كۆمەڵ ناچێتە پەرلەمان و یەكگرتووش بەشداریی لە پێكهێنانی حكومەتدا ناكات ناوخۆیی

نوچە نێت

ئا: هەڵگورد مەسعود

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕەخنە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەگرێت و دەڵێت، "وەکو کۆمەڵ ناچینە پەرلەمان". یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش ڕایگەیاند، بەشداری لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم ناكەن و وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (26/تشرینی یەكەم/2024) عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "100٪ دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردن کراوە، بۆیە وەکو کۆمەڵ ناچینە پەرلەمان."

عەلی باپیر لە بەشێكی دیكەی گوتەكانی گوتی، "لە چەند رۆژی رابردوودا، پرۆسەیەکی زۆر گرنگ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، وەک رابردوو بە کۆمەڵێک هەنگاوی هەڵە هەرێمی کوردستانیان بێهێز کرد و قەبارەیان بچووککردەوە."

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژە بەوە دەكات، " ئێمە (7) کورسیمان هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنە دابەزی بۆ (3) کورسی، دوای ئەوەی ئێمە راستی ساختەکارییەکانمان بینی، بەلامانەوە گرنگ نییە دوای ئێمە ئەم سێ کورسییە بۆ چ لایەنێک دەبێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە پەرلەمانێک بە شایەنی خۆمان نازانین، کە نیشانەی پرسیاری لەسەر بێت و دەستی ساختەکاریی تێدا بێت."

 سەبارەت بە بەشداری نەكردنیان لە پەرلەمان عەلی باپیر گوتیشی، "بە مانای ئەوە نایێت واز لە کارە سیاسییەکانمان دەهێنین، بەڵکو ئێمە لە دەرەوەی پەرلەمان بەردەوام دەبین لە کارە سیاسی، کۆمەڵایەتییەکان و، کەرتی خوێندن و کارە خێرخوازییەکانمان."

 

 یەكگرتووی ئیسلامی: بەشداری لە حکومەتدا ناكەین و بە ئۆپۆزیسیۆن دەمێنینەوە

 هەر ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو، بەسەرپەرشتی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ڕاگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و لەبارەی هەڵبژاردنی كوردستان دەڵێت، "گفتوگۆ لەسەر ئەو كەموكورتی و خروقاتانە کرا کە لە پرۆسەكەدا روویانداوە؛ دەزگای هەڵبژاردن راسپێردرا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی دیکە بەدواداچوونیان بۆ بكات و كاری پێویست لەم بارەیەوە ئەنجام بدات."

 ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو دەشڵێت، "لە كۆبوونەوەكەدا بە كۆی دەنگ، بڕیاردرا یەكگرتوو بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم (ـی کوردستان) نەکات و، درێژەپێدەری رەوتی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی بێت لە پەرلەمانی كوردستان."

 لە ڕۆژی هەینی (18-10) دەنگدانی تایبەت و پێنجشەممە (20-10-2024) دەنگی گشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین