مێژوو، چێژ و سهرچڵێتیکردن
نوچە نێت
''گەشتکردن بەناو کات و نهێنییەکاندا''
نوسینی: پ. ی. د. کامهران محهمهد
مێژوو، لە ناوەڕۆکی خۆیدا، تەنها گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە، زنجیرەیەکی وشکی ڕۆژ و کەسایەتییەکانیش نیە. بەڵکو مۆزایکێکی زیندووە، پڕە لە ڕەنگی تێکەڵاو و نهێنی شاراوە و چیرۆک گەلێک کە گوزارشت لە ڕۆحی مرۆڤایەتی دەکات. تەنها کتێبێکی کراوە نییە، کە چیرۆکی پاشا و جەنگەکان بگێڕێتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی مرۆڤایەتییە، لە سادەترین و داهێنەرترین ساتەکانییدا. واته چنراوێکی زیندووی تهلیسم و سهرچڵیکردن و نهێنی و دۆزینەوە سەرسوڕهێنەرەکانه. لە چیرۆکی سەرنجڕاکێشی چەتە دەریاییهکان و گەنجینەکانەوە بۆ مێژووی سەرسوڕهێنەری کهرهستهکانی ژیانی ڕۆژانە، بۆیه مێژوو گەشتێکی چێژ بهخش و پڕ لە ڕووداوه چاوهڕوان نهکراوهکانه، ئهگهر بەناو کات و شوێندا گەشت بکەین، ئەوا دهتوانین پهی به گۆشە دەوڵەمەندهکانی مێژوو ببهین، کە لێوان لێون لە نموونەی سەرسوڕهێنەر، واته گەڕان بە تان و پۆکانی ڕابردوو بە هەموو وردەکارییەکانییەوە ههتا دەگاتە سەرچڵییەکی چێژبەخش.
جادووی گەڕان بەدوای گەنجینە شاراوەکاندا:
ئایا شتێک هەیە هێندەی دۆزینەوەی گەنجینەیەکی کۆن ورووژێنەر بێت؟ ئەو چیرۆکانەی دەربارەی گەنجینەکان هەمیشە ئەندێشەمان دەوروژێنن و بە گەشتێک دەمانبەنە نێو سەدە پڕ نهێنی و سەرچڵییەکان. بۆ نموونە با لە (نهێنی دوورگەی ئۆک) لە کەنەدا ڕابمێنین. لە ساڵی (١٧٩٥)، لە کاتێکدا سێ گەنجی ههرزهکار لەو دوورگە بچووکهدا دەسوڕانەوە، داچونێکی سەرنجڕاکێشی بازنهیی لە زەویدا سەرنجی ڕاکێشان. کاتێک دەستیان بە هەڵکەندن کرد، چەند چینێکی دار و ئامرازێکی نەخشێنراوی نهێنییان دۆزیەوە. بۆیه گومانێکی زۆری دهربارهی ئهوه دروستکرد، که گهنجینهیهکی شاراوه لهو ناوچهیهدا ههیه. بۆیه لەو کاتەوە ئەم شوێنە بووەتە جێگەی گەڕان بەدوای گەنجینەی گوماناویدا، کە دەوترێت هی چەتە دەریاییەکان یان سوارەی پەیکەر (فرسان الهیکل) بووە. ئەم چیرۆکە بۆ زیاتر لە دوو سەدە بەردەوام توێژهران و پشکێنهرانی بۆ لای خۆی کێش کردووه، بهڵام سەرەڕای چەندین هەڵکۆڵین، هیچ گەنجینەیهکی ڕاستەقینە نەدۆزرایەوە. تهنها دراو و ئامرازگهلێک دۆزراونەتەوە، کە ئاماژەن بۆئەوەی شتی شاراوە لهو ناوچهیهدا ههن. بۆیه ئەو دوورگەیە بۆ هەمووان وەک نهێنییەک ماوهتهوه.
ئەم چیرۆکە تەنها گێڕانەوەی هەڵکەندن و گەڕان نییە؛ بەڵکو هێمای تامەزرۆیی و خولیای مرۆڤە لە بەدواداچوون بۆ نەزانراوەکان. ئەوە ئاشکرا دەکات، کە چۆن دەتوانرێت مێژوو بۆ سەرچڵییەکی بەردەوام بگۆڕێت، هەر مشتێک خۆڵی زەوی کە هەڵدەگیرێت، ئەگەرێکی نوێ بۆ دۆزینەوەی ڕاستییە شاراوەکان سەبارەت بە ڕابردوو دروست دەکات، بەڵام گەنجینەکان تەنها ئەوانە نین کە لە زەویدا دەیانێژین. بۆ نموونە ئەگەر لە گەنجینەی هزریی وەک (دەستنووسی ڤۆینیچ) لەبەرچاو وردبینەوە، کە کتێبێکی سەدەی پازدەهەمە و بە زمانێک نووسراوە، هەتا ئێستا کۆدەکانی نەکراونەتەوە. ئەم دەستنووسە بۆ ماوەی (٦٠٠) ساڵ بۆ کریپتۆگرافەرەکان (ئهوانهی کۆدهکان دهکهنهوه) بە نهکراوهیی مایەوە، پارێزگاری له نهێنییەکانی خۆی کرد، تهنانهت کهسه پسپۆڕ و بلیمهتهکانی وهک زانای بیرکاری کۆدشکێنە بەناوبانگەکەی (ئالان تۆرینگ) و هاوکارەکەی (بلێچلی پارکی)ش نهیانتوانی لێی تێبگهن، لە کاتی جەنگی ساردیشدا، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا نەیتوانی کۆدی ئەم دەستنووسە بشکێنێت.
مێژوو گەشتێکی چێژ بهخش و پڕ لە ڕووداوه چاوهڕوان نهکراوهکانه
هەندێک لە کریپتۆگرافەرەکان، بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە دەستنووسەکەی ڤۆینیچ هێمای نوشتهی ئەفسوناوی و پەیامی نامۆی تێدایە، تەنانەت بانگەشەی بیری کۆمۆنیستیش دەکات، وەک خۆیان دەڵێن، بەڵام زۆربەی کریپتۆگرافەرەکان، دوای ئەوەی نەیانتوانی هێماکانی ئەم دەستنووسە بخوێننەوە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە تەنها دوو ئەگەر هەیە: یهکهمیان ئهوهیه که ئەم دەستنووسە تەنها نووسینێکی گاڵتەجاڕانهی ورد بووه لەلایەن نووسەرەکەیەوە و هیچ واتایەکی نییە، دووهمیشیان پێیوایه هەموو ئەو هێما و وێنانهی کە تێیدایەواتادارن، بەڵام ئهستهمه شیبکرێنەوە. تهنانهت لە ماوەی دوو هەفتەی کاری قورسدا، دکتۆر (جیرارد چێشێر)، زمانناس لە زانکۆی بریستۆڵ لە بەریتانیا، توانی بگاتە ئەنجامێکی گرنگ کە دەڵێت: ''ئەم دەستنووسە بە زمانێکی لەناوچوو نووسراوە، زمانی پرۆتۆ-ڕۆمانسی، کە لە ڕابردوودا لە زمانی لاتینییهوه وەرگیراوە، کە خەڵکی ئاسایی وهک کۆیلە و خزمەتکارانی ئیمپراتۆرێتی ڕۆمانی پێیدواون، ئهم زمانه پێشینهیهک بووه بۆ زمانی پورتگالی، ئیسپانی، فەرەنسی، ئیتاڵی، ڕۆمانی، کەتەلۆنی و گالیی''. پاشان هێماکانی شیکردەوە و گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەستنووسەکە چارەسەری گیایی و گهرماوه چارەسەرییەکان و خوێندنەوەی ئەستێرەناسی بۆ کرداری زایهندیی و بارودۆخی عەقڵیی مێینە و دایکایەتی لەخۆدەگرێت. بۆیه ئەم گەنجینە هزرییه نهێنیەکی مێژوویی بەردەوامە، کە فزوڵیەتی زانستی و ڕۆشنبیریی ئێمە دەورووژێنێت، ئیلهامی ئەوەشمان پێدەبەخشێت، کە لە قووڵایی مێشکماندا بەدوای وەڵامیدا بگەڕێیین.
مێژووی ژیانی ڕۆژانە: لە چهتاڵهوه بۆ مۆزیک
لە هەموو گۆشەیەکی ژیانی ڕۆژانەماندا، چیرۆکی سەرسوڕهێنەر لەناو ئەو شتانەدا خۆیان حەشارداوە، کە بە شتی ئاساییان دەزانین. بۆ نموونە چنگاڵێک وەربگرە. ئەم ئامرازە بچووکە، کە ئێستا لە زۆرینەی ژەمەکانماندا بەکاردەهێنرێت، سەردەمانێک جێگەی مشتومڕێکی زۆر بووە. کاتێک بیزەنتینەکان بە ئەوروپایان ناساند، لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە سەرکۆنە کرا، چونکە بە سووکایەتیکردن بە (شێوازی سروشتی خواردن) یان دادەنا، کە لەو سەردەمەدا بەکارهێنانی پەنجەکان بوو. واتە جێگەی سەرنجە، که ئامرازێکی سادەی وەک چنگاڵێک بتوانێت ئەم هەموو مشتومڕە دروست بکات! بەتایبەتیش لە هەستیارترین و کاریگەرترین ناوەندی ژیانی ئەو کیشوەرەدا کە ناوەندی ئاینی بوو.
ئەی کاغەزی تەوالێت (واتە کلێنکیس)؟ ڕەنگە ئەمە لەئەمڕۆدا وەک شتێکی ئاسایی دەربکەوێت، بەڵام سەردەمانێک لە بواری پاکوخاوێنیدا شۆڕشێکی ڕاستەقینە بوو. چینییەکان لە سەدەی شەشەمدا یەکەم کەس بوون، کاغەزیان بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنا، بهڵام له سەدەی چواردهوه بە بڕێکی زۆر بەرهەم هێنرا، ئهویش بۆ بەکارهێنانی لەلایەن ئیمپراتۆرەوە. لە خۆرئاواش (جۆزێف گایێت) لە سەدەی نۆزدەهەمدا کاغەزی تەوالێتی بازرگانی داهێنا. ئەمەش وامان لێدەکات بزانین تەنانەت سادەترین ئامرازەکانی ژیانیش چیرۆکێکیان هەیە کە شایەنی گێڕانەوەیە.
مێژوو تەنها دەربارەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو ئێستا و داهاتووشە. فێرمان دەکات چۆن لەگەڵ جیهاندا کارلێک بکەین و لە بڕیارەکانماندا ژیرتر بین.
ژیارە کۆنەکان: بلیمەتیی و سەرسامێتی
کاتێک بیر لە ژیارە کۆنەکان دەکەینەوە، پەرستگا و پەیکەرەکان بە خەیاڵماندا دێن، بەڵام ئەو سیستەمە ئەندازیاریانەی کە پێشەنگ بوون؟ لە ژیاری دۆڵی سنددا، هەزاران ساڵ لەمەوبەر (٣٣٠٠-١٣٠٠پ ز) سیستەمێکی ئاوەڕۆی پێشکەوتوویان هەبوو، کە گەرماوە تایبەتەکانیان بە تۆڕەکانی ئاوەڕۆی ناوەندییەوە بەسترابووەوە. ئەمە تەنها دەستکەوتێکی ئەندازیاریی بێوێنه نهبوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی خەمی قووڵیان بووە بۆ پاکوخاوێنی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی. لە دیوەکەی تری جیهان (هێڵەکانی نازکا) لە پیرۆ دەبینین. ئەو وێنە زەبەلاحانەی تەنها لە ئاسمانەوە دەبینرێن، مێژووهکهی بۆ (١٥٠٠) ساڵ پێش ئێستا دهگهڕێتهوه، پرسیاری زۆر دەوروژێنن: ئایا سروتی ئایینی بوون، یان نیشانەی ئهستێرهناسیی، یان کۆمەڵە نامەیەک بوون، کە ئاراستەی خوداوەندەکان کرابوون؟ ئەم تێکەڵەیە لە هونەر و بیرکاریی و ئایین هێڵەکانی نازکا دەکاتە سەرسوڕهێنەرێکی مێژوویی کە تا ئەمڕۆش زانا و مێژوونووسانی سەرسام کردووە.
سەرچڵێتی و مێژوو
مێژوو تەنها دەربارەی شتەکان نییە، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە، کە دروستیان کردووە. چیرۆکی (پێرسی فۆسێت)، ئەو گەڕیدە بەریتانییە بوو، کە لە ساڵی (١٩٢٥) لە کاتی گەڕان بەدوای شاری ونبووی (Z)، لە جەنگەڵەکانی ئەمازۆندا دیارنەما. ئەم پیاوە تەنها بە دوای شارێکدا نەدەگەڕا؛ ئەو بەدوای ئەوەدا وێڵ بوو، کە خەونێکی مرۆڤایەتی بەدیبهێنێت، ئەویش دۆزینەوەی ژیارێکی گەورە بوو، هەتا بتوانێت ڕابردوو ئاشکرا بکات. تهنانهت لێکۆڵینەوه نوێیهکانیش بەڵگەی بوونی کۆمەڵگهی پێشکهوتوویان له ئەمازۆن ئاشکراکردووه. ئەگەر باسی گەورەیی بکەین، ئەوا ناتوانین (سوپای تێراکۆتا) لە چین پشتگوێ بخەین. ساڵی (١٩٧٤) جووتیارانی چین سوپای تێراکۆتایان لە نزیک گۆڕی ئیمپراتۆر (چین شی هوانگ) دۆزیەوە. ئەم سوپا گەورەیە له سەرباز و ئەسپ و گالیسکە پێکهاتبوو، زیاتر لە (٢٠٠٠) ساڵ لەمەوبەر بۆ پاراستنی ئیمپراتۆر لە ژیانی دوای مردن دروست کرابوو.
بۆیه ئەو سوپایەی لە قوڕ دڕوستکرابوو و لەگەڵ ئیمپراتۆر (چین شی هوانگ) بە خاک سپێردرابوو، پاسهوانی جیهانی دواڕۆژ بوو. واته تەنها پەیکەر نەبوو؛ بەڵکو بەرجەستەکردنی فەلسەفەی ژیان و مردن بوو، کە لەو سەردەمەدا زاڵ بوو. هێمای داهێنەریی مرۆڤ و باوەڕیان بوو، بە ژیانی دوای مردن، وەک چۆن ئیمپراتۆر بە شێوەیەکی بێ وێنە خۆی بۆ ژیانی دوای مردن ئامادە کردبوو.
مێژوو و تێگەیشتن لە خۆمان:
مێژوو تەنها دەربارەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو ئێستا و داهاتووشە. فێرمان دەکات چۆن لەگەڵ جیهاندا کارلێک بکەین و لە بڕیارەکانماندا ژیرتر بین. بۆ نموونە شۆڕشی دیجیتاڵی بە شێوازێکی سەرسوڕھێنەرانە نزیکبوونەوەمانی لە مێژوو گۆڕیوە. ئەمڕۆ بەهۆی پڕۆژەکانی وەک پەیمانگای ڕۆشنبیری گووگڵەوە دەتوانین لە ماڵەکانمانەوە بە مۆزەخانە و دەستنووسە کۆنەکاندا بگەڕێین.
هەروەها ئامرازە مۆدێرنەکانی وەک واقیعی مەجازی، وامان لێدەکەن کە (سەردانی) شوێنە مێژووییەکان بکەین، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا بوون. تەنانەت دەتوانیت بە شەقامەکانی ڕۆمای کۆندا بڕۆیت، یان تەماشای جەنگی واتەرلۆ بکەیت، وەک ئەوەی لەوێ بیت!، بهمشێوهیه دهتوانین بڵێین مێژوو چێژبەخش و سەرنجڕاکێشە، چونکە لە کرۆکدا مرۆییە. پڕە لەو چیرۆکانەی کە کە ڕاستەوخۆ بەرەو دڵمان دەچن، لە سەرچڵیی و گەنجینەکانەوە تا مەرگەسات و سەرکەوتنەکان. واتە وامان لێدەکات پرسیار بکەین و بیربکەینەوە و خەون ببینین. ئەگەر یەک وانە هەبێت، لەم بابەتەوە فێربین، ئەوەیە کە مێژوو کتێبێکی بێزارکەر نییە، پڕ بێت لە ڕاستییە بێگیانەکان. بەڵکو ڕۆمانێکی گەورەیە، پڕە لە کەسایەتی و دیمەنەکان، کە وامان لێدەکات باشتر لە خۆمان تێبگەین.
سهرچاوهکان
- Anderson, J. Digital History: A Guide to Gathering, Preserving, and Presenting the Past on the Web. University of Pennsylvania Press, (2018).
- Grann, D.,The Lost City of Z: A Tale of Deadly Obsession in the Amazon. Doubleday, (2009).
- LeBlanc, M., The Curious History of Everyday Items. HarperCollins, (2021).
- Loewe, M., The First Emperor: China’s Terracotta Army. British Museum Press, (2007).
- Possehl, G., The Indus Civilization: A Contemporary Perspective.AltaMira Press, (2003).
- Smith, M., The Oak Island Mystery. Nova Scotia Historical Society, (2019).
- What You Need to Know About China’s Terra-Cotta Warriors and the First Qin Emperor, (APRIL 19, 2024), (https://www.smithsonianmag.com/history/what-you-need-know-about-chinas-terra-cotta-warriors-first-qin-emperor-30942673/).
- Wilson, C., Consider the Fork: A History of How We Cook and Eat، Basic Books, (2012).
- ليث سهر: المخطوطةالأكثرغموضاًفيالعالمتفشيأسرارها، (2019-05-18)، (المخطوطة-الأكثر-غموضا-في-العالم-تفشي/https://al-aalem.com)
- ألغاز تاريخية محيرة: بحث مثير في أكثر الأحداث غموضًا على مر الزمن، الفصل السابع، ما هي خطوط نازكا؟، (https://www.hindawi.org/books/92618406/7/)
وێنهکان
.jpeg)
.jpeg)
.jpeg)
.jpeg)
.jpeg)
دوورگەی ئۆک مێژوو تەنها دەربارەی ڕابردوو نییە؛ بەڵکو ئێستا و داهاتووشە. فێرمان دەکات چۆن لەگەڵ جیهاندا کارلێک بکەین و لە بڕیارەکانماندا ژیرتر بین.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment