نوچەنێت وردەكاریی شەڕە تەقەكەی مزگەوتی ڕەشاد موفتی لە هەولێر دەخاتەڕوو ناوخۆیی

هەڵگورد مەسعود: تایبەت بە نوچە نێت

لەنێو مزگەوتێكی شاری هەولێر شەڕە ڕوویدا و كەسێك برینداربوو، خاوەنی پرسەكە دەڵێت، "هیچ پەیوەندیەکمان بەو کێشەیە" نییە. ئاسایشی هەولێریش ڕایگەیاند، "پاسەوانەکانی شاڵاو هێرشیان کردۆتەسەر خاوەنی پرسەکە"، وتەبێژی لیستی (129) یەکێتی دەڵێت قسەی نەشیاو بە شاڵاو كۆسرەت گوتراوە.

لە مزگەوتی ڕەشاد موفتی ڕۆژی (30-9-2024) شەڕە تەقە ڕوویداو بەو هۆیەوە یەكێك لە بنەماڵەی خاوەن پرسەكە بریندار بوو، قەهاری سابیر عەلكە، كە یەكێكە لەلایەنەكانی ڕووداوەكە، لە شەڕی ناوخۆ باوك و مامێكی كوژراون،  دوای ڕووداوەكە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕووونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، "بنەماڵەی (قهاری سابیر علکە) پرسەیان هەبووە لە مزگەوتی (ڕەشاد مفتی) شاری هەولێر (شالاوی کۆسرەت ڕەسوڵ) بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەختەی ئەو بنەماڵەیە سەردانی پرسەکەیانی کردووە ، لە لایەن بنەماڵەی خاوەن پرسەکە پێیان گوتراوە کە پرسەکە بەجێ بهڵێت و ڕەزامەند نەبوون لەسەر سەردانەکەی ،چونکە لە ڕابردوو دووکەسی خاوەن پرسەکە بەدەستی بنەماڵەی شاڵاو شەهید کراون."

ئاسایشی هەولێر لە ڕوونكردنەوەدا ئاماژە بەوە دەكات، "بەم هۆیەوە دەبێتە دەمەقالەیان و پاسەوانەکانی شاڵاو بە بێ گوێدانە هیچ ڕێزێک بۆ حەرەمی مزگەوت و خاوەنی پرسەکە، هێرشیان کردۆتەسەر خاوەنی پرسەکە و تەقەیەکی زۆریان کردوە، لە ئەنجام هاوولاتیەک بە گوللەی پاسەوانەکانی شالاو بریندار بووە، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە یاسا سەروەرە و ئەو کەسانەی تەقەیان کردوە و لەم کارەنایاساییە بەشداربونە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."

لیستی (129) یەكێتی ڕەتیدەكاتەوە ئەوان هۆكاری شەڕەكە بن و هەروەك لە ڕاگەیێندراوی كاروان گەزنەیی وتەبێژی ئەو لیستە ڕایدەگەیێنێت، "لەکاتی بەشداری کردنی شاڵاو کۆسرەت ڕەسوول لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی (قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ وەڵامی" نەداوەتەوە.

 لە بەرامبەردا قەهاری سابیر عەلكە دەڵێت، شالاو كۆسره‌ت "به‌خۆی و كۆمه‌ڵێك چه‌كدار كه‌ زیاتر له‌وه‌ ده‌چوو بۆ ئاژاوه‌ هاتبێ نه‌وه‌كو سه‌ردانی پرسه‌ ئێمه‌ش كه‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك شه‌هیدین و شه‌هید سابیر عه‌لكه‌ و شه‌هید ره‌شید عه‌لكه‌ به‌ ده‌ستی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی شه‌هید كراون له‌به‌ر رێزمان بۆ پرسه‌كه‌مان سه‌ره‌تا شوێنی دانیشتنیشمان بۆ شالاو ئه‌و خه‌لكه‌ی له‌گه‌لی بوون دیاری كرد به‌لام هه‌ردیاربو كه‌ ئه‌وان به‌ مه‌به‌ستی ئاژاوه‌ هاتبون تاوه‌كو ئارامی شاری هه‌ولێر تێك بده‌ن و ئیدی شه‌ڕ و گرژی دروستبو و شالاو و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی بۆ ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ ده‌ستیان كرد به‌ ته‌قه‌"كردن، هەروەها ئەوەش هاتووە، باش "ده‌زانن تازیه‌كه‌ هی پارتیه‌ و هی بنه‌ماله‌ی سابیر عه‌لكه‌یه‌ چۆن ده‌بێ بچنه‌ پرسه‌كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان ئاژاوه‌ نه‌بێ دوو مانگ به‌ر له‌ ئێستا خێزانی شه‌هید سابیر عه‌لكه‌ كۆچی دوایی كرد بۆچی شالاو نه‌چوه‌ پرسه‌كه‌ی."

لەكاتێكدا هەردوولا یەكتر بە تەقەكردن تاوانبار دەكەن، خاوەنی پرسەكە و بە ناوی بنەماڵەی کۆچکردوو (مامۆستا تۆفیق حمدامین مەنتک) دوای رووداوەكە ڕایانگەیاند، هیچ پەیوەندیەکمان بەو كێشەوە نییە "کە لە کاتی پرسەی باوکمان روویداوە، باوکمان ماوەی نزیکەی دوو ساڵە تووشی نەخۆشی ببوو ئێمە دوو ساڵە خەمی دونیا لەسەر سەری ئێمەبوو بەکۆچی دوایی باوکمان کۆستەکەمان زۆر گەورە تر بوو بەداخەوە نەمان توانی پرسەیەکی شایستەی ئەو باوکە میهرەبانەمان دابێنین."

هەر لەبارەی شەڕە تەقەكەی موفتی ڕەشاد موفتی، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان، هەولێر گوتی، "ئەوەی گوێمان لێ بوو لە كەسوكاری خاوەن پرسەكە، دیارە باوكیان لە دۆخێكی ناخۆش بەدەستی لایەنی بەرانبەر شەهید بووە، كە ئەوانەی بینیوە كاردانەوە لە هەردوولاوە هەبووە، هیوادارین ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە لە داهاتوو دووبارە نەبێتەوە و ئارامیی كوردستان بە گشتی و هەولێریش وەكوو پایتەخت لە هەموو شتێك گرنگترە و بە هیچ جۆرێك هانی ئەوە نادەین هیچ كەس كێشە و گرفت دروست بكات. لە هەمان كاتدا كاندیدانیش لە هەموو حزب و لایەنەكان دەبێ ڕەچاوی هەست و سۆزی خەڵك بكەن و بزانن چۆن مامەڵە دەكەن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین