌ له‌ ده‌ستوور ناوى هاتووه‌ تیرۆره‌". دواتریش مه‌به‌سته‌كه‌ى زیاتر روون ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "ده‌ستوور له‌ ناوخۆدا قه‌ده‌غه‌‌‌ى كردووه‌ هه‌ر قه‌واره‌یه‌كى سیاسى یان حزبى ره‌گه‌زپه‌رستى و تیرۆر و ته‌كفیر و تایفه‌گه‌رى په‌یڕه‌و بكات یان په‌یوه‌ندى به‌ به‌عسى سه‌دامییه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ناوى ئیسرائیل نه‌هاتووه‌".
یاساى سزادانى عێراقى له‌ ساڵى 1969 دانراوه‌ و كه‌ ئه‌و كاته‌ عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى به‌عس بووه‌، دواتر رژێمى به‌عس نزیكه‌ى زیاتر له‌ 100 جار هه‌موارى ماده‌كانى كردووه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ماده‌ى 201 كه‌ باس له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كات له‌ ساڵى 1975 له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ هه‌موار كراوه‌ته‌وه‌، دواجاریش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى كاتى له‌ عێراق له‌ دواى 2003 جارێكى تر هه‌مواركراوه‌ته‌وه‌. مانگى رابردوویش سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق پێشنیارى پرۆژه‌ یاسایه‌كى ترى بۆ سزادان كردووه‌.
ئه‌و كاته‌ى یاساى سزادانى عێراقى دانراوه‌، وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ حاڵه‌تى شه‌ڕ بوون له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، كه‌چى ئێستا چه‌ندان وڵاتى عه‌ره‌بى په‌یوه‌ندی ئاساییان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هه‌یه‌ و هه‌ندێكى تریش هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییان ئاسایى بكه‌نه‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین